بارزانییەکان، زیاتر لە جارێک جینۆساید کراون

43 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژیی هەشت هەزار مرۆڤی بێ‌تاوان و سڤیلی کوردی بارزانیدا، لەو رۆژەدا رژێمی لەناوچووی بەعس تاوانێکی گەورەی خستە سەر خەرمانی تاوانەکانی کە لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆمەڵکوژیی گەلی کوردستاندا کردویەتی، ئەویش تاوانی جینۆسایدکردنی گەنج و رەگەزی نێرینەی بارزانییەکان بوو.
له تاوانێكی دڕندانه‌ی بێوێنه و پیلان بۆداڕێژراو، رۆژی 31/7/1983 تاوانێكی دڕندانه‌ی ده‌رهەق به گه‌له‌كه‌مان کرد و له یه‌ك كاتدا نزیکەی هەشت هەزار بارزانی مەدەنی و بێچه‌كی راپێچی مه‌رگێكی نادیار كرد و بێسه‌روشوێنیکردن، ئه‌م تاوانه‌ش له درێژه‌ی تاوانەکانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستاندا هات كه رژێمی له‌ناوچووی به‌عس له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی قڕكردن و له‌ناوبردنی كورددا بەڕێوەیبرد.
دوابه‌دوای قۆناغی یه‌كه‌می تاوانەکە ئه‌و به‌رنامه ترسناكه هات كه به راگواستنی بارزانییه‌كان له زێدی باوك و باپیرانیان ده‌ستیپێكرد و بەرەو كۆمه‌ڵگه زۆره‌ملێكانی به‌حركه و قوشته‌په و هه‌ریر راگوێزران.
راگواستن و دوورخستنەوەیان لە زێدی باب و باپیرانیان
بە بیانووی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنووری دەوڵەتی عیراق 11/11/1975 رژێم زۆرینەی خەڵکی گوندەکانی بارزانی راگواست و لە زێدی خۆیان دووریخستنەوە و لە ئاووهەوای سازگاری دەڤەرەکەیان بێبەشیکردن و تەنانەت لە سەردانی گۆڕی ئازیزانیشیان بێبەشیکردن و لەوێشەوە رایگواستن بۆ سنووری شاری دیوانیه و لەوێ ژیانێکی سەخت و کولەمەرگیی بەسەردا سەپاندن.
جارێکی دیکە لە مانگی شەشی ساڵی 1978 رژێم بەشێکی دیکەی خەڵکی سنوورەکەی راگواست و لە زێدی خۆیان دووریخستنەوە، لە 20/8/1980 قۆناغی جێگیركردنی بارزانییه‌كان له كۆمه‌ڵگە زۆره‌ملێکانی سنووری هه‌ولێر لە قوشتەپە و هەریر و بەحرکە جێبەجێیکرا.
تاوانی بێسەر و شوێنکردنی (8000) رەگەزی نێرینەی بارزانی
رێكه‌وتی 31/7/1983 رژێمی له‌ناوچووی بەعس كۆمه‌ڵگەكانی قوشته‌په و به‌حركه و هه‌ریری له سنووری پارێزگای هه‌ولێر گەمارۆ دا، كه پێشتر له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ڕێژی بۆ تاوانێكی لەوشێوەیەدا دایڕشتبوو، سه‌رجه‌م گه‌نج و لاو و پیاوانی بارزانییەکانی راپێچی چاره‌نووسێكی نادیار كرد و بێسه‌روشوێنی كردن، هه‌ر دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له بیابانه‌كانی سه‌ماوه زینده‌به‌چاڵیكردن، تائێستا چاره‌نووسی زۆربه‌یان نادیار و ته‌نانه‌ت رووفاتی زۆرینه‌یان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
دۆزینەوەی رووفاتی بارزانییەکان
دوای رووخانی رژێمی له‌ناوچوو پرسی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان پرسێكی گه‌رم بوو، دۆسێی بارزانییه‌كانیش یه‌كێك بوو له پاڵ پرسی سه‌دان هه‌زار قوربانی ئه‌نفالدا، ئه‌وه بوو هه‌وڵه‌كان چڕكرانه‌وه بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی رووفاته‌كانیان. دوای هه‌وڵێكی زۆر چه‌ند گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه و یه‌كێک له‌و گۆڕانه گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی بارزانییه‌كان بوو له سنووری «بوسه‌یه» له ناوچه‌ی سه‌ماوه، له 17/10/2005 به دوو قۆناغ « 606» رووفات دۆزرانه‌وه، ته‌نیا له یه‌كه‌م گۆڕدا «503» رووفات و له هی دووەمدا «93» رووفات دۆزرانه‌وه و گه‌ڕێندرانه‌وه زێدی خۆیان له بارزان.
