با 31ی ئابی ئەمساڵ جیاواز بێت

هەموو گەلی کورد بەسەرکردەکانی پێشووتر و ئێستای پارتیشەوە، باش دەزانن رووداوی 31ی ئاب، رووداو و تراژیدیایەکی تاڵ و ناخۆش بوو کە بەهۆی هەرچییەوە کرابێت و هەرچی پاساویشی بۆ بهێندرێتەوە، دونیایەک مەکینەی ئیعلامیشی بۆ بخەیتە گەڕ، هەرگیز ناتوانرێت ئەوە بشاردرێتەوە، کە 31ی ئاب و رۆژی هێنانەوەی دەبابەکانی بەعس بۆ سەر کوردستان و هەولێری قەڵا و منارە و ئەو پەرلەمانەی کە بەخوێنی هەزاران شەهید بونیادنرا، مێژووی نەتەوەیەکی لەکەدار کرد، بەڵام ئەوەی سەیرە ساڵانە لەم یادە تاڵەدا، پارتی و سەرکردایەتییەکەی لەبری داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان، لە راگەیاندنەکانیانەوە، زیاتر کوردستانییان و ماڵباتی شەهیدان توڕە و بێزار دەکەن، ئاخر هەرگیز تۆ ناتوانیت ئەم تراژیدیا گەورەیە بە نیشاندانی شەقامی قیرتاو و باڵەخانەی جوان بشاریتەوە کە بەخوێنی شەهیدان بونیادنراوە.
هەموو گەلی کورد باش دەزانن رووداوی 31ی ئاب، تراژیدیایەکی تاڵ و ناخۆش بوو بەهەر هۆکارێک بێت و هەرپاساوێکی بۆ بهێندرێتەوە چونکە هێنانەوەی دەبابەکانی بەعس بوو
پێویستە، لەبری ئەوە هەوڵبدەن داوای لێبوردن، یەکەمجار لە ئەندامانی حزبەکەتان بکەن، پاشان لە میللەتەکەتان، لەدونیای سیاسەت و لە مێژووی سیاسەتدا، داوای لێبوردنی سەرکردەکان و حوکمڕانەکان زۆرن، بە نموونە، دوای جەنگی جیهانی دووەم حکومەتی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی رەسمی دان بە تاوانەکانی نازییەکاندا دەنێت و داوای لێبوردنی لە قوربانیان و نەتەوەکان کرد.
نموونەیەکی تر، پاپا ژان پۆڵی دووەم لە چەندین بۆنەدا بە ناوی کڵێسای کاتۆلیکەوە داوای لێبوردنی لە خەڵک و گروپەکانی کرد بۆ هەندێک هەڵە و ستەمە مێژووییەکان. بۆچی ئێوەش نایەن، داوای لێبوردن لە کورد و کوردستان بکەن، دڵنیام ئەوکاتەش خەڵکی کوردستان ئەگەر بەتەواویش نەتانبورێت دۆخەکە بەجۆرێکی تر دەبێت، کە زۆر باشترە بۆ خۆتان.



