عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕێککەوتنێکی کاتی واژۆ دەکەن

شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوت، گەیشتە وڵاتی تورکیا بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. سەلیم ڕووکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند کە ئەم سەردانە هەنگاوێکە بۆ ئامادەکاری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لە کەرتی وزەدا.
ڕێککەوتنەکە بە شێوازێکی سێقۆڵی لە نێوان کۆمپانیاکانی سۆمۆ و نەوتی باکوور لە لایەنی عێراقی و کۆمپانیای بۆتاشی تورکی ئەنجام دەدرێت. بە پێی بەڵگەنامەکە، بڕی هەناردەی ڕۆژانەی نەوت بە ٧٥٠ هەزار بەرمیل دیاری کراوە، کە بەشێکی لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی باشوورەوە بۆ باکوور دابین دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت جەختی لەوەش کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم بڕە بەستراوەتەوە بە باشبوونی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان بە تەواوی تواناوە. هەروەها لە قۆناغی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی پڕۆژەی هێڵی بۆریی بەسرە-حەدیسە-کەرکووک-جەیهان، ئامانج دەکرێت توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکرێتەوە.



