ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

کاتێک بیابان فێری ئاخاوتن لەگەڵ داهاتوودا دەبێت

کاتێک گوێمان لە ناوی (کەنداوی عەرەبی) دەبێت، یەکەم شت کە دێتە مێشکمانەوە نەوتە! بیابانێکی پڕ لە بیرە نەوت کە زێڕی رەشی تێدایە، دەیان ساڵە ئابووری جیهان بەڕێوەدەبەن، بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت خەریكە پێمان دەڵێت ئەم سەردەمە ئیدی بەرەو کۆتایی دەڕوات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە یارییەکە بە تەواوی دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە سەرنجی بخەینە سەر ئەوەیە کە چیرۆکەکە لە (هێزی نەوت)ەوە دەگۆڕێت بۆ (هێزی زیرەکیی دەستکرد!) 

 زیرەکیی دەستکرد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر (کۆپی-پەیست)ی توێژینەوەی خوێندکارەکان سەیر دەکەن، لەبری ئەوەی وەک هەلێکی ستراتیژیی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و پەروەردە و تەندروستی تەماشا بكرێت

زیرەکیی دەستکرد یان هەمان  (AI)، تەنیا ئەپێک نییە لەسەر موبایلەکەت هەبێت و کاری پێبکەیت؛ بەڵکو پێویستی بە بڕێکی خەیاڵی لە کارەبا و ئاو بۆ ساردکردنەوە و هەزاران چیپی زۆر پێشکەوتوو هەیە، کە ئەم سیستمە بەڕێوە دەبات، وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات لەمە زۆر باش تێگەیشتوون، ئەوان چیتر تەنیا وەک سەرچاوەی وزە سەیری نەوت ناکەن، بەڵکو دەشیانەوێت پارەی نەوتەکە بکەنە ژێرخانێکی گەورەی هەژمار و داتاكانی زیرەکیی دەستكرد، بۆ نموونە، سعودیە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی دروستکردووە بە ناوی (هومەین -HUMAIN)، لەگەڵ کۆمپانیای جیهانی (ئێنڤیدیا – NVIDIA Corporation) هاوبەشی دەکات بۆ ئەوەی بە سەدان هەزار پرۆسێسەری زەبەلاح لە ماوەی پێنج ساڵدا دامەزرێنێت. لە لایەکی ترەوە، ئیمارات خەریکی بنیاتنانی ناوەندی داتای گەورەیە و دەیەوێت ببێتە پردی بەیەکگەیشتنی تەکنۆلۆژی لەنێوان ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا.
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئایا ئەم دوو وڵاتە  تەنیا بە کڕینی چیپ و دروستکردنی باڵەخانەی گەورە، دەبیتە زلهێزی تەکنۆلۆژیا؟ وەڵامەکەی بێگومان نەخێرە!
جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی پارەت هەبێت و ئامێر بکڕیت، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئەقڵ و زانستەکەی بێت. دەسەڵاتدارانی کەنداو خۆشیان باش دەزانن کە ئەگەر تەنیا پشت بە تەکنۆلۆژیای ئەمریکی و شارەزای بێگانە ببەستن، لە کاتی هەر گرژییەکی سیاسی، یان جەنگدا، وەک ئەوەی لە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا بینیمان، تەواوی ئەم ژێرخانە روبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.
کەواتە تاقیکردنەوە راستەقینەکە بۆ ئەوان ئەوەیە: ئایا دەتوانن گەنجی خاوەن بەهرەی خۆیان پەروەردە بکەن؟ ئایا دەتوانن لە بەکارهێنەرێکەوە بببنە دروستکەری مۆدێل و بەرنامەکان؟
زیرەکیی دەستکرد و ماڵی کوردی
دوای ئەوەی زانیمان دراوسێکانمان چۆن بیر لە 50 ساڵی داهاتوو دەکەنەوە، با بێینەوە ماڵی خۆمان، با بێینەوە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان! کاتێک جیهان کێبڕکێ لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی زیرەکیی دەستکرد و دروستکردنی سوپەر کۆمپیوتەر دەکات، ئێمە لە کوێی ئەم هاوکێشەیەین؟ بە داخەوە، لە عیراق و هەرێمی کوردستان، ئێمە نەک هەر لەم بازاڕەدا نین، بەڵکو هەر بیر لەم بابەتەش ناکرێتەوە!
لێرە هێشتا گەورەترین دەستکەوتی ئابووریی سەرکردەکانمان ئەوەیە کە ئایا مووچەی ئەم مانگە دابەش دەکرێت یان نا؟ هێشتا کێشەی سەرەکیمان ئاو و کارەبای 24 کاتژمێرییە! سەرچاوەی داهاتمان ٪100 بەستراوەتەوە بە هەمان ئەو نەوتەی کە جیهان خەریکە پشتی تێدەکات.
حکومەت و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە هێشتا زیرەکیی دەستکرد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر (کۆپی-پەیست)ی توێژینەوەی خوێندکارەکان سەیر دەکەن، لەبری ئەوەی وەک هەلێکی ستراتیژیی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و پەروەردە و تەندروستی تەماشا بكرێت. ئێمە بووینەتە تەنیا بینەر و بەکارهێنەرێکی سادەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بێ ئەوەی یەک هەنگاو بنێین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی، یان پشتگیریکردنی گەنجە بەهرەمەندەکانمان. نەوت ناوچەی کەنداوی لە سەدەی بیستەمدا کردە ناوەندی ئابووری و ئێستا هەژمارکاری و زیرەکیی دەستکرد دەیانکاتە ناوەندی سەدەی بیست و یەک.
ئەی ئێمە تا کەی چاوەڕێی کۆتایی هاتنی تەمەنی نەوت بکەین تا بزانین جیهان بەرەو کوێ رۆیشتووە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیرکردنەوەمان بگۆڕین، هەنگاو بەرەو بازاڕی زیرەکیی دەستکرد بنێین؟

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *