بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

ئاوڕدانەوەیەک لە ژنە سەوزە فرۆشەکان

کارکردنی ژنان یەکێکە لە هێما شارستانییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک جگە لەوەی سوودێکی ئابووریی گرنگی بۆ ژنان هەیە، بەڵام کاتێک رێگریی لەو کارکردنە دەکرێت یاخود بەربەستی بۆ دادەنرێت، ئەوا دەبێتە مایەی ئازار و دواکەوتنی ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە، بەڵام چۆن؟.
لە ناوەڕاستی بازاڕی سلێمانی و لەژێر هۆتێل (فەرەحی کۆن)دا کە ئێستا کراوەتە مۆزەخانەیەکی کەلەپووری  و بە زمانی جەماوەر پێی دەوترێت (بەر بەلەدیەکە) کۆمەڵێک ژنی ناوچەکانی دەوروبەری شاری سلێمانی دادەنیشن، ئەم ژنانە بەپێی وەرزەکان سەوزە دەفرۆشن، ئەم کارە تەنیا سەرچاوەی بژێوی زۆربەیانە و خێزانەکانیانی پێ بەڕێوەدەبەن، بە جۆرێک، هەندێکیان لە بەرەبەیانێکی زووەوە و پێش گەیشتنی سەرجەم دوکاندارەکان دەگەنە ئەوێ و دەست دەکەن بە رێکخستن  و دانانی شتومەکەکانیان لەسەر شۆستەکانی ئەو ناوچەیە، ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو بەرهەمانەی کردوویانەتە سەرچاوەی بژێوی و بەردەوامیی ژیانیان، کۆمەڵێک گژوگیا و سەوزەی وەرزین، ئەم ژنانە هەمیشە دەم بە خەندە، رووخۆش و زمان شیرینن لەگەڵ رێبواران و کڕیاراندا، بەتایبەت لەگەڵ ژنانی هاوتەمەنی خۆیان، خۆ ئەگەر خانمێک بیاندوێنێت و هەواڵیان بپرسێت، ئامادەن تەواوی چیرۆکی ژیان و دەردەدڵی خۆیانی بۆ بگێڕنەوە، زۆرجار رازیش نابن پارە لەو کڕیارانە وەربگرن کە گوێیان بۆ دەگرن یان کڕیاری بەردەوامیانن.
لەگەڵ هەموو ئەم هەوڵە ژنانییە جوان و پڕهیممەتەیاندا، رۆژانە ئەم ژنانە لەلایەن تیمەکانی بنبڕکردنی زیادەڕۆییەوە و بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان، بە بیانووی زیادەڕۆیی دووچاری وەدەرنان و هەڕەشەلێکردن دەبنەوە، تەنانەت کار دەگاتە ئەوەی سەوزەکانیان فڕێ بدرێت یان دەستیان بەسەردا بگیرێت، دەکرێت لێرەدا کەسێک بڵێت: ئەو تیمانە پارێزگاری لە یاسا دەکەن و شەقامەکانی شار رێکدەخەن، لە وەڵامدا دەڵێم: بەڵێ راستە، کاری ئەو تیمانە پاراستنی جوانیی شار و جێبەجێکردنی یاسایە، بەڵام خۆ دەکرێت هەندێک خاڵ لە جێبەجێکردنی ئەو کارانەدا پەیڕەو بکرێت، لەوانە:
-1پشوودرێژی و بە هێمنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژنانەدا کە سەربەرزانە بژێویی رۆژانەی ماڵ و منداڵیان بەو رێگەیەی کە دەیزانن و بۆیان لواوە پەیدای دەکەن.
-2هەوڵدان بۆ دابینکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ ئەو ژنانە کە تێیدا بە ئاسانی و بە یاسایی کارەکەیان بکەن.
-3هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی ئەو ژنە کەمدەرامەتانە لەنێو لیستی چاودێریی کۆمەڵایەتیدا، بە مەبەستی دابینکردنی مووچەیەکی مانگانە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان کە دەبێتە مایەی پاراستنیان لە هەموو جۆرە گوشارێک کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەسەر شەقامەکان.
لە کۆتاییدا دەڵێین: هەر هەوڵ و دەستگیرۆییەک بۆ ئەم ژنانە، دەبێتە مایەی پێشخستنیان و پاراستنیان لە توندوتیژی، بە تایبەت توندوتیژیی زارەکی و هەڕەشەلێکردن، هاوکات لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە رۆژانی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەکرێت پاراستن و پشتیوانیکردنی ئەم ژنانە بخرێتە خانەی داواکاری و پرۆژە پێشنیازکراوەکانی یادی ئەمساڵەوە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *