مەزڵوم عەبدی: هەوڵەکانمان بۆ ئەوەبوون کورد بەشێکی سەرەکی بێت

مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا: ڕادەستکردنی سەرچاوە نەوتییەکان، پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و داهاتووی سیاسیی ڕۆژئاوا
لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی تا تایبەتدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە)، کۆمەڵێک هەڵوێستی ڕاشکاوانە و بڕیاری نوێی سەبارەت بە دۆخی سیاسی، سەربازی و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ڕاگەیاند.
مەزڵوم عەبدی ئاشکرای کرد، کە سەرچاوە نەوتییەکانیان ڕادەستی وەزارەتی نەوتی سوریا کردووە، هەروەها دانی بەوەدا نا کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کەمترخەمی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا هەبووە. لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند لە ئایندەیەکی نزیکدا پۆشاکی سەربازی دادەنێت و دەگەڕێتەوە سەر کاری سیاسی.
عەبدی ڕایگەیاند، دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەوان و تورکیا هەیە و ئاگربەست بەردەوامە؛ ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر بارودۆخی سیاسی لەبار بێت، ڕەنگە سەردانی تورکیا بکات چونکە بەهێزبوونی ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندی کورد، تورکیا و سوریادایە.
جەختی لە پێویستیی یەکێتیی کورد کردەوە و وتی: “پەیوەندیمان لەگەڵ هەولێر و سلێمانی زۆر باشە و لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە پشتیوانیی هەرێمی کوردستانە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان نەبووە، بەڵام هیواداری ببینێت و گفتوگۆی لەگەڵ بكات.
عەبدی ڕەتیکردەوە ئەمریکا و ئەورووپا خیانەتیان لە کورد کردبێت و ڕوونی کردەوە کە هاوپەیمانان لە ڕۆژی یەکەمەوە تەنها بۆ شەڕی دژی داعش لەوێ بوون.
جەختی کردەوە، کە بڕیاریانداوە ببنە بەشێکی سەرەکی لە دەوڵەتی سووریا، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە پرۆسەی تێکەڵبوونەوە لەم مانگەدا تەواو ببێت، و دووپاتی کردەوە کە پرسی گەڕاندنەوە و پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی ڕەسمی خوێندن کارنامەی یەکەم و سەرەکیی دانوستانەکانیانە.
مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕووی سەربازییەوە و لە پاراستنی شێخ مەقسوود و گەڕەکە کوردییەکان نەیانتوانیوە بەباشی بەرگری بڕەخسێنن و کشانەوەیان بۆ ڕێگری بووە لە خوێنڕشتن، بەڵام ئامانجیان پاراستنی ناوچە کوردییەکانە



