بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

ئامانجی سعودیە لە بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆم

سەرەڕای ئەوەی سعودیە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە و توانای هەناردەکردنی بڕێکی زۆر لە نەوتی خاوی هەیە، هەوڵدەدات بەرنامەیەکی ئەتۆمی شارستانی بنیات بنێت. سەرکردایەتی سعودیە وابەستەیی درێژخایەن بە نەوت وەک تەحەددایەکی ئابووری و ستراتیژی دەبینێت و پێیوایە کە وزەی ئەتۆمی دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە، رێککەوتنی ئەمریکا رێگە بە سعودیە دەدات بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت.
خەونە ئەتۆمییەکانی سعودیە
خەونە ئەتۆمییەکانی سعودیە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەروەها هۆکاری ئابووری و مەدەنییش لە پشت ئەم هەنگاوەوەیە. ئامانجی سعودیە کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە نەوت لە چوارچێوەی پلانی دیدگای 2030 بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی.
پلانە گەورەکانی سعودیە، لەوانەش پەرەپێدانی شارە ئایندەییەکان و ناوەندەکانی داتای زیرەکیی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرفراوان، پێویستیان بە بڕێکی زۆر وزە هەیە، ئەمەش وایکردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت. جگە لەوەش، نائارامییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی کەنداو بەتایبەتی هەڕەشەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، مەترسیی پشتبەستن بە تەنها هەناردەکردنی نەوتی زیاتر دەرخستووە.
ریاز پێیوایە بە خاوەندارێتی بەرنامەی ئەتۆمی مەدەنی دەتوانێت پێگەی نێودەوڵەتی خۆی بەهێزتر بکات و کاریگەریی زیاتری پێببەخشێت لە ناوچەکەدا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا قووڵتر بکاتەوە.
پەیوەستبوون بە رێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە
دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سعودیە بەندە بە پەیوەستبوونی سعودیە بە رێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە. وەزارەتی وزەی ئەمریکا ستایشی رێککەوتنەکەی کرد و بە «مێژوویی» وەسفیکرد و پشتڕاستیکردەوە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی بۆ سعودیە دابین دەکەن.
لە بەیاننامەیەکدا، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەم رێککەوتنە «رەنگدانەوەی پابەندبوونی هاوبەشی هەردوو وڵاتەکەمانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و سعودیە و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی لە ناوخۆ و ئاسایش بۆ هاوپەیمانەکانمان لە دەرەوەی وڵات».
ئاماژەی بەوەشکرد: «دڵنیابن، ئەم رێککەوتنانە پابەندن بە بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی ئەتۆمی و بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، پشت بە باشترین تەکنۆلۆژیا و زانایانی ئەتۆمی لە جیهاندا دەبەستن».
بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی
ئەم رێککەوتنە رێگە بۆ سعودیە خۆش دەکات سوود لە تەکنۆلۆژیای ئەمریکی وەربگرێت بۆ بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، ئەمەش لە چوارچێوەیەکی یاسایی و چاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتیدا دێت، تا رێگری لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی سەربازیی وزەی ئەتۆم بکات.
دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان
ئەم رێککەوتنە کە لە ناوەندە یاساییەکاندا بە رێککەوتنی 123 ناسراوە، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت تا بچنە ناو پڕۆگرامی وزەی ئەتۆمیی سعودیەوە. ئەمەش سوودێکی زۆر بە پیشەسازیی ئەمریکا، کرێکاران و زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا یارمەتیدەری سعودیە دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە.

زیاتر پیشانبدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *