ئەکرەم خوزام و حەسەن کاشفەکانی سەردەم

خەریکە متمانە لای بەشێک لە خوێنەر و بیستەر و بینەرانی بە سەلیقە و وێڵی دوای هەواڵ و زانیاریی راست و دروست بەتەواوەتی لەق دەبێت بە پێگەی زۆرینەی میدیاکان و کارەکتەرە میدیاییەکان، بەتایبەتی ئەو کارەکتەرە میدیاییانەی لە بواری هەواڵ و راپۆرتی سیاسیی کەناڵ و ماڵپەڕ و ئەو پەیجانەی بەناوی عەجیب و غەریبەوە هەواڵ و راپۆرتی دەنگیی و ڤیدیۆیی پێشکەش دەکەن و لەم سەردەمەدا دەبینرێن، کە زۆرینەیان بە ئاگا یان بێ ئاگا لەشێوازی قسەکردن و قفڵکردنی راپۆرتەکانیاندا لاسایی ئەکرەم خوزام-ی پەیامنێری مۆسکۆی (الجزیرة) دەکەنەوە و بەداخەوە لە داتاشینی هەواڵ و راپۆرتی چەواشەکاریشدا لاسایی حەسەن کاشفی پەیامنێری بەغدای رادیۆی مۆنتی کارلۆی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەکەنەوە.
رەنگە هەبن لە نەوەی ئێستا ئەم دوو کارەکتەرە میدیاییە بیانییە نەناسن، بەڵام ئەدای خوێندنەوەی راپۆرت و داتاشینی هەواڵ و راپۆرتیان دەستاودەست لە نەوەی پێش خۆیانەوە وەرگرتبێت، بۆیە بۆ ناساندنی ئەم دوو کارەکتەرە دەهێنێت بگەڕێینەوە بۆ (ڤار).
بە گەڕانەوە بۆ ڤار تێدەگەین کە خەڵکی حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو سەرەڕای ئەوەی زانیارییان وەک ئێستای سەردەمی بە جیهانیبوون لە بابەتەکانی ئیتیکی رۆژنامەنووسی و کەینوبەینە سیاسییەکانی پشت پەردە نەبوو (کە ئێستا هیچ زانیارییەک بۆ 12 سەعات بە نهێنی نامێنێتەوە و دەستبەجێ لە راڕەو و ژوورە نهێنییەکانی بڕیارەوە دزە دەکەنە ناو میدیاکانەوە)، بەڵام لەبەرئەوەی خەڵک راپۆرت و هەواڵی میدیاکانی بە راست و دروست وەردەگرت و بەراوردی نێوان رادیۆی مۆنت کارلۆ و هەواڵەکانی ئەو رادیۆیەی بە هەواڵ و راپۆرتەکانی دەنگی ئەمریکا و بی بی سی بەراورد دەکرد، لەسەر یەک بابەتی دیاریکراو، هەر بە سەلیقە دەیانزانی چەواشەکاریی بەسەر هەواڵ و راپۆرتەکانی حەسەن کاشفدا زاڵە، بۆیە بە (حەسەن کاذب) ناوزەدیان کردبوو.
هەر بەگەڕانەوە بۆ ڤار و سەردەمەکەی حەسەن کاشف، رەنگە کەمێک مافی ئەوەی پێبدەین کە بۆچی هەواڵ و راپۆرتەکانی بەچەواشەکراوی دەگەیاندە رادیۆکە، چونکە ئەو سەردەمە حەسەن لە بەغداوە پەیامی دەنارد و دەبوو هەموو ئەو پەیامانەی دەیخوێندنەوە بەر لە رەوانەکردنی لەلایەن وەزارەتی راگەیاندنی عیراق و دەزگای هەواڵگریی عیراقەوە بپشکنرێت و شتێکی تێدا نەبێت کە (زەرەر بە پەزەکان) بگەیەنێت، چونکە رژێمی پێشووی عیراق کاکەلە و برالەی نەدەزانی و بێ سڵکردنەوە لەسێدارەی دەدا وەک ئەوەی لەسەر (مشتێک خۆڵەمێش) بەرامبەر فەرزاد بازۆفتی بەڕەگەز ئێرانیی خاوەن رەگەزنامەی بەریتانی کرد لە ساڵی 1990دا.
ئەگەر دووبارە بگەڕێینەوە بۆ ئێستا، ماڵوێرانییەکە لەوەدایە هێندەی بینەر و بیستەر و خوێنەری ئێستا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئالودە و پەسەندکاری ئەو شێوازەی حەسەن کاشفەکانی ئەم سەردەمەن، نیو هێندە هەواڵ و راپۆرتە راست و دروستەکان پەسەند ناکەن، هەربۆیە پەیامنێری هاوشێوەی حەسەن کاشف زۆربوون و تادێت پەیج و سایت و کەناڵی هاوشێوەش لەبرەو و پەرەسەندندان.


