لە بارودۆخێکدا کە نایەتە ناو زمانەوە

بەستنەوەی چەمکێکی ئەبستراکت و ئاڵۆزی وەک (ریاڵ-The Real)، لای لاکان بە شیعرێکی فۆرم کلاسیک و ناوەڕۆک مۆدێرنی وەک «هەڵبەستی دەروون»ی گۆران_ەوە، لە هەردوو کایەی فەلسەفەی دەروونشیکاری و ئەدەبیاتی کوردیدا دەشێت سوودبەخش بێت بۆ تێگەیشتن لە ریاڵی لاکانی و هەم لەم توانستەی ئەم شاعیرە کوردە. ئاشنابوون بەم چەمکە لە بەستێنی ئەدەبیاتی کوردیدا، کە لام وایە لە شیعری دیکەی شاعیرانیشدا رەنگی دابێتەوە، لە مژاری مەعریفی ئیپستمۆلۆژیاوە سەرچاوە دەگرێت کە لای فەیلەسوفی ترانسێندێنتاڵی ئەڵمانی (ئیمانوێڵ کانت)دا دەردەکەوێت و دواتریش لای گەورە دەروونشیکاری نەمساوی (زیگمۆند فرۆید) لە دەروونشیکاریدا دەبێتە چەمکێکی بنچینەیی تیۆرە دەروونشیکارییەکەی. بەهەمان شێوە لای لاکان ناوێکی دیکە وەردەگرێت و پەیوەست دەبێت بە بونیادی زمان و چەند مژارێکی دیکەوە. ئەگەرچی چەمکەکە لای کانت ناوێکی دیکەی هەیە و لە بەستێنێکی دیکەدا بەکارهاتووە، دواتریش لە دەروونشیکاریدا بە ئایدیای دیکە باردەکرێت و ناوی دیکە لای هەردوو دەروونشیکارەکە وەردەگرێت و لێکدانەوەی جیاوازی بۆدەکەن.
(ژاک ماری ئێمیل لاکان1901-1981)، دەروونشیکاری فەڕەنسی کە بە «فرۆیدی فەڕەنسی»یش ناویان دەبرد، چەمکێکی ناوازە دەهێنێتە ناو دەروونشیکاری کە پێشتر ئیمانوێڵ کانت، فەیلەسووفی ترانسێندێنتاڵی ئەڵمانی بە جۆرێکی دیکە باسی کردووە و چەمکی «فینۆمین و نۆمین» دێنێتە ناو فەلسەفە.
کانت دەڵێت هەموو ئەو جیهانەی خۆی بۆ ئێمە نمایش دەکات فینۆمینا-Phenomena واتە (دیاردە)یە و چەمکێکی دیکەش کە باسی دەکات نۆمینا-Noumenon واتە (شت لە خۆیدا)یە. ئایا لە دەرەوەی ئەم دیاردەیە چی هەیە کە ئێمە نایبینین و خۆی بۆ ئێمە نمایش ناکات؟ لای کانت، نۆمینا دەکەوێتە چوارچێوەیەکی ئیپستمۆلۆژی و فەلسەفییەوە، هەرچی لای دەروونشیکاری فەڕەنسی لاکان-ە، چەمکی ریاڵ ئەو مانا گشتییەی نییە کە لە زمانی رۆژانەدا بە مانای واقع دێت. ریاڵ لای لاکان واتە پنتێکی داگیرنەکراو کە ناخزێتە ناو چوارچێوەی سیستمی زمان و سیمبول و ئیپستمۆلۆژیاوە.
عەبدوڵڵا سلێمان (ناسراو بە گۆران)، یەکێکە لە ناودارترین شاعیرانی کورد و پێشەنگ و رابەر و نوێگەری شیعری کوردییە. لە یەکێک لە شیعرەکانیدا بەناو «هەڵبەستی دەروون» کە پێکهاتووە لە چەند کۆپلەیەک و لەسەر کێشی خۆماڵی نووسراوە، هەوڵ دەدات ناخ و دەروونی بهێنێتە ناو سیستمی زمان و دنیای سیمبولییەوە
لاکان کە وەک فرۆیدی فەڕەنسی ناوبانگی دەرکردبوو، لە چەمکی نائاگایی دەروونشیکاریی فرۆید سوود وەردەگرێت، بەڵام ریاڵ لای لاکان ئەو پنتە داگیرنەکراوەیە کە لە رێگەی سیمبول و بەها و سیستمی زمانەوە ناتوانین بیگرین، بەڵکو خزاوەتە جێگەیەکەوە کە گوزارشتکردن لێی بە کەرەستە و سیستمی زمان و بەها سیمبولی و یاساییەکان، کارێکی نەکردەیە و ناگیرێت. دەشێت وەها لێی تێبگەین وەکو درزێک وایە کە هەمیشە لە سیستمدا دروست دەبێت و زمان و بەها و سیمبول ناتوانن بەرهەڵستی بکەن، ئەگەرچی لەهەر جێگەیەک پڕی بکەیتەوە، لە شوێنێکی دیکە سەردەردەکاتەوە. ئەم ریاڵە گشتیتر دەبێت و لە دەقی ئەدەبیی و شیعرییدا مانیفێست بەرپا دەکات، لای گۆرانی گەورە شاعیری کوردیش ئەم ریاڵە دەبینین، کە لە هەوڵدا بووە ئەوەی لە دەروونیدایە بیهێنێتە ناو زمانەوە.

