ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

وەزارەتی زیرەکیی دەستکرد!

لە عیراق مشتومڕ گەرمە کە گوایە وەزارەتێکی تایبەت بە ناوی وەزارەتی زیرەکیی دەستکرد دادەمەزرێت، بەڵام بەر لەوەی بیر لە دامەزراندنی وەزارەتێکی نوێ بکەینەوە، پێویستە پرسیارێکی زۆر سادە لە خۆمان بکەین، ئایا ئەو کێشەیە چییە کە ئەم وەزارەتە چارەسەری دەکات و دەزگا و فەرمانگەکانی ئێستا ناتوانن چارەسەری بکەن؟
 ئێستا چەندین دەزگا و ناوەند لەم بوارەدا کار دەکەن، هەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەمیش لەسەر ئاستی عیراق، کەواتە، پێش زیادکردنی وەزارەتێکی تر، مافی خۆمانە بپرسین: ئەم دەزگایانە چییان کردووە؟ بەربەستەکانی بەردەمیان چین؟ ئایا کێشەکە لە نەبوونی دامەزراوەدایە، یان لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان، لاوازیی هەماهەنگی و نەگۆڕانی پلانەکان بۆ دەرئەنجامی بەرجەستەکراو؟
مەسەلەکە دژایەتیی دامەزراندنی وەزارەتێک نییە بۆ زیرەکیی دەستکرد، بەڵکو ئەگەر کێشەکە لە دەسەڵات، بەڕێوەبردن، یان جێبەجێکردندا بێت، ئەوا زیادکردنی وەزارەتێکی نوێ بێ چارەسەرکردن و بنەبڕکردنی ئەم کێشانە، تەنها مانای زیادبوونی پۆست و خەرجی و تێکەڵاویی کارگێڕییە، لە کاتێکدا کێشە بنەڕەتییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.
زیرەکیی دەستکرد تەنها ناوێکی مۆدێرن نییە بۆ خستنە سەر ناوی وەزارەتێک، بگرە ئەوەی پێشنیازی وەزارەتێکی لەو شێوەیە دەکات هەر لە خودی زیرەکیی دەستکرد تێنەگەیشتووە. دەبێت ئەو داهێنراوە نوێیە ئامرازێک بێت بۆ یارمەتیدانی دەوڵەت لە کەمکردنەوەی بە فیڕۆدان، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و ئاسانکردنی ژیانی هاووڵاتیان. لەبری ئەوەی بپرسین بۆچی وەزارەتێکی زیرەکیی دەستکردمان نییە، با بپرسین چی رێگرە لەبەردەم دامەزراوەکانی ئێستا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە؟
پێش هەموو شتێک، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و پاشان لە عیراقدا پێویستە، زیاتربوونی هۆشیاریی ئەلیکترۆنی و هۆشیاریی دیجیتاڵییە. دەبێت کۆمەڵگە و دامەزراوەکان پێش فراوانکردنی ئاراستەی کارکردن، بە شێوازێکی زانستی بێنە ئاستی تێگەیشتنی جیهانی دیجیتاڵی. ئەگەر بڕیار بێت گۆڕانکاریی ریشەیی بکرێت، زۆر باشترە کە وەزارەتەکە تایبەت بێت بە «کاروباری دیجیتاڵی» بە گشتی، نەک تەنها ناوێکی سنووردار، چونکە ئابووری و بەڕێوەبردنی مۆدێرن لەسەر بنەمای تەواوی ژێرخانی دیجیتاڵی بنیات دەنرێن.
ئەگەر بۆشایی، یان درزێکی راستەقینە هەبێت کە تەنها بە وەزارەتێکی سەربەخۆ پڕ دەبێتەوە، با لەسەر بنەمای توێژینەوەی روون، دەسەڵاتی دیاریکراو و ئامانجی دیاریکراو بێت، نەک تەنها بۆ زیادکردنی پێکهاتەیەکی نوێ بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت.
لە کۆتاییدا، عیراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە زۆربوونی دامەزراوە نییە، بگرە خۆمان گیرمان خواردووە بەدەست دامەزراوەی بێ کەڵک و بێکارەوە، بەڵکو پێویستمان بە دامەزراوەیەکە بزانێت چی دەوێت، توانای جێبەجێکردنی هەبێت و بەرپرسیارێتیی هەڵگرێت.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close