کۆبوونەوەی بەپەلەی بەغدا؛ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و کشانەوەی هاوپەیمانان
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە دۆخی ئەمنیی وڵات دوای هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە ئاسمانییە لە کاتێکدا بوو کە حکومەتی عیراق لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدا بوو بۆ لێکۆڵینەوە لەو زانیاریانەی عیراق بە بەئامانجگرتنی خاکی سعودیە تۆمەتبار دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنەکە بڕیاری داڕشتنی پلانێکی ئەمنی تۆکمەی دا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگری لە هەر جوڵەیەک کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخاتە مەترسییەوە. هەروەها وەزارەتی دەرەوە ڕاسپێردرا تا لە ڕێگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مافە یاساییەکانی عیراق بەڵگەدار بکات و بیپارێزێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەغدا جەختیکردەوە کە وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە تەنها لە دەسەڵاتی تایبەتی حکومەت و دامەزراوە دەستوورییەکاندایە، عیراق پابەندە بە سیاسەتی بێلایەنی و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ هەرێمییەکان لەسەر بنەمای درواسێیەتیی باش. هاوکات ڕەتیکردەوە هیچ لایەنێک کردەوەی تاکلایەنە ئەنجام بدات کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی جەختیکردەوە لەسەر بەردەوامبوونی ڕێکارەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٦دا. هەروەها ئاماژەی دا بە بەردەوامبوونی پلانی دەوڵەت بۆ هێشتنەوەی چەک لە دەستی دامەزراوە رەسمییەکاندا




