ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

دیوی تاریکی ناخمان

حەسودی و ئیرەیی یەکێکن لە ئاڵۆزترین و تاڵترین هەستەکانی مرۆڤ. زۆربەی خەڵک وادەزانن حەسودی تەنیا بەرامبەر کەسانی دوور، دەوڵەمەندەکان، یان ئەستێرە و ناودارەکان دروست دەبێت، بەڵام راستییەکە زۆر لەوە جیاوازترە. ئەزموونی رۆژانەی ژیان نیشانمان دەدات کە بەهێزترین و توندترین ئاستی حەسودی راستەوخۆ لەنێوان ئەو کەسانەدا سەرهەڵدەدات کە لە یەکترەوە زۆر نزیکن وەک هاوڕێکان، هاوکاران و تەنانەت ئەندامانی یەک خێزان. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤ هیچ کاتێک خۆی بە کەسێک بەراورد ناکات کە لە بازنەی ژیانی ئەودا نییە، هەستکردن بە کەمی، یان ئیرەیی کاتێک دەتەقێتەوە کە کەسێکی هاوئاست، هاوتەمەن، یان هاوژینگەی خۆت دەگاتە سەرکەوتنێک کە تۆ بەدەستت نەهێناوە.
لەناو خێزاندا، حەسودی بە هێمنی و بێدەنگی لەنێوان خوشک و براکان، یان خزمە نزیکەکاندا گەشە دەکات، کاتێک منداڵێک، یان کەسێکی خێزانەکە لە رووی دارایی، خوێندن، دەرکەوتن، یان خۆشەویستیی دەوروبەرەوە دەگاتە ئاستێکی باشتر، لای کەسانی تر ناڕەحەتییەک و نائارامییەکی قووڵ و شاراوە دروست دەبێت، کەسەکان بە دەگمەن دان بە بوونی ئەم ئیرەییەدا دەنێن، چونکە دانپێدانانی حەسودی لە ناخدا بە واتای دانپێدانان بە لاوازیی و بێتوانایی خۆت دێت، ئەم هەستە زۆرجار راستەوخۆ دەست دەخاتە ناو پەیوەندییەکان، بۆ نموونە کاتێک کەسێک سەرکەوتنێک بەدەستدەهێنێت، ئەوانی تر لە جیاتی ئاهەنگگێڕان و خۆشحاڵی، هەوڵدەدەن بە قسەی بە پێچ و پەنا، یان بێدەنگبوون لە بەهای ئەو سەرکەوتنە کەم بکەنەوە.
هەروەها لەنێوان هاوڕێ نزیکەکاندا، کە دەبێت سەرچاوەی پشتگیری و هاوسۆزی بن، سەرکەوتنی نادیار، یان لەناکاوی یەکێکیان دەبێتە هۆی دروستبوونی درز و دوورکەوتنەوە. کاتێک هاوڕێیەک دەگاتە ئامانجێک کە تۆ مێژوویەکی درێژە خەونی پێوە دەبینیت، ناخۆشییەکی بەهێز لە ناختدا دروست دەبێت، چونکە ژیانی ئەو دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ بیرهێنانەوەی سەرکەوتنەکانی ئەو و وەستانی تۆ لە شوێنی خۆت. ئەم راستییە تاڵە نیشانمان دەدات چۆن حەزی بێ ئەندازەی مرۆڤ بۆ باڵادەستبوونی کەسی، وا دەکات تەنیا تا ئەو شوێنە خۆشی بۆ هاوڕێکەی بخوازێت کە لە خۆی سەرکەوتووتر و لەپێشتر نەبێت.
 لە کۆتاییدا، حەسودی هەستێکی سروشتییە لە ناخی هەموو تاکێکدا هەیە و ناتوانرێت بە تەواوی بسڕدرێتەوە، بەڵام جیاوازیی کەسی هۆشیار لەوەدایە کە رێگە نادات ئەم ئیرەییە پەیوەندییە خێزانی و هاوڕێیەتییەکانی تێکبدات.
بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم هەستانەدا بەم شێوەیە خۆمان رابهێنین:
1. راستگۆبوون لەگەڵ ناخی خۆتدا: بەشی هەرە قورسی پرۆسەکە دانپێدانانە. کاتێک ئیرەیی بە سەرکەوتنی هاوڕێیەک، یان کەسێکی نزیکت دەبەیت، لە جیاتی ئەوەی بکەویتە رق و 
لەپشتەوە قسە لەسەرکردن، بە خۆت بڵێ: «من ئێستا حەسودیم بەم سەرکەوتنە هات، چونکە خۆشم حەزم لە شتێکی وا بوو.».
2. بووەستە لە بەراوردکاریی ناڕەوا: تێبگە کە هەر کەسێک  خاوەنی هەلومەرج، کات و بەهرەی جیاوازی خۆیەتی، سەرکەوتنی کەسێک هاوتای شکست، یان دواکەوتنی تۆ نییە.
3. گۆڕینی هەستی ئیرەیی بۆ رێنمایی: لە جیاتی ئەوەی بپرسیت «بۆچی ئەو هەیەتی و من نەمبێت؟ پرسیارەکە بگۆڕە بۆ: ئەو چی کردووە کە من نەمکردووە؟ من چۆن دەتوانم لەسەر تواناکانی خۆم کار بکەم بۆ ئەوەی بگەمە ئامانجەکانم؟
4. جیابوونەوە لە رەفتاری رووخێنەر: کەسی هۆشیار رێگە نادات ئەم هەستە ناوەکییە لە ناخی خۆی بێتە دەرەوە و کار بکاتە سەر شێوازی قسەکردن، مامەڵە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرامبەردا.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *