11ی ئازار و 10ی ئازار

باکم بەوە نییە کە لە سۆشیال میدیاوە کەسانێک لە دڵسۆزییەوە بێت یان بە مەبەستی دیکە توانجم تێبگرن یان جنێوم پێبدەن، بەڵکو ئەوەم بەلاوە گرنگە بەراوردێکی مێژوویی راست و واقیعبینانە بکەم لەسەر قۆناغەکانی پێشڤەچوونی دۆزی کورد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و جیاوازیی و لێکچوونەکانیان و بەگەڕانەوە بۆ (ڤار) لەسەر هەرسێ ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
بەر لە قسەکردن لەسەر ئەو دۆخە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی (ئستیعماری بەریتانیا و فەرەنسا) لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی یەکەم جەنگی جیهاندا کە سێ بەشی کوردستانی بندەستی ئیمپراتۆریی عوسمانی-یان بەگوێرەی نەخشەیەک و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان دابەشکرد بەسەر هەرسێ دەوڵەتی نوێی (تورکیا، سوریا، عیراق)دا، کە سەرەڕای ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لەو سێ وڵاتەدا، نەخشەکە وەک خۆی مایەوە و
سەدام ویستی لە داگیرکردنی کوێتدا بیگۆڕێت چارەنووسەکەیمان بەچاوی خۆمان بینی!
ئەم نەخشەیەش وەنەبێت تەنها بۆ کورد بەو جۆرە بێت، بەڵکو ئەوە لە (کشمیر لەنێوان هیندستان و پاکستان، دورگەکانی نێوان ئیمارات و ئێران، بۆبیان و خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عیراق و کوێت و…هتد). بۆیە چەندین رژێمی سیاسیی گۆڕان، بەڵام هەرگیز ئەو نەخشەیە تێکنەدرایەوە، بۆیە ئەگەر کورد بە سەرکردایەتییە سیاسییەکانی قۆناغە جیاجیاکانیشەوە لە زووەوە لەوە تێنەگەیشتبان، زۆر دەرفەت هەڵکەوت و لەدەستمان چوو. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ (ڤار)ی عیراق، دوای 14ی تەممووزی 1958 لەژێر کاریگەریی گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی و
رووناکبیریی کورددا لە ساڵی 1959دا بە دەستووری کاتی دان بەوەدا نرا کورد و عەرەب هاوبەشن لە عیراقدا، شۆڕشمان دەستپێکرد و شتێکی ئەوتۆمان پێنەکرا، لەگەڵ کودەتای 8ی شوباتی 1963 بنمیچی داواکارییەکانمان بەرزکردەوە بۆ لامەرکەزی و
دواتر بۆ ئۆتۆنۆمی، تا لە ساڵی 1970دا رەشنووسی یاسای ئۆتۆنۆمی دەرچوو، ساڵی 1974 بەوەش رازی نەبووین و دامانەوە شاخ، بەڵام بە پیلانێکی ئیقلیمی و موبارەکەی زلهێزەکان ئاشبەتاڵمان پێکرا.
خۆ ئەگەر بەوە رازیبووینایە، ئەوا نە ئەنفال و کیمیاباران دەکراین و نە گوندەکانمان وێران دەبوون و بگرە رەنگە جەنگی عیراق – ئێرانیش دروست نەبوایە.
لە (ڤار)ی نزیکیشدا لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە لە (2003) کورد رێکخراوترین هێز بوو لە پێکهێنانەوەی عیراقدا، بەڵام سەرەڕای چەسپاندنی فیدراڵی لە دەستووردا نە وڵاتانی زلهێزی جیهان و نە وڵاتانی ئیقلیمیش لەوە زیاتریان بە کورد رەوا نەدەبینی.
دەکرێت بڵێین ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان بەدەستهاتووە، لانیکەم وەک قۆناغی دانپێدانانەکەی رژێمی قاسمە، ئەگەر نەڵێین دووبارەبوونەوەی 11 ئازاری 1970ی باشوورە، چونکە بەربەرەکانێی خواستی زلهێزەکان چارەنووسەکەی یان ئاشبەتاڵی 1975ی کوردە، یاخود تەفروتونابوونی وەک ئەوەی پڵنگەکانی تامیل دەبێت لە 2009دا، لانیکەم ئەمەی بەدەستهاتووە قۆناغێکە بۆ گەشەپێدانی زیاتر بە بیری نەتەوەیی و
فێربوونی دەوڵەتداری کە هێشتا ئێمە لە باشوور فێری نەبووین.



