نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی دەگاتە ئاستی نەخۆشخانە جیهانییەکان

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور بەمیوانداری بەرپرسانی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ڕاهێنانێکی مەیدانی و تاقیکارییان لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی بەڕێوەبرد.
ڕاهێنانەکە کە جوڵیوس ئاموتی، بەرپرسی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی لە عێراق بەشداربوو تایبەت بوو بە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە لەناکاوەکان و مامەڵە و بەهاناوەچوونی بریندارانی زۆر لە کاتی دۆخی نەخوازراو و قەیرانەکاندا.
لە میانی ئەم تاقیکردنەوەیەدا، تواناکانی نەخۆشخانەکە خرانە ژێر تاقیکردنەوەیەکی کردارییەوە بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە ستافی پزیشکی چۆن مامەڵە لەگەڵ هاتنی بڕێکی زۆر لە برینداران دەکەن و ڕێکارەکانی دەستبەجێ پێشکەشکردنی چارەسەری بەپەلە چۆن بەڕێوەدەچن.
نەخۆشخانەی شار ئامادەکارییەکی تۆکمەی نیشاندا و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە توانییان بە وشیاری و کارامەییەکی بەرزەوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و فریاگوزارییەکان پێشکەش بە چارەخوازان بکەن لەهەمان کاتدا تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا ژمارە 122هەماهەنگی تەواوی نەخۆشخانەکە بوون لەگواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە .
ئەم راهێنانە بۆ یەکەمجارە لەسەرانسەری عێراقدا بەڕێوەبچێت و راهێنانی چارەسەری رووداوی لەناکاو و قوربانی بە کۆمەڵە MCM، لە کۆتایی چالاکییەکەدا د.شریهاری کاتامانشی بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی خێرای ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەستخۆشیی ئاڕاستەی پزیشکان و ستافی تەندروستیی نەخۆشخانەکە کرد و سەرسامیی خۆی بە ئاستی ئامادەییان دەربڕی.
ڕاشیگەیاند: نەخۆشخانەی شار لەسەر ئاستی عێراق ناوەندێکی تەندروستیی زۆر پێشکەوتووە، بە شێوازێکی بێوێنەو سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ دۆخە سەختەکاندا دەکات و جێگەی شانازییە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نەخۆشخانەیەکی لەم شێوەیە هەیە.
لای خۆشیەوە دکتۆر کڕێوە، بەرپرسی پزیشکی بەڕێوەبردنە پزیشکییەکانی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەستخۆشی و سەرسامی خۆی بە کارەکانی نەخۆشخانەکە لە دۆخێکی وا لەناکاودا کرد و رایگەیاند: ئەو خزمەتگوزارییەی لەم نەخۆشخانەیە پێشکەشدەکرێت تەواو پێشکەوتووە و جێی شانازیە.







