یادی جیهانیی ژمێریاران لە سلێمانی بەرز ڕاگیرا

سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان لە شاری سلێمانی، دیدارێکی تایبەتی بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژمێریاران ڕێکخست؛ کە تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، کەسایەتییە پیشەییەکان، بەڕێوەبەران، نوێنەرانی کۆمپانیاکان و کارمەندانی سەندیکا بەشدارییان کرد.
ئەمڕۆ 11ی11ی2026، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیدارێکی تایبەتی بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژمێریاران ڕێکخست و لە وتارێکیشدا، ئەمەل جەلال لێپرسراوی بۆردی ڕێکخراوەکان، جەختی لەسەر گرنگیی پیشەی ژمێریاری و ڕۆڵی بنەڕەتیی ژمێریاران و وردبینان کردەوە لە بەهێزکردنی شەفافیەت، بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوە داراییەکاندا، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی پەرەپێدانی تواناکانی زانستی و پیشەیی و گونجاندنی ئەم پیشەیە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا کرد و دووپاتی کردەوە کە بۆردی ڕێکخراوەکان لە پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی سەندیکا بەردەوام دەبێت.
لای خۆیەوە ئەمیرە جەلالی، لێپرسراوی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.
پاشان دیدارەکە بە بەڕێوەچوونی پانێلێک درێژەی پێدرا بە ناونیشانی «ڕۆڵی ژمێریاری و وردبینی لە بەهێزکردنی شەفافیەت و پەرەپێدانی سیستەمی دارایی لە دامەزراوەکاندا»، کە تێیدا تیشک خسترایە سەر چاودێریی دارایی، ئالنگارییەکانی بوارەکە و گرنگیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ.
لە کۆتایشدا، وەک دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوکاریی بەردەوامی بۆردی ڕێکخراوەکان، خەڵاتی ڕێزلێنانی سەندیکا پێشکەش بە هەڤاڵ ئەمەل جەلال کرا، هاوکات لەلایەن بەرپرسانی ئامادەبووەوە، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە پانێلیستەکان و پێشکەشکاری دیدارەکە بۆ بەشدارییە کاریگەرەکەیان لە سەرکەوتنی یادەکەدا.



