ئێمە شایەنی ئەم میدیایەین؟

سوکرات دەڵێ: ژیان بیرکردنەوەی تێدا نەبێت، شایەنی ئەوە نییە بژیت!
کاری میدیا، تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکە لە پاڵ خێزان، پەروەردە، کۆمەڵ و ئایین، کار لەسەر داڕشتنەوەی هۆشیاریی تاک و بەها کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەی تاک دەکات، مرۆڤ لەسەر بیرکردنەوەی دروست رادەهێنێت.
لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی فرەیی میدیا و نەبوونی چاودێری و رکابەرییەکی نادروست بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤیو، بەکارهێنانی زمانێکی ئاستنزم و زەقکردنەوەی گوتارێکی پۆپۆلیستیی کرچ و کاڵ و پووچ بوونەتە ماکێکی ترسناک و لەسەر رەفتار و گوفتاری تاکەکان دەرکەوتووە.
ئەم جۆرە گوتارەی میدیا (بە گشتی) بەم زمانە نامیدیاییە لە جیاتی پەروەردەکردنی تاک، گەمژەیی بەرهەم دەهێنێت، کاتێک میدیا دەبێتە سەکۆی کەسانێکی زمان داخوراو، بە زمانی سووکایەتی و ناوزڕاندن و شکاندنی شکۆی مرۆڤ (بە تایبەتیی منداڵان) قسە دەکەن، زمانی جنێو و هەرزانکردنی کەرامەتی مرۆڤ لای نەوەی نوێ دەبێتە کارێکی ئاسایی و پێی وادەبێت کە میدیا دەبێت وابێت.
ئەم جۆرە میدیایە کە کێشە قووڵەکانی کۆمەڵگە، وەک: ئابووری، پەروەردە، زمان، ژینگە و…هتد دەگۆڕێت تەنیا بۆ ململانێی کەسی، بابەتی لاوەکی، فێستیڤاڵی ورگ و بۆنەی ساختە، ئامانجەکەی بەرهەمهێنانی تاکی ئاست نزم و بیرنەکەرەوەیە لە رێگەی سڕکردنی مێشکی تاک و کۆمەڵگە و وای لێدەکات تەنیا بە دوای هەواڵە ورووژێنەرەکاندا بگەڕێت. بەم هۆیەشەوە زمانی پاراو و گوتاری ئەقڵانی دەبنە قوربانیی زمانی زبر و هەڵچوو و پۆپۆلیستی، ئەمە وایکردووە زمانی میدیای کوردی ئاستی دابەزێت بۆ زمانێکی بازاڕی و هەژار.
میدیا دەبوو لە رێگەی گوتارێکی نیشتمانییانەی بەرپرسیارەوە پارێزەری بەهاکان بێت، بەڵام کاتێک دەبێتە سەرچاوەی شێواندنی باڵایی زمان و داڕماندنی هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵ، سنوورەکانی نێوان راستی و درۆ، یان رێز و بێ رێزی تێکەڵ دەبن، متمانەی تاک بە سەرچاوەکانی زانیاری و میدیاییەکان دادەڕمێت.
ئەگەر سەرپێیانە لە گوتاری میدیای کوردی (بەشێکیان) وردبیتەوە، درک بەوە دەکەیت کە لەبری بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاک لە رێی دەستەبژێری خاوەن بەهرە و زانیاری و هەڵگری بەرپرسیارێتی، بووە بەهۆی ناساندنی کەسانی بێ بەهرە و هیچ لەبارا نەبوو، وەک ئەستێرە نیشانیان دەدات و بانگەشەیان بۆ دەکات، ئەمەش وا دەکات مێرمنداڵان لاسایی ئەوان بکەنەوە نەک زانا و نووسەر و کەسە بەرهەمهێنەرەکانی زانست و زانیاری و هۆشیاری.
زمانی کوردی وەک کۆڵەکەی ناسنامە بۆ کورد، کە نیشتمانی ئێمەیە، لەناو میدیای ئاست نزمدا بە گوتاری نابەرپرسانەی رقئامێز و بە تێکەڵکردنی بیانی، بەکارهێنانی دەستەواژەی نامۆ، پرسیاری نابەجێ و بێ ئامانج، تابووشکێنی، رێزنەگرتن لە بەها نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکان و کەلتوری کوردی دەشێوێنرێت، ئەمەش لەسەر ئاستی درێژخایەن زیان بە ژێرخانی کەلتوریی نەتەوەییمان دەگەیەنێت.
