خشتەی مووچەی مانگی تەمووز بڵاوکرایەوە


وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى تەمووزى راگەیاند و بەپێى خشتەکە لە ماوەى سێ رۆژدا سەرجەم مووچەخۆرانى هەرێم مووچە وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: ڕۆژی سێ شەممە ( 18ی ئابی 2026) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنج شەممە ( 20ی ئابی 2026) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 17ی 8ی 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بڕی (830,782,000,000) هەشت سەد و سی ملیار و حەوت سەد و هەشتا و دوو ملیۆن دینار، وەك تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بە رەسمی خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق.
راشیگەیاند: هاوشێوەی مانگەكانی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تەمووز، لە كۆی گشتیی تەموویلی مووچەكە بڕیوە (كەمكردووەتەوە).
ئاماژەی بەوەشكرد: هەر لە چوارچێوەی تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزدا، بڕی (3,326,931,000) سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەك هەزار دینار نەنێردراوە، كە تایبەتە بە پڕكردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەكانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی كوردستان.
ئەمەش لەكاتێكدایە، رۆژی 22 ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرد.




