هێزەکانی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی تواناکانیان

سەرچاوەیەک تایبەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە چەندین بواردا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.
سەرچاوەیەکی بەشدار لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تایبەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا پلانیان هەیە بەردەوام بن لە هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە، بەردەوامیدان بە دەرفەتی مەشق و راهێنان بە پاڵێوراوانی پێشمەرگە لە ئەڵمانیا و ئەنجامدانی بەرنامە دووقۆڵییەکان وەکو سەردان و کۆنفرانس.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەڵمانیا لە بواری لۆجستی و پاراستن و پەرەپێدانی ژێرخانی سەربازی، پزیشکی و پاڵپشتیکردنی ژێرخانی سەنتەرە پزیشکییەکان، هەروەها مەشقی سەربازیی پێشکەشکردنی راوێژ، پاڵپشتی لە راهێنەران و سەرپەرشتیارانی مەشق، پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات
ئەم پاڵپشتییانەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە رەوشێکی ئەمنیی هەستیار و ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت، و وەزارەتی پێشمەرگەش داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان کردووە بەردەوام بن لە پشتیوانییەکانیان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.



