یهكهمین پێشانگای كتێبی كوردیی سێ رۆژ کاتەکەى درێژکرایەوە

بڕیار درا کە یهكهمین پێشانگای كتێبی كوردیی لەژێر ناوى “كتێبی كوردی زمان و شوناسمانه” بۆ ماوەى سێ رۆژ کاتەکەى درێژبکەنەوە و سەرپەرشتیاری پێشانگاکە رایگەیاند: 30هەزار کتێب فرۆشراوە و نوسینگەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم هەزار کتێب بۆ کتێبخانە گشتییەکانى شاروشارۆچکەکان دەکڕێت.
رەوەز حەمەساڵح سەرپەرشتیاری پێشانگای کتێبی کوردی لە شاری سلێمانی راشیگەیاند: نوسینگەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە کڕینى هەزار کتێب لە ناوەند و دەزگا جیاوازەکانى پێشانگا بۆ کتێبخانە گشتییەکانى شار و شارۆچکەکان و جێطاى دەستخۆشییە.
ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە 22ى8ى2026 رەوەز حەمەساڵح سەرپەرشتیاری پێشانگای کتێبی کوردی لە شاری سلێمانی، لهكۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگەیاند: بەشى زۆرى ئامانجەکانى پێشانگا بەدیهاتووە و ئەگەرچى ئەمڕۆ کۆتا رۆژى پێشانگا بوو، بەڵام لەسەر خواستى زۆرێک لە خوێنەرەکانمان بڕیارماندا بە درێژکردنەوەى یەکەمین پێشانگاى کتێبى کوردى لە سلێمانى بۆ ماوەى سێ رۆژ واتا پێشانگاکە هەتا 25ى8ى2026 سەعات 11ى شەو بەردەوامى دەبێت.
راشیگەیاند: نوسینگەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە کڕینى هەزار کتێب لە ناوەند و دەزگا جیاوازەکانى پێشانگا بۆ کتێبخانە گشتییەکانى شار و شارۆچکەکان و جێطاى دەستخۆشییە.
ئاماژەى بە ئەوەشدا: له ماوەى ئەم 10 رۆژەدا زیاتر له 30 ههزار كتێب فرۆشراوه، ئێمە چاوەڕێمان دەکرد زیاتریش بێت لەو ژمارەیە، بەڵام بە هۆی هەندێک حاڵەتەوە لەو ئاستەدایە.
رەوەز حەمەساڵح سەرپەرشتیاری پێشانگای کتێبی کوردی لە شاری سلێمانی ئاشکراى کرد: ئەم پێشانگایە بە بەشداری زیاتر لە 45 ناوەند و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە و لە ئێستاشدا ئامادەکارى دەکەین کە لە ساڵى داهاتوودا ناوەند و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەى باکور و رۆژئاڤاى کوردستانیش بەشدارى بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە یهكهمین پێشانگای كتێبی كوردیی لەژێر ناوى “كتێبی كوردی زمان و شوناسمانه” لە رۆژى 13ی8ی2026 لە فامیلى مۆڵى سلێمانى كراوهتهوه و بڕیاربوو بۆ ماوەى 10 رۆژ هەتا ئەمڕۆ 22ى8ى2026 سەعات 11ى شەو بەردەوام بێت، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە بۆ ماوەى سێ رۆژ کاتى پێشانگاکە درێژبکەنەوە.