گۆرانی شاعیر و ریاڵی لاکان
عەبدوڵڵا سلێمان (ناسراو بە گۆران)، یەکێکە لە ناودارترین شاعیرانی کورد و پێشەنگ و رابەر و نوێگەری شیعری کوردییە. (عەبدوڵڵا گۆران 1904-1962) لە یەکێک لە شیعرەکانیدا بەناو «هەڵبەستی دەروون»(گۆران 1980، ل85)، کە پێکهاتووە لە چەند کۆپلەیەک و لەسەر کێشی خۆماڵی نووسراوە، هەوڵ دەدات ناخ و دەروونی بهێنێتە ناو سیستمی زمان و دنیای سیمبولییەوە و لە یەکەم بەیتدا دەڵێت:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
(گۆران 1980، ل85)
شاعیر هەوڵی داوە شەیدایی و خەیاڵێک کە کاریگەری لەسەر دەروونی داناوە بهێنێتە ناو کۆنتێکست و دەقێکی شیعری، دەیەوێت گوزارشت لە دنیابینی و پەیامی نووسەر بکات، بەڵام لێرەدا گۆران دۆخێک باس دەکات کە پەیوەندیی نێوان زمان و دەروونی مرۆڤ دێنێتە بەر باس. هەروەها پێمان دەڵێت کە نەیتوانیوە ئەوەی لە ناوەوەیدایە، یان بە چەمکە دەروونشیکارییەکە لە نائاگاییدا ئامادەیە، بیهێنێتە ناو دەقە شیعرییەکەیەوە و ناتوانرێت وەک پنتێک بگرێت و بخرێتە ناو جیهانی زمانیەوە. ئەم دۆخە دەروونییە شاراوەیە و بە ئاسانی خۆی نادات بەدەستەوە. ئەم شیعرە زۆر باش پەیوەندیی نێوان ستراکچەری دەروونی و زمان لە رێگەی شیعرەوە بۆ ئێمە باس دەکات؛ کە هاوشێوەی دەروون، زمانیش لایەنی نادیاری هەیە کە بەم کەرەستە و چەمک و تێرمانەی لە بونیاتی زمانەوانیدا هەن -جا بە گشت ژانرەکانی ئەدەبیاتیشەوە- ناتوانێت ئەو نەستەی زمان بێنێتە گۆ. گۆران باس لەو هەوڵدانە دەکات کە خەیاڵێک هەیە مەستی کردووە و ورووژاوە، جۆرێک لە شەیدایی هەیە بۆ خۆکردنەوە و دەربڕینی ئەم بارودۆخەی کە مرۆڤ لە ناوەوە هەستی پێ دەکات، بەڵام ئەم بارودۆخە ناخزێتە ناو چوارچێوەیەک کە خۆی پێی دەڵێت «چوارچێوەی هەڵبەست»، ئەمیش بەشێکە لە جیهانی زمان. لەم کۆپلەیەدا دەردەکەوێت کە زمان و دەروون بە سیستم و بونیاتێکی هەمانشێوە کار دەکەن؛ چۆن مرۆڤ لە دەروونیدا نائاگایی هەیە و بە ئاسانی ئەوەی دەچێتە ناویەوە نایەتە دەرەوە، بە هەمان شێوە بونیادی زمانیش بەوجۆرە کار دەکات.
لە بەیتی دووەمدا شاعیر دەنووسێت:
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم
بۆ چی وەها دوورن لە یەک، نازانم؟!
