ئەزموونی سەرۆك مام جەلال بۆ عیراق مایەی خێربوو

مام جەلال وەك یەكەم سەرۆككۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی نوێ، بەشایەدی دۆست و نەیارەكانی گەرەنتیكاری پاراستنی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عیراق و كۆكەرەوەی دیدگاو ڕوانگە جیاوازەكان بوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش بەئەزموونی خۆی بەجۆرێك هاوسەنگیی ڕاگرت كەگۆڕەپانی سیاسیی عیراقی لەشەڕی بەوەكالەتی بەرژەوەندییە جیاوازەكان پاراست، هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان و بەئەولەویەت وەرگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەكانی كردبووە قیبلەنومای خەباتە سیاسیەكەی و بەردەوام برەوی پێدەدا، بۆیە ئاستەمە غیابی سەرۆك مام جەلال پڕببێتەوە.
سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی راشیدەگەیەنێت: “مام جەلال هەرگیز نەچووەتە كۆبوونەوەیەكەوە كە زانیبێتی سەركردایەتی كۆبوونەوەكە ناكات، ئەمەش وایكردبوو لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بەچاوێكی دیكە لەرۆڵی سەرۆك مام جەلال و كورد بڕواندرێت، ئەمەش ئەنجامی وردی و بەتوانایی سەرۆك مام جەلال بووە”.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر دەشڵێت: “سەرۆك مام جەلال باكگراوندێكی پڕ مەعریفی هەبووە، ئەمەش سوودی زۆری بە پەیوەندییەكانی گەیاندبوو، دواجاریش ئەو ئەزموونە بووبووە مایەی خێر بۆ گەلانی عیراقیش، بۆیە بەدڵنیاییەوە هیچ سەركردەیەك نییە هێندەی سەرۆك مام جەلال سیاسی بووبێت و هێندە رۆڵی گرنگ لە عیراق و ناوچەكەدا ببینێت”.
مام یەكەم سەرۆك كۆماری كوردبوو
لە ساڵی 2003 دوای ئەوەی ئەمریكاو هاوپەیمانانی توانیان كۆتایی بە دەسەڵاتی رژێمی بەعس بهێنن لەعیراق، ئەنجومەنێكی كاتی پێكهێنرا بۆ بەڕێوەبەردنی عیراق، ئەو ئەنجومەنە بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ كارەكانی بەردەوامبوو تا لەساڵی 2005دا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێكهێنراو لە رۆژی 6-4-2005 سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا و ئەوە بۆ یەكەمجاربوو لە مێژووی عیراقدا كوردێك ببێت بە سەرۆك كۆمار ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ گەلی كورد.
رۆژێكی مێژوویی
ئەو رۆژە مێژوویی بوو بۆ گەلی كورد چونكە یەكەمجار بوو لە مێژووی حكومڕانی عیراقدا كوردێك وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، هەر لەو رۆژەشدا جۆرج بۆش كە سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا بوو پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی لە سەرۆك مام كرد، لەلایەكی تریشەوە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی رژانە سەر شەقامەكان و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی كە كوردێك توانی ببێت بە سەرۆك كۆماری عیراق، هەروەها لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ژمارەیەكی زۆر بەرپرسان پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە لە سەرۆك مام جەلال و گەلی كورد كرا.
رۆڵی سەرۆك مام جەلال لەعیراق
پاش ئەوەی كە سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا، سەرجەم پێكهاتەكانی عیراقی لە ژێر چەتری پێكەوە ژیان كۆكردەوە، ئەوەش ئەركێكی قورس بوو، عیراقییەكان ئەو هەوڵەیان بەرز دەنرخاند، بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتنی ئیدی كێشەكان سەریان، بەزیرەكی و سیاسەتی ناوازەی خۆی توانیبوو ئەو ئەركە قەرسە رایی بكات چونكە عیراق چەندین پێكهاتە لە خۆ دەگرێت و بیروڕاو مەزهەبی سەرجەیمان جیاوازە وەك كورد و عەرەب و توركمان و ئێزیدی و ئاشوری و كلدانی و مەسیح … ئەمە جگە لەوەی عەرەب كە لە دوو مەزهەب پێكهاتوون سوننەو شیعە.
ئەو ئەركەی سەرۆك مام زۆر قورسبوو، چونكە جیاوازی بیروڕا هەموو كات كێشەكانی ئاڵۆزتر دەكرد، سەرۆك مام لەلای عیراقییەكان خۆشەویست بوو هەروەها هەموو پێكهاتەكانی هانایان بۆ دەبرد بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان.