ئەو کەلتورەی بەشێکی زۆر لە میدیای کوردی کاری بۆ دەکات، لە رێگەی ئەم جۆرە گوتار و ئەم بابەت و زمانەی پێشکەشی دەکەن، زەقکردنەوەی جیاوازییەکان و سادەکردنەوەی برینە قووڵەکان و رێگریکردنە لە بیرکردنەوە، رەنگە لەو راستییە گەیشتبن کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی مەیلی بۆ کەمترین هەوڵ هەیە.
مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەک پەرەی سەندووە کە دەیەوێت وزە پاشەکەوت بکات، هەر بۆیە ئەگەر بۆی بلوێ پەنا بۆ شتە سادە و ناسراوەکان دەبات و لە شتە ئاڵۆزەکان رادەکات کە پێویستیان بە ماندووبوونی مێشک هەیە. فریدریش نیچە، پێیوایە ئەمە مەترسیدارترین قۆناغی مرۆڤایەتییە، چونکە مرۆڤی تەمبەڵ و سادەخواز توانای داهێنان و تێپەڕاندنی خۆی نییە. ئەگەر سەیرێکی وردی میدیای کوردی بکەین، بە تایبەت لە سۆشیاڵ میدیا و هەندێک کەناڵی ئاسمانی، دەبینین بە شێوەیەکی مەترسیدار سوود لەو لاوازییەی سروشتی مرۆڤ دەبینێت.
بە وتەی مارتن هایدیگەر، مرۆڤ بە سروشت حەز دەکات تەنیا ئەو شتانە بڵێتەوە کە خەڵکی دیکە دەیڵێن و سەیری ئەو شتانە بکات کە هەمووان سەیری دەکەن. ئەم تێگەیشتنەش بۆ سادەخوازیی مرۆڤ دەرفەتی داوە بە خاوەن میدیاکان بۆ کۆنترۆڵکردنی، بە مەبەست بابەتی سادە و بێ سوود بڵاوبکەوە، چونکە دەزانن کاتێک مرۆڤ مێشکی فێری بابەتی سادە و کات بەسەربردن دەبێت، وزەی بۆ بیرکردنەوە لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گەورەکان نامێنێت.
ئەرستۆ دەڵێت؛ بەختەوەری لە تەمبەڵی و سادەییدا نییە، بەڵکو لە چالاکیی ئەقڵانیدایە. مرۆڤ تەنیا کاتێک دەبێتە مرۆڤێکی راستەقینە کە بەسەر حەزە نزم و سادەکانیدا زاڵ بێت و روو لە زانست و زانیاریی بکات.
ئێستا میدیای کوردی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ یان دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەی ئەقڵانی کۆمەڵگە، یان دەبێتە هۆکاری داڕمانی ئەخلاقی و پەروەردەیی. رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ئەرکێکی هەرەوەزییە و کاریگەرترین چەک بە دەست جەماوەرەوە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بایکۆتی بینینە، لە نەبینین و لایک نەکردنەوە دەستپێدەکات. بینەر سەیری ڤیدیۆ و بەرنامە و هەواڵی ئاستنزم نەکات، کە بە هۆیەوە سپۆنسەر و لایک و بینەر کەم دەبنەوە و میدیاکە ناچار دەبێت شێوازەکەی بگۆڕێت.
کەواتە ئەرکی میدیای بەرپرس و پەروەردە و توێژەرانە مرۆڤ لەو سادەییە کوشندەیە رزگار بکەن و فێری بکەن کە جوانی و راستی لە قووڵایی و بیرکردنەوەدایە، نەک لەو شتانەی کە بە ئاسانی دەستدەکەون.
پێویستە رەخنەگرانی زمان و گوتار و کۆمەڵناسان و توێژەران بەردەوام لەسەر زیانەکانی ئەم جۆرە گوتارە بنووسن و کۆمەڵ هۆشیار بکەنەوە، هەمیشە لە خۆیان بپرسن ئایا بە راستی کۆمەڵی ئێمە شایەنی ئەم جۆرە میدیایەیە؟ ئەگەر نا، ئەم ئاوەی رژاوە دەبێت بە قوڕاو.





