خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای مۆڵەتی درێژخایەن کرا
ئەمڕۆ 11ی8ی2026، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای بەخشینی مۆڵەتی دریژخایان کرد، کە فەرمانبەر دەتوانێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ و بە نیوەی مووچەی بنەڕەتی مۆڵەت وەربگرێت،هاوکات ئەو ماوەیەش بۆ خزمەتی خانەنشینی ئەژمار دەکرێت.
بەپێی رەشنوسەکە، کە کۆپییەکی دەست کەوتووە، فەرمانبەر دەتوانێت داوای مۆڵەتی درێژخایەن بکات بەرێژەی 50%ی مووچەی بنەڕەتی، کە ماوەی پێنج ساڵە یان زیاترە، بەو مەرجەی ماوەی ساڵێک زیاتر بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیبێت.
هاوکات،ئەو فەرمانبەرەی مۆڵەتی وەرگرتووە، مافی ئەوەی هەیە مۆڵەتەکەی هەڵوەشێنێتەوە بێ ئەوەی ئەو مووچەیەی وەریگرتووە لێی وەربگیرێتەوە،بەڵام پێویستە شەش مانگ بەسەر مۆڵەتەکەیدا تێپەڕیبێت.
هەر بەپێی پرۆژە یاساکە، ماوەی ئەو مۆڵەتەی فەرمانبەر وەریگرتووە بۆ مەبەستی خانەنشینی ئەژمار دەکرێت، هەروەها دەتوانێت لە کەرتی تایبەتدا کار بکات، بەڵام ئەگەر بڕوانامەی لەو ماوەیەدا بەدەستهێنا،ئەوا بۆی ئەژمار ناکرێت.
پەیوەست بە گرێبەستەکانیش، ئەوە ئەوانیش دەتوانن سود لە یاساکە وەربگرن،کە بەپێی ڕێنماییەک دەبێت کە وەزارەتی دارایی دەریدەکات، بە مەرجێک مافی تەواوکردنی ماوەی گرێبەستەکەیان لەگەڵ ئەو لایەنەی پەیوەستن پێیەوە پارێزراو بێت لەگەڵ تەواوبوونی مۆڵەتەکەدا




