زەیدی: عیراق لە قۆناغێکی سەختدایە

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە هەشتەمین دیالۆگی بەغدا رایگەیاند، عیراق لە قۆناغێکی سەختدایە و زیاتر لە چارەسەرێکمان بۆ کێشە ئابوورییەکان دۆزیوەتەوە هەربۆیە، حکومەت کار دەکات بۆ کاراکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەکان.
زەیدی وتیشی، توانیمان مووچە دەستەبەر بکەین و رێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بدۆزینەوە، سەبارەت بە بودجەش زەیدی وتی، حکومەت بەمزوانە پڕۆژەیاسای بودجە دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە دەبێتە نەخشەرێگایەک بێت بۆ داهاتووی ئابووریی عیراق.
زەیدی ئاماژەی بەوەشکرد، چاکسازیمان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەکاربردنی ناوخۆیی سووتەمەنی کردووە کە بڕی ۱۷.٨ تریلیۆن دینار بەفیڕۆدان دەگەڕێنێتەوە لە ماوەی ساڵێکی تەواودا.
وتیشی، کار دەکەین بۆ فراوانکردنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان و بانیاس و عەقەبە، بۆ زیادکردنی پشکی هەناردەکردنی عیراق لە رێگەی ئۆپێکەوە و هەوڵ دەدەین لە ماوەی ٦ ساڵدا بگەینە ٨ بۆ ۱۰ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەبارەی پرۆسەی چەک بە دەستی دەوڵەت، زەیدی جەختیکردەوە، سەرجەم هێزە سیاسییەکان بە تەواوی کۆکن لەسەر بەردەوامبوون لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و کارکردن لەسەر میکانیزمەکانی رادەستکردنی چەک و کۆتاییهێنانی بەم حاڵەتە بەردەوامە.
لە کۆتایدا زەیدی وتی، پڕۆژەی ملیۆنێک زەویی نیشتەجێبوون بەمزوانە لە واقیعدا دەبێت و ئەو هاووڵاتییانە وەری دەگرن کە هیچ خانوو و زەوییەکی نیشتەجێبوونیان نییە و لە کۆتا وتەیدا پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بەوەی خۆی بۆ خولی دووەم کاندید ناکاتەوە




