ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

پێگەی کورد لە جەنگی ئەمریکاـ ئیسرائیل و ئێراندا

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەستیاردایە. گرژییەکانی نێوان جەمسەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لە لایەکی تر، گەیشتووەتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ. لە ناوجەرگەی ئەم ململانێ جیۆپۆلۆتیکییەدا، پرسی کورد وەک یەکێک لە کارەکتەرە ئیقلیمییە کاریگەرەکان، جارێکی تر دەکەوێتە ناو چەقی هاوکێشەکانەوە.
پێگەی کورد، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، پێگەیەکی جوگرافی و سیاسیی ستراتیژییە. بۆ ئەمریکا، ناوچە کوردییەکان وەک دورگەیەکی ئارام و بنکەیەک بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەبینرێن. 

پارچەپارچەیی لایەنە کوردییەکان و هەبوونی ئەجێندای جیاواز بەرامبەر بە تاران و واشنتۆن، کورد دەکاتە نێچیرێکی ئاسان بۆ وڵاتانی ئیقلیمی

لە بەرامبەردا، ئێران پێیوایە هەر جۆرە سەقامگیری و بەهێزبوونێکی پێگەی کورد کە لەژێر چەتری پشتیوانیی ئەمریکادا بێت، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.
ئەم تێڕوانینە وایکردووە کە هەرێمی کوردستان زۆرجار باجی قورسی ئەم ململانێیانە بدات، کە نموونەی هەرە دیاریان هێرشە مووشەکییە راستەوخۆکانی ئێران بوون بۆ سەر هەولێر و سلێمانی.
مەترسییە گەورەکە بۆ کورد لەم جەنگەدا، بوون بە قوربانی یان گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە، ئەگەر جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل فراوانتر ببێت، ئەوا هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری کوردستان دەکەونە بەر هێرشی جۆراوجۆر. 
لەلایەکی تریشەوە، وابەستەیی زۆری کورد بە هاوکارییەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاران کورد وەک بەشێک لە بەرەی «دوژمن» هەژمار بکات، ئەمەش گوشارە ئابووری و سیاسییەکان بۆ سەر قەوارەی هەرێم زیاتر دەکات.
لەناو ئەم هەموو هەڕەشانەدا، دەرفەتیش هەن، کورد دەتوانێت لە رێگەی بێلایەنییەکی چالاک و دوورکەوتنەوە لە جەمسەربەندییە توندەکانەوە، خۆی لە کڵپەی جەنگەکە بپارێزێت. 
پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی کورد پەیامێکی روون بدات بە هەموو لایەنەکان کە خاکی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ دراوسێیەک و لە هەمان کاتدا مافی پاراستنی قەوارەکەی خۆی بە رەوا دەبینێت.
گرنگترین خاڵ بۆ کورد لەم قۆناغەدا، یەکخستنی ناوماڵی خۆیەتی، پارچەپارچەیی لایەنە کوردییەکان و هەبوونی ئەجێندای جیاواز بەرامبەر بە تاران و واشنتۆن، کورد دەکاتە نێچیرێکی ئاسان بۆ وڵاتانی ئیقلیمی، تەنیا یەکدەنگیی سیاسی و دیپلۆماسی دەتوانێت پێگەی کورد لە پاشکۆوە بگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی هاوسەنگ.
کورد لە جەنگی ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێراندا، لەسەر پەتێکی هەستیار یاری دەکات، مانەوە و سەرکەوتنی کورد لەوەدایە کە نەبێتە بەشێک لە جەنگی ئەوانی تر، بەڵکو پێگەی خۆی وەک ناوچەیەکی ئارام و هاوبەشێکی جێی متمانەی نێودەوڵەتی بپارێزێت، چونکە لە جەنگی زلهێزەکاندا، تەنیا ئەوانە دەمێننەوە کە دەزانن چۆن لەنێوان بەرداشەکاندا درزی خۆیان بدۆزنەوە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *