بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

سەبتە.. مێژوویەكی داگیركراو و تەقینەوەی قەیرانێكی ئابووریی نێوان ئیسپانیاو مەغریب

شاری سەبتە كە خاكی مێژوویی نێوان مەغریب و ئیسپانیایە، بووەتە مەیدانی تەقینەوەی قەیرانێكی قووڵی مرۆیی و ئابووریپەڕینەوەی هەزاران كۆچبەری مەغریبی بە مەلەكردن بۆ ناو شارەكە و هاتنەپێشەوەی سوپای ئیسپانیا، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی هەژاری، بێكاری و كۆتاییهاتنی “قاچاخی بژێوی”یە، كە دەیان ساڵە ژیانی خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی خستووەتە مەترسییەوە.

راپۆرتەكان دەڵێن: نزیكەی هەزارو 500 كەس هەندێك راپۆرتی دیكەش بە پشتڕاستنەكراوەیی دەڵێن ( 40 هەزار كەس) بەشێوەیەكی نایاسایی و بە مەلەكردن لەمەغریبەوە بەرەو شاری “سەبتە”ی ئیسپانی پەڕیونەتەوە.

شاری سەبتە چییە؟ 

شاری سەبتە چییە؟ شارێكە، كە ململانێیەكی مێژوویی لەسەرە لە نێوان مەغریب و ئیسپانی، مەغریب بە خاكێكی مەغریبی داگیركراوی دەزانێت، لە كاتێكدا ئیسپانیا نزیكەی 350 ساڵە كۆنترۆڵی كردووە و بەبەشێك لە خاك و سەروەریی تەواوی خۆی دەزانێت.

بەهۆی نزیكی شارەكە لە كەناراوەكانی مەغریبەوە، گەیشتن پێی ئاسانە، چونكە مەودای نێوان كەناراوی “فەنیدەق”ی مەغریبی و نزیكترین خاڵ لەسەبتە، بەشێوەیەك تەنها  دوو  بۆ  سێ كیلۆمەترە، هەر ئەمەش وایكردووە زۆر كەس سەركێشی بە ژیانیانەوە بكەن و بەمەلە بڕۆن، هەرچەندە  نۆ كەسیان پێش گەیشتن گیانیان لەدەستدا.

گەورەترین شەپۆلی “داگیركاریی مرۆیی”

هاوكات میدیاكانی ئیسپانیا ئەوەی روودەدات بە گەورەترین شەپۆلی “داگیركاریی مرۆیی” وەسفدەكەن، بەهۆی ئەو ژمارە زەبەلاحەی، كە لەماوەیەكی كورتدا ویستوویانە بگەنە شارەكە.

هەر لەبەر ئەوەش، دەسەڵاتدارانی سەبتە رایانگەیاند: كە لەبەردەم باری نائاسایی مرۆیی و كۆمەڵایەتیدان و داوایان لە حكومەتی ناوەندی لە مەدرید كردووە باری نائاسایی رابگەیەنێت و سوپا بۆ پاراستنی شارەكە بنێرێت.

پۆلیس نەیتوانی بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكات

پاش ئەوەی پۆلیس نەیتوانی بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكات، قەیرانەكە لەسنوورەكان چووە دەرەوەو گەیشتووەتە ناو شەقامەكانی شارەكە، دانیشتووانە ئیسپانییە ناوخۆییەكان رژاونەتە سەر شەقام و پێكدادان لە نێوان ئەوان و مەغریبییەكاندا روویداوە، كە بە “داگیركەر” وەسفیان دەكەن.

پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی هەزاران گەنجی مەغریبی بڕیاریاندا خۆیان بدەنە دەم دەریا و بەرەو سەبتە هەڵبێن؟ راستییەكەی شاری “فەنیدەق”ی مەغریب، كە دەكەوێتە بەرامبەر سەبتە، تاڕادەیەكی زۆر پشتی بە بازرگانی لەگەڵ ئەو شارە ئیسپانییە بەستووە، بەتایبەت ئەوەی پێی دەگوترێت “قاچاخی بژێوی” (التهریب المعیشی)، لەكاتێكدا هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر گواستنەوەی كەلوپەل بوو لە سەبتەوە بۆ مەغریب، زۆربەی ئەوانەشی ئەم كارەیان دەكرد ژنان بوون،  باری قورسیان دەخستەسەر پشتیان و چەندین سەعات لە سەرەدا دەوەستان، تاوەكو بچنە ناو سەبتە و بە كەلوپەلەوە بگەڕێنەوە.

جگە لەوەی ژنان چەند سەعاتێكی كەم لەسەر شۆستەكان دەخەوتن تا سەرە بگرن، هاوكات روبەڕووی بێڕێزیی پاسەوانانی سنووری ئیسپانیا دەبوونەوەو هەندێكیشیان لە كاتی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆی قاچاخچێتیدا لەژێر پێدا گیانیان لەدەستدەدا.

لەلایەكی دیكەوە، ڕاپۆرتێكی پەرلەمانی مەغریب ئاشكرای كردووە، كە نزیكەی سێ هەزارو 500 ژن،  لەگەڵ نزیكەی 200 منداڵ، لەم جۆرە قاچاخچێتییەدا كاریان كردووە، مەترسیدارتر ئەوەیە زۆربەیان تەنانەت نەیانزانیوە ئەو بارەی هەڵیاندەگرت چیی تێدایە، چونكە تۆڕە گەورەكانی قاچاخچێتی، كە هەژاریی ئەوانیان دەقۆستەوە، پڕۆسەكەیان بەڕێوەدەبرد.

مەغریب دەروازەی “باب سەبتە” ی بە تەواوی داخست

لەگەڵ بڵاوكردنەوەی راپۆرت لەسەر خراپیی مامەڵە و دەستدرێژی و دزی و نەخۆشی، مەغریب بڕیاریدا دەروازەی “باب سەبتە” بە تەواوی دابخات و كۆتایی بە بازرگانیی قاچاخی بژێوی بهێنێت، بەمەش هەزاران خێزان لە تاكە سەرچاوەی بژێوییان لەدەستدا، ئامانجی بڕیارەكەش كۆتاییهێنان بوو بە بەكارهێنانی خەڵك، بەڵام لە بەرامبەردا قەیرانێكی ئابووریی گەورەی لە باكووری مەغریب دروستكرد، چونكە فەنیدەق ژیانی لەسەر جوڵەی بازرگانی لەگەڵ سەبتە بوو، ناوەندێك بوو بۆ دابەشكردنی كەلوپەلە ئیسپانییەكان بەسەر شارەكانی مەغریبداو مەبەستی هەزاران مەغریبیش بوو، كە دەچوون بەرهەمە ئەوروپییەكانیان دەكڕی.

هاوكات ڕێكخراوە مافپەروەرەكان لە مەغریب ئەوەی ڕوودەدات دەبەستنەوە بە شكستی سیاستە ئابوورییەكان، بەرزیی ڕێژەی بێكاریی و فراوانبوونی بۆشایی نێوان دەوڵەمەند و هەژار، بەتایبەت لە ناو ئەو گەنجانەی، كە بێئومێد بوون لە بونیادنانی داهاتوو لە ناو وڵاتەكەی خۆیاندا، واقعەكەش دەڵێت ئەوەی لە سەبتە ڕوویدا تەنها قەیرانێك نییە، بەڵكو تەقینەوەی قەیرانێكی ئابووریی و كۆمەڵایەتییە، كە لە ماوەی چەندین ساڵدا كەڵەكە بووە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *