ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

مەترسیی گەورە هەڕەشە لە ئایندەی وڵات دەکات

عیراق رووبەڕووی قەیرانێکی ژینگەیی گەورە بووەتەوە، کە بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بێت، ئێستا لە ریزی پێنج وڵاتی هەرە زیان لێکەوتووی گۆڕانی کەشوهەوادایە لەسەر ئاستی جیهان، شرۆڤەکارانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە ئاسایشی ئاو و خۆراکی وڵات لە مەترسیدایە. 
وشکەساڵیی، بیابانبوون و لەدەستدانی سەرچاوەکانی ئاو 
دیاردەی بەبیابانبوون زیاتر لە ٪55ی خاکی عیراقی گرتووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەهۆی بەنداوەکانی وڵاتانی دراوسێ و وشکبوونی زۆنگاوەکانی باشوور، کە بەهۆیەوە هەزاران خێزان ناچارن ئاوارە بن و کۆچ بکەن، ئەوەش کۆچی ژینگەیی لەو ناوچانە زیاد کردووە، لەگەڵ ئەوانەشدا لێدانی بێسەروبەری بیرەکان و دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی، وڵات بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەبات.
پیسبوونی سروشت و دەردانی گازی ژەهراوی 
تەنگژەکە تەنها لە ئاودا کورت نابێتەوە، دووکەڵی گازە ژەهراوییەکان کە لە کێڵگە نەوتییەکانەوە دەردەچن و دزەکردنی سووتەمەنی، هەوای شارەکانی ژەهراوی کردووە، لەلایەکی تریشەوە، رژانی راستەوخۆی ئاوی زێڕاب و ئاوەڕۆکان و پاشماوەی کارگەکان بۆ ناو رووبارەکانی وەک دیجلە، ئاوی خواردنەوەی بە رادەیەکی مەترسیدار پیسکردووە، ئەمەش هاوشانی بەرزبوونەوەی سوێریی خاک و ئاوە، کە زیانی گەورەی بە کەرتی کشتوکاڵ گەیاندووە. 
لە شەپۆلی گەرماوە بۆ خۆڵبارین 
عیراقییەکان هاوینان رووبەڕووی شەپۆلی گەرمای تاقەت پروکێن دەبنەوە کە لە 50 پلەی سیلیزی تێپەڕ دەکات، ئەم گەرمایە، لەگەڵ نەمان و کەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی، زەمینەی بۆ زیادبوونی گەردەلوولی تۆز و خۆڵ ساز کردووە، هەروەها دیاردەی ئاگرکەوتنەوە لە رووبەرە سەوزەکان و دارستانەکاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو زیادکردووە. 
وێرانبوونی ژێرخانی سەوز و پاشماوەی جەنگەکان 
تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینیان بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، زەبرێکی کوشندەی دیکەی لە سروشت داوە، ئەوەش بووەتە هۆی لەدەستدانی فرەجۆریی زیندوو لە خاکدا و ئەگەری لەناوچوونی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی زیاد کردووە و مەرسیی لەناوچوونیان لەسەرە، هاوکات پاشماوەی جەنگەکان، وەکو مین و تەقەمەنییە پووچەڵنەکراوەکان، تا ئێستاش خاکی بەشێک لە پارێزگاکانی ژەهراوی کردووە. 
بەرەو کوێ؟ 
کۆی ئەم کارەساتانە راستەوخۆ هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات، بۆیە شارەزایانی ئابووری و ژینگە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەربازبوون لەم قەیرانە تەنها بە داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی سەردەمیانە دەبێت، وەک چاکسازی لە ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی رووبەرە سەوزەکان و کەمکردنەوەی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها راگرتنی ئەو دەستدرێژییانەی بەردەوام دەکرێنە سەر سروشتی وڵاتەکە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *