بۆ یەکەمجار هۆڵێکی مۆدێرن و تایبەت بە کۆبوونەوە لە مەڵبەندی گەرمیان دەکرێتەوە

بۆ یەکەمجار هۆڵێکی مۆدێرن و تایبەت بە کۆبوونەوە لە مەڵبەندی گەرمیان دەکرێتەوە
لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان: شەهید حەمەڕەش ناوێکە لە فەرهەنگ و مێژووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا.
بە ئامادەبوونی هەڤاڵ عومەر عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان مامۆستا جەلال ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ڕۆژان شەهید حەمەڕەش، هەروەها کەسوکاری شەهید و هاوڕێ و هەڤاڵانی و ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان هۆڵێکی شایستە بە ناوی شەهید حەمەڕەش لە بارەگای مەڵبەندی گەرمیان کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی هۆڵەکەدا هەڤاڵ عومەر عەلی تیشکی خستەسەر خەبات و تێکۆشان و قارەمانییەکانی شەهید حەمەڕەش لە قۆناغی پێشمەرگایەتی و فەرماندەیی پارتیزانە گەرمیانییەکان و جەختی کردەوە کە حەمەڕەش یەکێکە لە کەڵەپیاوەکانی ڕێگای کوردایەتی و ناوی لە مێژووی خەباتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەم هەنگاوە وەک وەفا و ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی شەهید حەمەڕەش کە هۆڵەکە بە ناوی ئەو ناونراوە و ٥٣ کورسی تێدا دانراوە وەک ئاماژەیەک بە تیپی ٥٣ی شێروانە تیپێک کە شەهید حەمەڕەش فەرماندەی بووە و لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا سەدان داستانی قارەمانانەی تۆمار کردووە.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا ڕۆژان شەهید حەمەڕەش کچی شەهید و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان دەربڕی و خۆشحاڵی خۆی لە بەرانبەر ئەم وەفا و ئەمەکدارییە دەربڕی.
هەروەها مامۆستا جەلال ئەندامی سەرکردایەتی و پێشمەرگەی دێرین و برای شەهید حەمەڕەش وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم گرنگیدانە بە شەهید حەمەڕەش دەربڕی بە تایبەتی کە دوای ساڵانێک چاوی بە ژمارەیەک لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهید حەمەڕەش کەوتەوە.
مەڵبەندی گەرمیان هۆڵێکی مۆدێرن و شاستەی بۆ کۆبوونەوەکان، کە ٥۳ کورسی دانیشتنی تێدایە درووستکردووە و وەک وەفاو ئەمەکداری بۆ شەهیدی فەرماندە و پارتیزان ناودەنرێت هۆڵی (شەهید حەمەڕەش).









