کام جۆری خەبات، ناوەوە و دەرەوەی وڵات کام گۆڕەپانەیان گرنگترن؟

ئەگەر ئێستا بەشێک لە خۆبەڕێوەبەریی پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان و هەندێکیش لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوا لە هەلومەرجی ئێستای گۆڕاودا خەباتی دەرەوە بایەخەکەی زەمینەکەی زۆر بەرفراوانتر و کاریگەرتر بووە.
ئێمە لە ئێستایەکدا دەژین خەباتی دیپلۆماسی و لۆبیکردن و بەرەو پێشبردنی سیاسەتی دەرەوە، بەهای زۆرتر بووە.
کاریگەرییەکانی لەسەر ناوەوە زووتر بەدەر دەکەون.
لە کرانەوەی جیهان بە رووی یەکتردا، وایکردوە لێکەوتەی ئەم خەباتە زۆرتر جێ بگرێت.
بەتایبەتی ئێستا کورد لەناوەوەی وڵات و بە دیاریکراویش لە هەرێمی کوردستانی عیراق و ئینجا رۆژئاوای کوردستانیش بە شتێک جیاوازییەوە کورد خاوەنی خاک و خۆ بەڕێوەبردنە.
لۆبیکردنی خەباتی مەدەنی
جەخت دەکەمەوە ئەگەر کوردستان لە رێگەی لۆزانەوە دابەشکرا بەسەر چوار دەوڵەتدا، کۆمەڵکوژیی و کارەساتەکان خەڵکێکی زۆری کورد لەسەر ماڵ و حاڵی خۆی راوەدوو نراو روویان کردە تاراوگە، بە جۆرێک ئێستای کۆمەڵی کورد لە هەندەران بە بەشی پێنجەمی بێ نیشتمان، دەتوانین ناوزەدی بکەین.
کە کاریگەرییان لە رووی سیاسی و مرۆیی و ئابوورییەوە بەسەر هەر چوار بەشەکەی تری نیشتماندا هەیە.
لەسەردەمی ئاوابوونی جووڵانەوەی چەکداری بۆ بەدەستهێنانی مافەکان، جووڵانەوەی دیپلۆماسی و لۆبیکردنی خەباتی مەدەنی لە دەرەوەی وڵات، بڕێکی زۆر لە بۆشاییەکان پڕ دەکاتەوە و هەوڵەکان باشتر جێ دەگرن.
ئەرکی پارتە سیاسییەکان بەگشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە وەک هێزێکی نیشتمانیی بەرپرسیار لەبەرامبەر هەموو پرسی کورد، ئەم رۆڵە زیاتر ببینێ و بۆ ئەو مەبەستەش ئەم باسە دەکەینە بنەمای گفتوگۆی تەگبیرکردن، بیروڕاگۆڕینەوە.
لە کوێدا ئێمە دەتوانین پێکەوە دروشمێک بەرز بکەینەوە لە کوێدا دەتوانین زیاد لە دروشمێک بەرز بکەینەوە و هاوتەریب دروشمەکانمان جۆگە جۆگە بچێتە رووباری خەباتی کوردایەتی نوێوە؟.
مەبەست لە کوردایەتی نوێ بریتییە لە بە قوربانیکردنی بەرژەوەندیی کەسی و حزبی بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان.
یا تواندنەوەی بەرژەوەندیی حزبی و کەسی لە بۆتەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتماندا.
لێرەدا بەرجەستەترین نموونەی پڕبوونی شەقامەکانی پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، کەنەدا لە بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان، دەتوانین بکەینە بنەمایەکی بەهێز بۆ ئەو جۆری خەباتی پێکەوەییە لە دەرەوەی وڵات.
رۆڵیان لەناو حزبەکانی ئەواندا هەیە
زانراوە حزبەکانی کوردستان وەک حزب لە دەرەوەی وڵات کەمتر مۆڵەت دەدرێن چالاکی بکەن، پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و رێکارە دەرفەت پێدراوەکان کەناڵی خەبات بگرنە بەر.
لەهەمان کاتدا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ بەشداریی سیاسی لەناو پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ ئەو کوردانەی رەگەزنامەی وڵاتانیان هەیە.
لە رێی ئەو جۆرە بەشدارییەوە دەتوانن ببنە هێزێکی کاریگەر لەناو پەرلەمان و حکومەتەکان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکانی وەک شارەوانییەکان.
یاخود بوون بە ئەندام لە رێکخراوە لۆکاڵی و ئەنتەرناسیۆناڵەکان و لەناو ئەو رێکخراوانەدا کورد جێ بگرێت و خەباتەکەی ئاوێتەی ئەو پرەنسیپە مرۆییە گەردوونیانە بکات.
یان لەناو دامەزراوە ئەکادیمیەکاندا چ وەک مامۆستا یا رێکخراوەکانی خوێندکاران بەشداریی سیاسی بکەن بۆ ناساندنی دۆزی گەلی کورد و هاوسۆزیی و پشتیوانی بۆ دروستکردنی.
لە ساڵانی رابردوودا بەدیاریکراوی دوای روخانی رژێمی سەدام، لەناو پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپادا چەند هەوڵێک دران بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی کە دەرهەقی ئەنجام دراون، ئەو هەوڵانە کاریگەرییان هەبووە لە دەرخستنی زیاتری رووی راستەقینەی داگیرکەرانی کوردستان.
با واش فۆرمەڵەی باسەکە نەکەین کە دونیا لە کۆمەڵکوژی کورد و ئەنفال و کیمیاباران ئاگادار نەبوون لە کاتی خۆیدا. ئێستا ئێمە بێین بەوانی بناسێنین، نا بەڵکو هەلومەرجی ئەو زەمانە و بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، وایکردبوو نەک هەر بێدەنگ بن، بەڵکو هەندێک وڵات بەشێک بێ لە تاوانەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی.
بە گۆڕینی بارودۆخەکان هەردوو جۆری خەبات بە هاوتەریبی و یەکتر تەواوکردن پێویستن، ساڵانێکی زۆر تەرازوو لەنێوان ئەم دوو پایەدا نەبوون یەکێک لە هۆکارەکانی دامرکاندنەوەی جووڵە و بزاوتەکانی ناوەوە نەبوون یا کەمیی جۆری دووەمی خەبات بووە.
بە تێگەیشتن لە هەلومەرجی ئێستای دونیا، بوونی هێزێکی کاریگەری مرۆڤی کورد لە دەرەوە، خەباتی دیپلۆماسی و سیاسی و کەلتوریی کورد لە دەرەوە، هەم کاریگەرترە هەم زەمینەکەی رەخساوترە بۆ هاوتەریب بوون لەگەڵ خەباتی ناوەوە.

کورد توانییوەیەتی لەرێگەی ئەو کوردانەی هەندەرانەوە، دەنگی خۆی بگەیەنێتە جیهان




