ئۆجەلان: فیدراڵی شێوازێکی گونجاوە بۆ چارەسەر لە عێراق

پووختەى هەواڵەکە
- ئۆجەلان: پێویستە ئەو ناوچانەی خاکی کوردن بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.
- بە پێویستی دەزانێت شنگال و کەرکووک و خانەقین بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
- نامەی بۆ پارتی و یەکێتییش ناردووە و داوای لێکردوون یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەهێزبکرێت.
- هێزی پێشمەرگەش لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزب دەربهێنرێت.
ئۆجەلان لە میانی وتارێکدا کە لە گۆڤاری ئۆزگور هاڵک، لە ژێر ناونیشانی “کۆماری دیموکراتی و تێکەڵبوونی دیموکراتی” بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی سیاسی و کولتووریی عێراق، فیدراڵیی ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە وڵاتەکە و ڕێگەی لە بەردەم تێکەڵبوونی کورد بە دەوڵەتی عێراق کردووەتەوە.
ناوەڕۆکى وتارەکەى ئۆجەلان
- بە پێویستی زانیوە، پشتگیری لە تێکەڵبوونی کورد لە ڕێگەی مۆدێلی فیدراڵییەوە بە عێراق بکرێت.
- ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراون.
- وەک ناوچەی جێناکۆک پێناسە دەکرێن.
- بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو ناوچانە هەر لە شنگالەوە تاوەکو مووسڵ و لە کەرکووکەوە تاوەکو خانەقین جوگرافیای کوردن.
- دەبێت بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بەو شێوەیەش تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا دەگاتە پایان.
- لە بارەی پرسی کورد لە ئێران: ئێران هیچ کاتێک نکوڵی لە ناسنامە و بوونی کورد نەکردووە.
- قبووڵکردنی بوونی کورد لە لایەن ئێرانەوە ئەرێنییە.
- بەڵام بە مانای ئەوە نایەت، مافە سیاسی و ئابوورییەکانی گەلی کوردیشی قبووڵکردووە.
- ئێستا ئێران لە ڕەوشێکی نادیاردایە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە.
- ئێرانێکی فیدراڵ لە سەر بنەمای تێکەڵبوونی دیموکراتی، دەکرێت ببێتە چارەسەر.
- گەیشتنی کورد بە پێکهاتەیەک کە تیایدا بتوانن لە ناو جوگرافیای خۆیاندا لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە ئیدارەی خۆیان بکەن.
- تێکەڵبوونیان لەسەر ئەم بنەمایە، بووەتە پێویستییەک کە چیتر ناکرێت دوا بخرێت.
هاوکات کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی دەم، لە میانی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا لە نەمسا جگە لە پڕۆسەی چارەسەریی، ئاماژەیان بە پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ناوەڕۆکی نامەیەکی ئۆجەلانیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکراکرد.
بایندر ئاماژەی بەوەکرد، ئۆجەلان لە نامەکاندا بە پێویستی زانیوە، یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەهێز بکرێت و هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆنتڕۆڵی پارتەکان دەربهێنرێن و لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی بەرگریی هاوبەشدا ڕێکبخرێن.



