گۆڕستانێکی 2300 ساڵە لە ژێر ئاوی بەنداوی مووسڵ دۆزرایەوە

بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ لە سنووری قەزای سێمێلی پارێزگای دهۆک، تیمەکانی شوێنەوارناسی گۆڕستانێکی مێژووییان لە گوندی خانکێی کۆن دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 300 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەم گۆڕستانە لە 40 گۆڕی شێوە هێلکەیی پێکهاتووە کە بە یەک ئاراستە بەرەو باکوور ریزکراون و بۆ چینە تەمەنی جیاوازەکان تەرخانکراون.
د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، ڕایگەیاندوە؛ کە پارچە شوێنەوارییەکان بە وریاییەوە دەرهێنراون و بۆ مەبەستی پشکنینی زانستی و پاککردنەوە گواستراونەتەوە بۆ تاقیگەی مۆزەخانە تاوەکو دواتر نمایش بکرێن.
لای خۆیەوە حەمزە عیدۆ، موختاری گوندی خانکێی کۆن، ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی دروستکردنی بەنداوەکەدا زیاتر لە 300 شوێنی مێژوویی کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.
هاوکات د. حەسەن ئەحمەد، شوێنەوارناس، جەختی کردەوە کە ئەم ناوچەیە مێژوویەکی نۆ هەزار ساڵەی هەیە و بە چەندین شارستانییەتی جیاوازدا تێپەڕیوە.



