بە کاڵاکردنی هونەر لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا!

کاری سەرەکی دەستەی بەڕێوەبردنی قوتابخانەیە هزر و داهێنانی منداڵان بپارێزێت و پەرەی پێبدات، گۆڕینی وزەی منداڵ لە (خوێندن و بیرکردنەوەوە بۆ بەکاربەر) ئەرکی وێژەی منداڵان قورستر دەکات، سەپاندنی هونەر و موزیکی بێ رۆح و پەنابردنەبەر تەکنیکی گرانبەها و نامۆ بە ژینگەی منداڵان بۆ ئەوەی بڵێن (هونەرەکەمان جیاوازە) دێوەکەی گەورەتر و مەترسیدارتر کردووە، ئەمەش وێژە و هونەری لە کایەی چێژبەخشین و فێرکردن و داهێنانەوە، کردووە بە ئەرکێکی قورس کە گوێگرتن و سەیرکردنی ناچارییە.
ئەم نمایشە دیجیتاڵی و ئاست نزمەی لە بوارەکانی (شانۆ، گۆرانی و پێشانگە) لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا، بۆ ئەوە نییە کە خەیاڵ و هونەرەکەیان دەرببڕن، بەڵکو زیاتر بۆ ریکلامی سۆشیاڵ میدیا خۆنواندن و راوکردنی دایک و باوکانی نوێیە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بنێرنە ئەم خوێندنگانە، لەم نێوەندەشدا هەم هونەر رۆحی خۆی لەدەست دەدات هەم خنکاندنی منداڵە بە ناوی هونەرەوە.
ئەوەی لە دنیای قوتابخانە ئەهلییەکاندا پێشکەش دەکرێن، هونەری منداڵان نییە، بەڵکو هونەرێکی بازرگانیی سادەکراوە، تێیدا منداڵ دەکرێتە بوکەڵەی سەر تەختەی نمایشێک کە تەنیا دوو ئامانجی هەبێت: دڵخۆشکردنی دایک و باوکان و رازیبوونی خاوەن فێرگەکان. ئەم بە بوکەڵەکردنە لەژێر چەتری هونەری باڵا لە ناوەندە ئەهلییەکاندا، وەک ژەهرێک وایە بۆ سەر داهاتووی رۆحی منداڵ کە تێیدا نهێنی خەیاڵ و چێژی رەسەن دەپوکێتەوە و گەشە ناکات، بەڵکو تەنیا بوكەڵەیەکی دەستەمۆکراو بەرهەم دەهێنێت!
سەرقافڵەی کاروانی داهێنان (ئاوەز)ە و رێبەرەکەشی (بەهرە و توانای خۆڕسکی منداڵانەیە)، بەڵام وەبەرهێنان سەرقافڵەی نییە، ئەوەی هەیە (زۆری و بۆرییە) هونەرێکی بێڕەنگ و بێهەستە، گرنگ نییە چی نمایش دەکەیت، بەڵام گرنگە خەڵکی لە دەوری خۆت کۆبکەیتەوە و ریکلام بۆ کارەکەت یان خوێندنگەکەت بکەیت! لە داهێناندا، مێژوو بنیات دەنرێت و یادگاریی دەنووسرێتەوە. لە وەبەرهێناندا، هونەری رەق و کۆنکرێتی نمایش دەکرێت، بەڵام ئەوانەی کە خۆیان دەنوێنن پێی دەڵێن (جیاوازی) وەک ئەوەی کە هەیە و سۆشیال میدیای تەنیوە، هەموویان پێشبڕکێیانە بۆ کێ جیاواز بوون!
فێرگە ئەهلییەکان، لە جیاتی ئەوەی ببنە ناوەندێکی پێشەنگ بۆ دۆزینەوەی بەهرە و توانای رەسەنایەتی منداڵ، ئەم مۆدێلە بەناو هونەرە بەرجەستە دەکەن، لە بەرهەمەکانیشدا هیچ مەودایەک نادۆزییەوە کە گوزارشت لە ناخی راستەقینەی منداڵەکە بکات، ئەمەش خنکاندنی بەهرەی سروشتیی منداڵانە لەناو قاڵبێکی دەستکرد دا.



