که‌موکوڕییه‌کانی کەرتی ته‌ندروستی تاوتوێکرا

رۆژی یه‌كشه‌ممه 6/9/2026، دانیشتنی ژماره 15ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له وه‌رزی دووه‌می ساڵی یه‌كه‌می یاسادانان، به‌ڕێوه‌چوو.
له سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا چه‌ند په‌رله‌مانتارێك داوایان له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد ده‌ستوه‌ردان بكات له پرسی پێنه‌دانی زانیاری و دۆكیومێنته‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانه‌وه، چونكه هه‌ندێك له وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان ده‌یانه‌وێت به‌ڵگه و زانیاریی پێویست نه‌ده‌ن به په‌رله‌مانتاران. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش وتی: به‌گوێره‌ی مادده‌ی 61ی ده‌ستوور، په‌رله‌مانتار مافی هه‌یه داوای زانیاری له وه‌زاره‌ت و ده‌سته و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان بكات، به‌ڵام سه‌ره‌تا له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه داواده‌كرێت، ئه‌وه‌ش كارئاسانی بۆ په‌رله‌مانتاران ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه زانیارییه‌كه وه‌رده‌گرێت.
دواتر په‌رله‌مانتارێك ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه یاسای ژماره 13ی ساڵی 2018* ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی دیاریكردووه. له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاریدا به بانگهێشتكردنی (ئه‌میندارێتیی گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران) بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته روونكردنه‌وه‌ی پێویست بخرێته‌ڕوو. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، په‌رله‌مانتارێكی دیكه ئاماژه‌ی به مادده‌كانی 51 و 61 (*)ی ده‌ستوور كرد.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه درا، نابێت به‌هۆی لیژنه‌كانه‌وه، رۆڵی (تاكه‌كه‌سی) په‌رله‌مانتار كه‌مبكرێته‌وه له چاودێریكردنی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی حكومه‌تدا. دواتر په‌رله‌مانتارێكی دیكه باسی له‌وه كرد كه پێویسته جیاوازی له‌نێوان (زانیاری و به‌ڵگه‌نامه) بكه‌ین، به‌ڵگه‌نامه بابه‌تێكی گرنگه و ره‌نگه حكومه‌ت مافی خۆی بێت پێداگریی له‌سه‌ر بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی هه‌ندێك له به‌ڵگه‌نامه‌كان بكات، به‌ڵام په‌رله‌مانتار مافی خۆیه‌تی داوای هه‌موو زانیارییه‌ك بكات كه تایبه‌ته به كاری چاودێریی.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، لیژنه‌یه‌كی كاتی، كه له 10 په‌رله‌مانتار پێكهاتووه، راسپارد بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ته‌ندروستیانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی ژماره 13دا تاوتوێكران و تایبه‌تبوون به جیاوازیی نرخی ده‌رمان و خراپیی دۆخی هه‌ندێك له نه‌خۆشخانه‌كان و دۆخی نۆرینگه‌كان. پێویستیشه لیژنه‌كه له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا، راپۆرت و ئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كه‌یان پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن.
شایانی باسه، له كۆبوونه‌وه‌ی ژماره 13ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا، كه رۆژی 26/8/2026 به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆیه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه كرا له‌سه‌ر پرسی كه‌موكوڕییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی له عیراقدا، بۆ به‌دواداچوونی زیاتریش لیژنه‌یه‌ك به ئه‌ندامێتیی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی (ته‌ندروستی، ده‌ستپاكی، خزمه‌تگوزاری، یاسایی) پێكهێنرا و داواكرا میوانداریی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی فیدراڵ بكرێت.
*مادده‌ی 15 له یاسای ژماره 13ی ساڵی 2018 ده‌سه‌ڵاتی به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران (په‌رله‌مانتاران) داوه نووسراوی تایبه‌ت به داواكردنی داتا و زانیاریی ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت بكات، پێویسته حكومه‌تیش له ماوه‌ی 15 رۆژدا وه‌ڵامی بداته‌وه.
*مادده‌ی 51ی ده‌ستوور ده‌ڵێت: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌یڕه‌وی ناوخۆی خۆی داده‌نێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی.
*مادده‌ی 61ی ده‌ستوور ده‌ڵێت: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌رپرسیار ده‌بێت له‌مانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: ده‌ركردنی یاسای فیدراڵی. دووه‌م: سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌دای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن. سێیه‌م: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار. چواره‌م: رێكخستنی پرۆسه‌ی په‌سندكردنی په‌یماننامه و رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ڕێگه‌ی یاسایه‌كه‌وه، كه به زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رچووه. پێنجه‌م: په‌سه‌ندكردنی دامه‌زراندنی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: سه‌رۆك و ئه‌ندامانی دادگای فیدراڵی و داواكاری گشتی و سه‌رۆكی كۆمسیۆنی چاودێریی دادوه‌ری، به زۆرینه‌ی ره‌ها له‌سه‌ر پێشنیازی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری. دووه‌م: باڵیۆز و هه‌ڵگرانی پۆستی پله تایبه‌ت، له‌سه‌ر پێشنیازی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. سێیه‌م-سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا و جێگره‌كانی و ئه‌وانه‌ی پله‌ی فه‌رمانده‌ی فیرقه، یان به‌رزتریان هه‌یه، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری، له‌سه‌ر پێشنیازی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
*ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران




