هەموو خزمەتگوزارییەکانی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بەردەستکران


نمونەیەک لە فۆڕمی خۆراکی بەئەلیکترۆنیکراو
پووختەی هەواڵەکە:
- هاونیشتمانییان دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە خزمەتگوزارییەکانی فۆڕمی خۆراک ئەنجام بدەن.
- تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی گەرەنتیی ئەوە دەکات کە خێزانەکان لە بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش نەبن.
- گواستنەوە، زیادکردنی منداڵ و سڕینەوەی ناوی کۆچکردووان لە ئەپڵیکەیشنەکەدا بەردەستکراوە.
- حکومەت کار بۆ قۆناغی کۆتایی دەکات کە دەرهێنانی فۆڕمی نوێیە بۆ ئەو خێزانانەی فۆڕمیان نییە.
چیتر پێویست بە سەردانی فەرمانگەکان ناکات بۆ ڕاییکردنی کاروباری فۆڕمی خۆراک و هاونیشتمانییان دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیانەوە و تەنیا لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە گۆڕانکاری لە خێزانەکانیاندا بکەن. ئەم هەنگاوە ئەلیکترۆنییە کۆتایی بە قەرەباڵغی و چاوەڕوانیی زۆری بەردەم فەرمانگەکانی دابەشکردنی خۆراک دەهێنێت.
ئاسانکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی:
- سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە لە ناو مۆبایلەکاندا بەردەستن.
- هاونیشتمانییان دەتوانن ناوی منداڵ و ئەو کەسانەی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە زیاد بکەن یان ناوی کۆچکردووان بسڕنەوە.
- گواستنەوەی فۆڕم لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە و لە شارێک بۆ شارێکی تر بە ئۆنلاین ئەنجام دەدرێت.
- ئەم سیستەمە نوێیە ڕێگری دەکات لە فەوتانی بەشەخۆراکی مانگانەی خێزانەکان و مافەکانیان دەپارێزێت.
پاشخانی پڕۆژەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو:
پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک کە لە ساڵی 2025ـەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەستیپێکردووە، گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو. لە قۆناغی یەکەمدا زۆربەی خێزانەکان فۆڕمەکانیان گۆڕیوە و گواستنەوە و زیادکردنی منداڵیان ئەنجامداوە. بڕیار وایە قۆناغی کۆتایی تەنیا بۆ ئەو خێزانانە بێت کە تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیەک فۆڕمی خۆراکیان نییە و دەیانەوێت بۆ یەکەمجار فۆڕمی نوێ دەربهێنن.



