ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

رواندا، لە کوورەی جێنۆسایدەوە بۆ نازناوی سەنگاپۆرەی ئەفریقا

ئەزموونی رواندا یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین، گەرمترین و شایستەترین ئەزموونەکانی وەرچەرخانی سیاسی و ئابووری، بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی هاوچەرخی ئەفریقادا. دوای ئەوەی لە ساڵی 1994دا وڵاتەکە یەکێک لە دڕندانەترین جێنۆسایدەکانی مێژووی هاوچەرخی بەخۆیەوە بینی و تێیدا لە کەمتر لە سەد رۆژدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس کوژران. 
رواندا لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بووە نموونەیەکی گەشەپێدان کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا ئاماژەی پێدەکرێت، لە راگەیاندن و ناوەندە ئابوورییەکاندا نازناوی (سەنگاپۆرەی ئەفریقا)ی لێنراوە. ئەم وتارە هەوڵدەدات شیکاری بۆ رێڕەوی ئەم وەرچەرخانە بکات؛ هەر لە رەگ و ریشەی ململانێی نەتەوەیی و ئەو کۆڵەکانەی کە سەرلەنوێ وڵاتەکەی لەسەر بنیاتنرایەوە، تا دەگات بەو نیشاندەرە ئابوورییانەی رواندایان کردە حاڵەتێکی ناوازە، بەبێ هەڵاوێردکردنی ئەو رەخنانەی لەبارەی ئازادییە سیاسییەکانەوە ئاراستەی مودێلی رواندا دەکرێن.

رواندا توانیویەتی قورسترین و ئاڵۆزترین توندوتیژیی بەکۆمەڵ تێپەڕێنێت، ئەویش لە ماوەی تەنیا سێ دەیەی رابردوودا و بە پشتبەستن بە دیسپلینی کارگێڕی، دژایەتیکردنی گەندەڵی، ئاسانکاری ژینگەی کار و  داڕشتنەوەی ناسنامەیەکی نیشتمانی

ریشەی مێژوویی ململانێکە

ریشەی دابەشبوونی نەتەوەیی (ئیتنی) لەنێوان هەردوو گروپی هۆتو و توتسی بۆ سەردەمی کۆلۆنیالیزم دەگەڕێتەوە، کاتێک کۆڵۆنیالیزمی بەلجیکی جیاکاری رەگەزی لەنێوان هەردوو گروپدا لەسەر ناسنامە و سیاسەتی جیاکاری چەسپاند، لە قۆناغی یەکەمدا لە بەرژەوەندی توتسی بوو، بەڵام دواتر لەگەڵ سەربەخۆیی وڵاتدا ساڵی 1962 لە بەرژەوەندی هۆتۆ پشتی لە توتسی کرد. گرژییەکان بە تێپەڕبوونی چەند دەیەیەک لە کودەتا و کۆمەڵکوژی ماوە ماوە کەڵەکە بوون، تاوەکو قەیرانەکە لە نیسانی 1994دا دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆک (جۆڤیناڵ هابیاریمانا)، بە شێوەیەکی کارەساتبار تەقییەوە و هەڵگیرسانی شاڵاوێکی رێکخراوی جێنۆسایدی بۆ سەر توتسییەکان و هەندێک لە میانڕەوەکانی هۆتوی لێکەوتەوە. هێزە نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای بوونی نێردەیەکی سنوورداری نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە، شکستیان هێنا لە راگرتنی کۆمەڵکوژییەکە، ئەمەش شوێنەوارێکی قووڵی لە هۆشی بەکۆمەڵی رواندییەکاندا بەجێهێشت لەمەڕ ئەوەی لە پرۆسەی بنیاتنانەوەدا پشت بەخۆیان ببەستن. 
قۆناغی دوای ململانێ:
بنیاتنانی دەوڵەتێک لەناو خۆڵەمێشەوە
دوای ئەوەی بەرەی نیشتمانیی رواندا بە رێبەرایەتی پۆڵ کاگامی لە تەموزی 1994دا کۆنتڕۆڵی وڵاتی کرد و کۆتایی بەو جێنۆسایدە هێنا، رواندا چووە قۆناغێکی ئاڵۆزی راگوزەرەوە کە رەوشی ناوخۆیی ئیجگار ناجێگیر و شڵەقاو بوو. لە قۆناغی یەکەمدا (پاستۆر بیزیمۆنگۆ) سەرۆکایەتی وڵاتی گرتە دەست، لە کاتێکدا حکومەتە نوێیەکە دەستیکرد بە گرتن و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە لە رووداوەکانی جێنۆسایددا تێوەگلابوون. کاتێک (پۆڵ کاگامی) لە نیسانی 2000دا دوای هەڵبژاردنی لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە بە رەسمی دەسەڵاتی گرتە دەست، دوو ئامانجی سەرەکی دیاریکرد: یەکخستنی گەلی رواندا و بنبڕکردنی هەژاری لە وڵات. بۆ ئەم مەبەستەش پلانێکی فرەئاراستەی دانا کە جەختی لەسەر دەستەبەرکردنی ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی دەکردەوە و ئەوەش داڕشتنی دەستوورێکی نوێی لێکەوتەوە کە هەر وتار یان پۆلێنکارییەکی رەگەزیی بە تاوان دەناسرێت، ئەم هەوڵانەش سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەران بۆ نیشتمانەکەیان.
دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامەی نیشتمانیی رواندا، یەکێک بوو لە گرنگترین کۆڵەکەکانی ئەم وەرچەرخانە. پۆلێنکاریی رەگەزی لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەتدا سڕانەوە، دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی بە ئاراستەی چەسپاندنی بیرۆکەی (رواندیبوون)ی گشتگیر لە شوێنی ئینتیما ئیتنییە دژبەیەکەکان دەستی پێکرد. 
دیارترین ئەم دەستپێشخەرییانە سیستمی (ئۆمۆگاندا) بوو، کە رۆژێکی کاری بەکۆمەڵە و لەساڵی 1998وە دەستی پێکرد و بە ئیجباری هەموو هاوڵاتییەکی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی پێگەیشتوون و توانای کارکردنیان هەیە، بە جۆرێک دوایین شەممەی هەر مانگێک تەرخان دەکرێت بۆ چالاکی گەشەپێدان چالاکییەکانیش لەلایەن شارەوانییەکانەوە دیاری دەکرێن، وەک پاککردنەوەی رێگەوبان و کێڵانی زەوییەکان، بە مەبەستی چەسپاندنی هۆشیارییەکی بەکۆمەڵ کە دەڵێت: ئەوەی بەیەکەوە بنیات دەنرێت، دواتر تێکدانی ئاسان نییە.