(گۆران 1980، ل85)
لەم بەیتەدا گۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: ئەوەی لە ناخیدا هەستی پێ دەکات و ئەوەشی کە دێتە ناو زمانەوە و بە کەرەستەکانی زمان باسی لێوە دەکات هەمان شت نین؛ واتە درکی بەوە کردووە کە لە رێگەی جیهانی زمانەوە نەیتوانیوە گوزارشت لەو بارودۆخە بکات. ئەوەی بۆ ئێمە دەردەکەوێت دەربڕینەکانن، ئەگەرچی جیاواز بن و هەمان چەمک و وشە دەروونشیکارییەکان نەبن کە لاکان باسیکردوون، بەڵام گۆرانی شاعیر بە فۆڕمی شیعر شرۆڤەیەکی قوڵی لایەنی سایکۆلۆژیی مرۆڤ و زمان دەکات کە زۆرجار رووبەڕووی دەبینەوە. ئەمەش پەیوەندیی بە کەموکوڕی لە زمانە دیاریکراوەکەدا نییە، بەڵکو بە تەواوی بارودۆخێکی دەروونی و ئیپستمۆلۆژییە؛ کە ئەوەی دێتە ناو زمانەوە، هێشتا ئەوە نییە کە لە دەروونماندایە و دێتە ناو جیهانی زمان و یاسا کەلتورییەکانەوە.
لە دوو کۆپلەی دیکەدا گۆران دەڵێت:
بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە
باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە،
لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن
هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن!
(گۆران 1980، ل86)
دوای ئەوەی پێمان دەڵێت: ئەمەی کە نووسیومە لەم شیعرەدا ئەوە نییە کە ئێوە دەیبینن، چەند شیعری دیکە هەن کە نەهاتنە ناو زمان و نەمتوانی دەریانببڕم و تەعبیریان لێ بکەم؛ بەڵام هێشتا گۆران هەست بەوە دەکات کە ئەوەی لە ناخەوە خرۆشاندوویەتی نەهاتووەتە ناو زمانەوە و هەرگیزیش نایەنە دەرەوە، بەڵام خۆی هەستیان پێ دەکات، دەزانێت لەوێ پاڵنەرێک هەیە کە وایکردووە بە شاراوەیی بمێنێتەوە. دەرکەوتنی ریاڵی لاکانیی لە شیعری کوردیدا، ئەگەرچی بونیاتێکی زانستی و تیۆریزەکراوی نەبووبێت بەو مانایەی لە ئیپستمۆلۆژیای کانت و دواتر لە دەروونشیکاری فرۆیددا تیۆریزەکراوە و چەمکەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ لای گۆران ئەم مەعریفەیە لە رێگەی شیعرەوە دەردەکەوێت و بە چەند کۆپلەیەک باس لەم چەمکە دەکات.
ئەگەرچی گۆران و لاکان هاوسەردەم بوون، بەڵام لەوە ناچێت گۆران ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو چەمکەدا هەبووبێت. کەواتە گەلێک هەست هەن کە دەچنە دەرەوەی زمان، بەڵام مرۆڤ لە رێگەی زمانەوە بیر دەکاتەوە و هۆشیاری و تێگەیشتنی خۆی بۆ دەوروبەر و بوون و هەبووەکان دەهێنێتە ناو زمانەوە. ئەوەی تا چ ئاستێک خود ئاگادارە بەرامبەری، لاکان بەم چەمکە پێی گووتین کە زمانیش هاوشێوەی تۆپێکی دەروونی، نائاگایی هەیە؛ گۆرانیش بە «هەڵبەستی دەروون» پێی گوتین بارودۆخێک هەیە و دەزانم کە هەیە، بەڵام هەرچەندە هەوڵ دەدەم نایەتە ناو زمانەوە.
*سەرچاوەکان:
* Evans, D, 1996. *An Introductory Dictionary of Lacanian Psychoanalysis
* London: Routledge.
* Fink, B, 1995. *The Lacanian Subject: Between Language and Jouissance
* Princeton: Princeton University Press.
* Freud, S, 1915. *The Unconscious
* Standard Edition, Vol. XIV. London: Hogarth Press.
* Kant, I, 1998.
*Critique of Pure Reason.
* Translated by P. Guyer and A. W. Wood. Cambridge: Cambridge University Press.
* Lacan, J., 1977.
* Écrits: A Selection*. Translated by A. Sheridan. New York: W. W. Norton & Company.
* گۆران، عەبدوڵڵا، 1980.
* دیوانی گۆران، ئامادەکردنی د. ئیحسان فوئاد. بەغدا: کۆڕی زانیاری عیراق – دەستەی کورد.



