بانکی جینی، قەڵای پاراستنی سامانی رووەک

لە جیهانێکی پڕ لە گۆڕانکاری و هەڕەشەدا، بانکە جینییەکان یان کۆگا جیهانییەکانی جینات، پێگەی ستراتیژین بۆ پاراستنی سامانی زیندەیی گۆی زەوی، ئەم ناوەندانە شوێنگەی پاراستنی زانستن کە داهاتووی کشتوکاڵ، پزیشکی و هاوسەنگیی ژینگەیی لەسەر وەستاوە. لە بەرامبەر هەڕەشە مەترسیدارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و لەناوچوونی جۆراوجۆریی بەهۆی نەخۆشییەوە، بانکی جینی وەک پارێزەرێک کار دەکات بۆ پاراستنی ئەڵقەکانی زنجیرەی ژیان.
بانکی نیشتمانیی جینات وەک لایەنێکی پێشەنگ لە پاراستن و بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوە ژینگەییانەدا کار دەکات ئەویش لە رێگەی کۆکردنەوە، پاشەکەوتکردن و لێکۆڵینەوە لە ماددە بۆماوەییەکانی رووەک، ئاژەڵ و وردە زیندەوەرەکانەوە، راستییەکەشی گرنگترین بنەماکانی پاراستنی جۆراوجۆریی زیندەیی پاراستنی هەمەجۆریی رووەک، ئاژەڵ لە مەترسیی لەناوچوونی هەمیشەیی دەپارێزن کە بەهۆی چالاکیی مرۆڤ یان گۆڕانی کەشوهەواوە هەڕەشەیان لەسەرە.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و هەنگاوە کردارییەکانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت یەکەمین بانکی جینی تۆوی رووەکی (جین بانک) لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان کردەوە کە هاوکاتە لەگەڵ گەشەسەندنی هۆشیاریی زانستی و ژینگەییدا، ئێستا گرنگیدان بە دروستکردنی بنکە و پرۆژەی تایبەت بە پاراستنی سامانی زیندەیی بووەتە پێویستییەکی ستراتیژی.
شاری سلێمانی، بەوەی هەمیشە پێشەنگی فیکری و ئەکادیمی و مەدەنی بووە، لەم بوارەشدا هەنگاوی کرداریی ناوە و هەوڵی بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی پتەو داوە، بۆ پاراستنی سەرجەم رووەکەکانی کوردستان و ناوچەکە کە هاوکات دەبێتە هۆی بووژانەوەی سێکتەری کشتوکاڵ.