پرۆسه‌ی گه‌ڕان و به‌دواداچوون به‌ردەوام بوو له 6/3/2014 رووفاتی «93» گۆڕ غه‌ریبی دیکەی بارزانی هه‌ر له سنووری «بوسه‌یه» دۆزرانه‌وه و هێنرانه‌وه باوه‌شی كوردستان.
له درێژه‌ی سۆراغكردنی بارزانییه جینۆسایدكراوه‌كاندا، ساڵی 2022 رووفاتی «100» قوربانیی دیکە دۆزرانه‌وه و گه‌ڕێندرانه‌وه كوردستان، له هه‌موو قۆناغه‌كاندا و بە رێوڕەسمی شایسته له گۆڕستانی بارزانییه جینۆسایدكراوه‌كان لە زێدی باب و باپیرانیان بەخاک سپێردران.
ئه‌وه‌ی جێگەی سه‌رنجه رووفاتی ئه‌و بارزانییه جینۆسایدكراوانه‌ی هێنراونه‌ته‌وه كوردستان و بەخاک سپێردراون، نموونه‌ی ئێسكیان لێوه‌رنه‌گیراوه، بۆئەوەی له‌گه‌ڵ خوێنی كه‌سوكاره‌كانیان به‌راورد بكرێت و بناسرێنه‌وه، هه‌روه‌ك قاعیده‌یه‌كی بەیاناتی تایبه‌ت به كه‌سوكاری قوربانییەکان نییه، بۆئەوەی هه‌ر كاتێك رووفاتێك بدۆزرێته‌وه له رێگەی DNA بناسرێنه‌وه، لەبەرئەوە پێویستە حكومه‌تی هه‌رێم كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات و له‌پاڵ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كاندا بۆ دۆزینه‌وه رووفاتی قوربانییانی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، كار له‌سه‌ر دروستكردنی قاعیده‌یه‌كی کۆکردنەوەی زانیاری بكرێت و نموونه‌ی خوێن له كه‌سوكاری شه‌هیدان وه‌ربگیرێت، بۆئەوەی هه‌ر كاتێك رووفاتێك ده‌دۆزریته‌وه بناسرێتە‌وه.
کەلوپەلی بەجێماو
بۆ نیشاندانی ئه‌و كه‌رەسته و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌دا دۆزرانه‌وه، له‌لایه‌ك و ئه‌و یادگاری و كه‌رەسته و كاڵایانەی جینۆسایدكراوانی بارزانییەکان به هه‌وڵی رێبوار ره‌مه‌زان كه خۆی رۆڵەی یه‌كێک له جینۆسایدكراوە بارزانییەکانە كۆكراوه‌ته‌وه و له مۆزه‌خانه‌ی بارزانییه جینۆسایدكراوه‌كان دانراوە.
هەروەک ئێستا مۆنۆمێنتێکی شایستە لە نزیک گۆڕستانی بارزانییە جینۆساید کراوەکان دروستکراوە و پەیکەرێک وەک ئاماژە بۆ رۆحیانەتی 8000 بارزانی جینۆسایدکراو دروستکراوە، هەرکاتێک وەفدێک سەردانی دەکات، تاجەگوڵینەی لەسەر دادەنێت.
دوای دروستبوونی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق، كه‌یسی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان یه‌كێک بوو له‌و كه‌یسانه‌ی دوای زنجیره‌یه‌ك دانیشتنی ئه‌و دادگایه یه‌كلایی كرایه‌وه و به تاوانی جینۆساید ناسێنرا.


