بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

ئەو لاوەی لە 18 ساڵی تەمەنیدا سێ وێستگەی خەباتی بڕی

گەڕەكی مەڵكەندی و گەڕەكەكانی دەوروبەری، وەك ئیبراهیم پاشا، سابوونكەران، حاجی حان و پیرمەسوور، لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە تا راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991، هەمیشە كانگا و سەرچاوەی پێگەیاندنی ئەو لاوە چاونەترسانە بوون كە روویان دەكردە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
پێشمەرگە و شەهیدەكانی ئەم گەڕەكانە ئەوەندە زۆرن لە ژماردن نایەن؛ ئەگەرچی زۆربەیان ناویان لە مێژوودا تۆمار كراوە و یادیان دەكرێتەوە، بەڵام هەندێكیشیان سەرەڕای گەورەیی خەباتەكەیان، وەك پێویست ئاوڕ لە مێژووەكەیان نەدراوەتەوە. یەكێك لەو قارەمانانەی كە شایستەی هەمیشە یادكردنەوەیە، شــەهید (بەكر نەسرەدین عەزیز)ە.
شەهید بەكر هاوڕێی منداڵیم بوو، ئەگەرچی لە تەمەندا لە من بچووكتر بوو، بەڵام لە بیركردنەوە و ئازایەتیدا لە تەمەنی خۆی زۆر گەورەتر بوو، ئەو خولیایەكی سەیر و بێپایانی بۆ ژیانی پێشمەرگایەتی، كاری سیاسی و دۆزی نەتەوەكەی هەبوو.
لەدایكبووی ساڵی 1965ی گەڕەكی سابوونكەرانی شاری سلێمانییە، لە باوەشی خێزانێكی كەم دەرامەت، بەڵام نیشتمانپەروەردا گەورە بووە، تەمەنی منداڵی و مێردنداڵی لە كۆڵانەكانی سابوونكەران، مەڵكەندی و پیرمەسوور بەڕێكرد، بەهۆی ئەوەی هەموو هۆش و بیركردنەوەی لای خەبات و عەشقی پێشمەرگایەتی بوو، دڵی بە خوێندنی قوتابخانە خۆش نەبوو و تەنیا قۆناغی سەرەتایی تەواو كرد، لە پاڵ ئەمەشدا، گەنجێكی وەرزشدۆست بوو، حەزێكی زۆری بۆ یاریی تۆپی پێ هەبوو و وەك یاریزانێكی لێهاتوو لە تیپی وەرزشیی (بابان) یاریی دەكرد.
شەهید بەكر لە تەمەنێكی زۆر كورتدا، توانی سێ وێستگەی قورسی خەبات تاقیبكاتەوە، یەكەم: خەباتی نهێنی: كاتێك لە ساڵی 1980 رویكدرە خەباتی نهێنی و پەیوەندیی كرد بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، تەمەنی 15 ساڵ بوو، هێندە چالاك و بە ورە بوو، سەرنجی دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی بەعسی راكێشا.
دووەم: خەباتی زیندان: بە هۆی چالاكییە بەرچاوەكانییەوە، كەوتە داوی دوژمن و دەستگیركرا، لەناو ژوورە تاریكەكانی زینداندا، چۆكی بۆ جەللادەكان دانەدا، قارەمانانە و خۆڕاگرانە هیچ شتێكی نەدركاند و سەربەرزانەش ئازادكرا، دوای ئازادبوونی، بێ سڵەمینەوە دەستی بە كاری رێكخستن كردەوە، تا لە ساڵی 1981دا دووبارە فەرمانی دەستگیركردنەوەی بۆ دەرچوو.
سێیەم: خەباتی شاخ: ئەمجارەیان رێگەی نەدا دوژمن دەستی پێبگات، خۆی حشاردا و رووی كردە چیاكان و بوو بە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ، بەمەش گەیشتە گەورەترین ئاواتی ژیانی كە پۆشینی جلوبەرگی پێشمەرگایەتی بوو، دوای پێكهێنانی تیپەكان، لە تیپی  33ی سلێمانی گیراسایەوە و درێژەی بە پێشمەرگایەتی دا.
بەداخەوە، تەمەنی پێشمەرگایەتی ئەم لاوە شۆڕشگێڕە كورت بوو، شەوی 28\29/6/1983 لە كاتی گەڕانەوەیان لە چالاكییەكی گرنگ و سەركەوتووی ناو شاری سلێمانی، خۆی و پۆلێك لە هاوسەنگەرانی، لە گوندی (قڕگە)ی خۆرهەڵاتی سلێمانی كەوتنە بۆسەی بەکرێگیراوانی رژێمەوە و دوای بەرگرییەكی قارەمانانە، لە تەمەنی 18 ساڵیدا شەهیدكرا و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە، ئەو رووداوە، لە مێژووی شۆڕشی نوێ و گەلی كورددا بە كارەساتی 17 شەهیدەكەی قڕگە ناسراوە كە تیایدا 17 پێشمەرگەی قارەمان، شەهید كران.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاك و بێگەردی هاوڕێی منداڵیم، شەهید بەكر نەسرەدین و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاریی كوردستان.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *