عێراق لەبارەی هێرشەکان بریار دەردەکات

حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە دەکات و زنجیرەیەک بڕیار دەردەکات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح الزیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتە ئامنییەکان و ئەو هێرشە ئاسمانییەی لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودییەوە ئەنجامدرا، کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن صباح النعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، توندی ئیدانەی ئەم دەستدرێژییەی کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکە لە کاتێکدا بووە حکومەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە پەیوەندیدا بووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو باباتانەی تایبەت بوون بە بەئامانجگرتنی خاکی سعودیە.
حکومەتی عێراق جەختی کردەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە تەنها لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی حکومەت و دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەتدایە، ڕەتیشی دەکاتەوە خاکی عێراق بشێوێندرێت یان بکرێتە مەیدانی ململانێ هەرێمییەکان.
گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە:
- داڕشتنی پلانی ئاسایش: ئامادەکردنی پلانێکی ئەمنیی تۆکمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زەمینی و ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی عێراق، هەروەها ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
- جووڵەی دیپلۆماسی: ڕاسپاردنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کارکردن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی بەدواداچوون و پاراستنی مافەکانی عێراق.
- کۆنتڕۆڵکردنی چەک: جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی جێبەجێکردنی پلانی حەسری چەک لەدەستی دەوڵەتدا.
- کشانەوەی هاوپەیمانان: دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی عێراق بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.



