عەبدوڵڵا ئۆجەلان: گەیشتووینەتە قۆناغێکی چارەنووسساز

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایدەگەیەنێت گەیشتوونەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و هەندێک لایەنیش هەوڵدەن پرۆسەکە تێک بدەن، دووپاتیشی دەکاتەوە هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یاسای خوشک-برایەتی، زیاتر پەرە پێدەدات.
ئۆجەلان لەڕێگەی وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتییەوە پەیامێکی دەربارەی یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و یادداشتە ناڕاستەقینەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەو کۆمیسیۆنەی کە بەپێی یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی پێکهێنرا، دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا، ئەمە نیشانی دەدات کە پرۆسەکە بە هەنگاوی گەورە پێش دەکەوێت.
دەشڵێت: ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێکی چارەنووسساز، لەم سەردەمە مێژووییەدا هەندێک لایەن هەوڵدەدەن پرۆسەکە تێک بدەن، ئەم هەوڵانەیان پیلانگێڕییە و دژی منە، ئەو بۆچوون، دیدگا، ناو، بەڵگە و یادداشتانەی کە لە میدیا و دیجیتاڵ میدیا بڵاو دەبنەوە و دەدرێنە پاڵ من، ڕاست نین.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دووپاتی دەکاتەوە: هەوڵەکانم بۆ بنیاتنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یاسای خوشک-برایەتی، زیاتر پەرە پێدەدەم.