سەرکردایەتیی سیاسی و
رۆڵی لە هاوکێشەکەدا

ئەستەمە بتوانرێ ئەو وەرچەرخانەی رواندا لەو رۆڵە گرنگەی کە سەرۆک پۆڵ کاگامی گێڕاویەتی جیا بکرێتەوە کە بە کاریگەرترین کەسایەتیی مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە دادەنرێت، حکومەتەکەی لە کاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەوە، نیشتەجێکردنەوەی ملیۆنان پەنابەر و ئاوارە، بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە سفرەوە، وێڕای داڕشتنی پرۆژەیەکی گشتگیری ئاشتبوونەوەی نیشتمانی. کاگامی لە هەڵبژاردنە یەکبەدوایەکەکانی سەرۆکایەتیدا بە زۆرینەی رەها سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لایەنگرانی ئەم سەرکەوتنانەی بۆ سەرکەوتنی روانگە گەشەپێدانییەکەی و جەماوەرییە بەرفراوانەکەی دەگەڕێننەوە، لە کاتێکدا رەخنەگران پێیانوایە ئەم دەرئەنجامانە زیاتر رەنگدانەوەی ژینگەیەکی سیاسیی کۆتوبەندکراوە نەک کێبڕکێیەکی راستەقینەی هەڵبژاردن بێت.
ئاڵنگاری و رەخنەکان
سەرەڕای دەستکەوتە ئابوورییەکان، مودێلی رواندا بێ کێشە و رەخنە نییە، لە رووی مافەکانی مرۆڤەوە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوا لە حکومەتی رواندا دەکەن بوار بۆ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بڕەخسێنێت، بەو پێیەی سەرکەوتنی ئابووری لە سایەی کۆتوبەندکردنی دیاری ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان بەدەستهاتووە.
لە رووی گەشەپێدانەوە، هێشتا جیاوازییەکی فراوان لەنێوان کیگالیی پایتەخت و ناوچە گوندنشینەکاندا هەیە، کە زۆرێک لە گوندەکان رێگەی قیرتاوکراویان نییە، هەروەها کەلێنێکی روون لەنێوان ئاستی داهاتی دانیشتووانی شار و گوندەکاندا هەیە.
هەندێک پرسیار لەمەڕ توانای بەردەوامی ئەم مۆدێلەی گەشەکردنە دەکەن، کە بە رێژەیەکی زۆر بەرز پشت بە هاوکاری دەرەکی و وەبەرهێنانی ئاراستەکراو لەلایەن دەوڵەتەوە دەبەستێت، ئایا لە حاڵەتی روودانی گۆڕانکاریی سیاسی، یان پاشەکشەی رەوتی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم مۆدێلە دەتوانێ بەرگە بگرێت؟
ئەزموونی رواندا حاڵەتێکی ناوازەیە و شایستەی لێکۆڵینەوەی وردە، ئەو مۆدێلە دەریدەخات چۆن دەوڵەتێک توانیویەتی قورسترین و ئاڵۆزترین توندوتیژیی بەکۆمەڵ تێپەڕێنێت، ئەویش لە ماوەی تەنیا سێ دەیەی رابردوودا و بە پشتبەستن بە ئاوێتەیەک لە دیسپلینی کارگێڕی، دژایەتیکردنی گەندەڵی، ئاسانکاری ژینگەی کار و دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامەیەکی نیشتمانی، سەرەنجام توانی لە رووی دامەزراوەیی و ئابوورییەوە خۆی بنیات بنێتەوە .
بەڵام ئەم سەرکەوتنە ئابوورییە دانپێدانراوە، نابێت پرسیارە رەواکان لەبارەی باجە سیاسییەکەیەوە بشارێتەوە، هەروەها لەبارەی توانای مودێلەکەوە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەکی دادپەروەرانەتر لە نێوان گەشەی ئابووری و کرانەوەی سیاسیدا، لە نێوان گەشەپێدانی پایتەخت و گەشەپێدانی گوندەکاندا. بە دڵنیاییەوە قۆناغی داهاتووی ئەزموونی رواندا تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە دەبێت بۆ توانای ئەم مودێلە لە بەردەوامبوون و گواستنەوەی سەرکەوتنەکانی بۆ نەوەکانی دوای کاگامی.

کیگالی، پایتەختی رواندا

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *