كەنەدا، نیشتمانی هاوبەشی كەلتورە جیاوازەكان

كەنەدا، لە رووی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەوە وڵاتێكی گرنگ و پێشەنگە، ئەم وڵاتە دەكەوێتە بەشی باكوری كیشوەری ئەمریكای باكور، رووبەرەكەی 9984670 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە دوای روسیای فیدراڵ بە دووەم گەورەترین وڵاتی جیهان لە رووی رووبەرەوە دادەنرێت. بەپێی سەرژمێریی فەرمیی ساڵی 2025 ژمارەی دانیشتوانی 41 ملیۆن كەسە و ٪80ی دانیشووانی لە نزیك سنووری ئەمریكا دەژین. لە 10 دەڤەر و 3 هەرێم پێكهاتووە و شاری ئۆتاوا پایتەختی وڵاتە.
كەنەدا بە وڵاتی كەلتورە جیاوازەكان ناسراوە، 450 گروپی رەگەزی و كەلتوری لەو وڵاتەدا دەژین. زمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی زمانی فەرمین، چەندین زمانی دیكەی ناوخۆیی دانپێدانراو هەن كە هاووڵاتییان و پەنابەران قسەی پێدەكەن و بەكاری دەهێنن.
لە زۆربەی دەڤەر و هەرێم و پارێزگاكان، لە ئیدارە و خوێندن و میدیا زمانی ئینگلیزی بەكاردەهێنن، زمانی فەرەنسی لە دەڤەری كیبیك و هەندێك ناوچەی ئۆنتاریۆو مانیتوبا بە كاردێت. زمانەكانی ئینكتیتوت و كری و ئۆجیبوی، كە زمانی دێرینی دانیشتیووانە رەسەنەكانە لە ناوچەكانی خۆیان بەكاری دێنن، حكومەت و دامەزراوە كەلتورییەكان لە هەوڵی پاراستنی ئەو زمانە كۆنانەن، كە تا رادەیەك پاشەكشەیان كردووە و بەرەو لەناوچوون دەچن.
زمانەكانی پەنابەران لە كەنەدا دانیان پێدانراوە و لە چوارچێوەی سیاسەتی فرەیی زمان و كەلتوردا بایەخیان پێدەدرێت، لەوانە زمانەكانی (چینی، ئیسپانی، ئیتاڵی، بەنجانی، عەرەبی، كوردی و…هتد).
رووخسارەكانی هەمەچەشنی كەلتوری بە شێوازی جیا جیا لە وڵاتی كەنەدا دەردەكەوێت، هەندێ لە شارەكان نموونەی جیهانیی هەمەچەشنی كەلتورین، بۆ نموونە شاری تۆڕۆنتۆ دەیان گروپی كەلتوری جیاوازی لە ئامێز گرتووە، ڤانكۆڤەر بە هەمەچەشنیی كەلتوریی ئاسیایی و جیهانی ناسراوە، مۆنتریان كەلتوری فەرەنسی و چەندین كەلتوری دیكەی بەرجەستە كردووە.
هەمەچەشنیی كەلتوریی لە هەموو كار و چالاكییە هونەری و ئەدەبی و میدیاییەكانی وڵاتی كەنەدا رەنگی داوەتەوە. هەمەچەشنیی كەلتوری و فرەیی زمان بایەخی زۆری هەیە و دەبێتە هۆی داهێنانی نوێ لە بوارەكانی زانست و هونەر و ئابووری، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی كراوە و كەمبوونەوەی توندڕەوی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكان و پشتیوانی ئابووری لە كەرتەكانی بازرگانی و تەكنۆلۆژیا و پەروەردە و خوێندن و گەشتیاری و پتەوكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە رێگەی پردی پەیوەندیی كەلتوریی نێوان كەنەدا و وڵاتانی دیكەی جیهان.
سەرباری سەركەوتنی نموونەی فرەیی زمان و كەلتوری كەنەدا، بەڵام رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەك دەبێتەوە، لەوانە: مەترسی لەناوچوونی زمانی دانیشوانە رەسەنەكان و رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی و جیاكاری لە هەندێ بواردا و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ناسنامەی نیشتمانی و ناسنامە كەلتورییە جیاوازەكان و ئاوێتەكردنی پەنابەرانی نوێ لە كۆمەڵگەی كەنەدی لەگەڵ پاراستنی ناسنامەی كەلتوریی خۆماڵیان.
كەنەدا وەك سەرچاوەی هێز و داهێنان، سەیری هەمەچەشنی كەلتوری و نەتەوەیی دەكات. هەر بۆیەش حكومەتی كەنەدا دانیناوە بە هەموو گروپە جیاوازەكاندا بۆ پاراستنی كەلتور و زمان و دابونەریتیان لە چوارچێوەی دەستور و یاساكانی هاووڵاتیبوونی هاوبەشدا.
هەمەچەشنیی كەلتوری بەمانای بوونی كۆمەڵێك كەلتوری جیاواز لە كۆمەڵگەیەكدا دێت، كە داب و نەریت و هونەر و ئەدەب و باوەڕ و ئایین و شێوازی ژیان دەگرێتەوە. هەمەچەشنی كەلتوریی كەنەدا، لە كارلێكی كەلتوریی دانیشتوانی رەسەنی وڵات و كەلتوری بەریتانی و فەرەنسی و كەلتوری پەنابەرانی وڵاتە جیاوازەكانەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەمەچەشنیی زمان، بە مانای بوونی چەند زمانێكە لە كۆمەڵگەدا و داننان بە مافی تاك و گروپەكان بۆ ئەوەی بە ئازادی زمانەكەیان بەكاربهێنن.
سەرباری بوونی هەردوو زمانی فەرمیی ئینگلیزی و فەرەنسی لە كەنەدا، دەیان زمانی دیكەی دانیشتووانی رەسەنی سەرەتا و سەدان زمانی پەنابەران دانیان پێدانراوە و كاریان پێدەكرێت.
لە ساڵی 1971 حكومەتی كەنەدا سیاسەتی فەرمیی فرەیی كەلتوریی دەركرد، ئامانج لەو سیاسەتە، پاراستنی كەمینە كەلتورییەكان و پشتیوانی ئاوێتەبوونی پەنابەران لەگەڵ كۆمەڵگەی كەنەدی و پاراستنی ناسنامەیان و قەڵاچۆكردنی بیری رەگەزپەرستی و جیاكاری و هاندانی بەشداریی سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی هەموو هاووڵاتییان بە بێ جیاوازی. بۆ زیاتر بایەخدان بە هەمەچەشنیی كەلتوریی، ساڵی 1988 پەرلەمانی كەنەدا، یاسای فرەیی كەلتوریی دەركرد و جەختی لەسەر بایەخی زۆری هەمەچەشنیی كەلتوریی هەموو دەنگ و رەنگەكان لە گەشەپێدانی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا كردەوە.
فرەیی زمان و كەلتور لە كەنەدا نەبۆتە هۆی لاوازی و دابەشبوون، بەڵكو بۆتە فاكتەری بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەت و پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی فرەیی كراوە و زامنكردنی مافی هەمووان لە سایەی نیشتمانی هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەكان.



