رۆژی جیهانیی ژنانی لادێ

لە پاوان و باخ و لادێ چۆڵکراوەکانەوە تا تەڵە درەوشاوەکانی شار
ساڵانە لە 15ی تشرینی یەکەمدا، وڵاتان بە دروشم، کۆنفرانس و سیمینار، یادکردنەوە بۆ رۆژی (ژنانی لادێ) رێکدەخەن، لە کاتێکدا لادێکانی کوردستان بە بێدەنگی، بێگوێدانە حوکمڕانی و بێباکیی دەسەڵات، بەرەو کۆچکردن، چۆڵبوون و کوێربوونەوەی یەکجارەکی هەنگاو دەنێن. لادێ، کە لە درێژایی مێژووی کورددا قەڵای رەسەنایەتی، بەرهەمهێنانی خۆماڵی، ئابووریی خۆبژێوی و چرۆی پڕبەرەکەتی ژیان بووە، لە رۆژە سەختەکانی خەباتیشدا لانکەی شۆڕش و شوێنگەی داڵدەدان و ئاگردانی گەرم بووە، ئەوەتا لادێی کوردەواری ئەمڕۆ لەژێر گوشاری خەمی لەناوبردنی ئابووریی سەرمایەداریی، کەمتەرخەمیی سیستمی ئیداری، هێرشی بەردەوام و بێنەخشەی ئاکاری میدیایی و کلتوریدا، خەریکی دوایین هەناسەکانییەتی.
تەنها کێشەیەکی کاتی نییە
ئەم دۆخە نەخوازراوە تەنها کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ستراتیژی و قووڵە کە رەگ و ریشەی لە چەندین فاکتەری تێکئاڵاودا گەشەیان کردووە لەوانە:
* نەبوونی نەخشەیەکی ئیداریی نیشتمانی و قەیرانی پەراوێزخستنی لادێ. لە روانگەیەکی زانستی، ئیداری و کۆمەڵناسییەوە، یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم کارەساتە دیموگرافی و ئابوورییە، نەبوونی (نەخشەیەکی ئیداری و ستراتیژییەکی نیشتمانیی گشتگیرە) بۆ گەشەپێدانی گوندەکان، نەبوونی دیدێکی زانستی و پلانی ستراتیژی بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نێوان شار و لادێ، وایکردووە سیاسەتی گەشەپێدان تەنها لە چەقی شارە گەورەکاندا کۆببێتەوە و گوندەکان پشتگوێبخرێن.
لەم رووەوە شارەکان بە شێوازێکی نەرێنی و بە ئاراستەی (ئاسۆیی و ستوونی) گەورە دەبن، بێ ئەوەی بنەمایەکی ئابووریی راستەقینە، پیشەسازی یان بەرهەمهێنەر لەپشت ئەم فراوانبوونەوە هەبێت، چونکە ئەم گەورەبوونە خێرا و نامۆیە، نەک لەسەر بنەمای بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و دامەزراندنی کارگەی پیشەسازیی بەرهەمهێنەر بنیاتنراوە، بەڵکو تەنها پشت بە بێکاریی دەمامککراو دەبەستێت، کە پەردەپۆشکردنی بێکارییە بە میکانیزمی دامەزراندنی وەهمی و ناتەندروست لە کەرتی گشتیدا.
لەم هاوکێشە ناتەندروستەدا، خەڵک بە ناچاری یان بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە، زێدی باوان و کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانیان چۆڵدەکەن، لە بەرامبەردا، شارەکان پڕدەبن لە بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، کردنەوەی شوقە و سیتیی گرانبەهای هەڵخەڵەتێنەر، کە تەنها خزمەت بە سیستمی سەرمایەداریی مشەخۆر دەکەن و هیچ بەهایەکیان بۆ ئابووریی نیشتمانی نییە.
*کاریگەریی میدیا، رێکلام و جیهانگیری، لەسەر ئاوەز و حەزەکانی خەڵک، لەپاڵ قەیرانە ئیداری و ئابوورییەکاندا، فاکتەرێکی تری زۆر کاریگەر و بڕیاردەر بریتییە لە رۆڵی (میدیا، ریکلامی بازرگانی و شەپۆلی جیهانگیری) لەسەر گۆڕینی ئاوەز و حەزەکانی نوێبوونەوە، بەتایبەت لەناو خێزان و توێژی ژناندا، لێرەدا جۆرێک لە ناهۆشیاری و فریودان روودەدات، کاتێک ریکلامە بێناوەرۆکەکانی سیتییەکان و وێنە سەردەمییە دروستکراوەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەیەکی رازاوە، خەیاڵی و وەهمی لە (شاری مۆدێرن) پیشان دەدەن، عەقڵ دەكەوێتە چاوەوە و مرۆڤ دەکەوێتە داوی خەیاڵ پڵاوییەوە.
ئەم هێرشە دەروونی و کەلتورییە دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشارێکی بەردەوام لەناو خێزاندا بۆ کۆچکردن و دەستبەرداربوون لە رەنج، کارکردن لە کێڵگەکان و ژیانی سەربەخۆ، بەمشێوەیە، ژنی لادێ لە بەرهەمهێنەرێکی رەسەن، کارا و سەرەکیی خۆراک و ئابووریی خێزانەوە، دەگۆڕدرێت بۆ بەکاربەرێکی چاوەڕوانی کاری دەستی پیاو، بێکار و بێ بەرهەم لە پەراوێزی شاردا.
*لەدەستدانی کەلتوری رەسەن و باڵادەستیی بەکاربردن بەسەر بەرهەمهێناندا. ئاکامی ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە ریشەییە، لەناوچوونی هێدی هێدیی کەلتوری رەسەنی گوند و نەریتە دێرینە کوردییەکانە، پەرەپێدانی فەزای (بەرخۆری) و تەنها خەمی خەرجکردن و بەکاربردن (ئیستیهلاک)ی هەیە، بە جۆرێک باڵادەست بووە کە پێگەی (بەرهەمهێنان)ی خستووەتە پاشکۆوە، بەمشێوەیە تەواوی بەهاکانی کۆمەڵگە لنگەوقوچ و پێچەوانە کراونەتەوە، کاتێک بەکاربردن و خەرجکردنی زیاتر و دەسکەوتنی بەرهەمە گرانبەهاکانی وڵاتانی بەرهەمهێن و نمایشکردنی سامان، دەبێتە پێوەری سەرکەوتن و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پشتگوێدەخرێت، نیشتمان لە سەرچاوەی بژێوی و سەربەخۆییەوە دەگۆڕێت بۆ بازاڕێکی مەترسیداری بەکاربەریی کاڵای دەرەکی، کە لە داهاتوودا هەموو جۆرە سەربەخۆییەکی سیاسی و ئابووری لەناو دەبات.
یادکردنەوەی رۆژی ژنانی لادێ تەنها بە دروشم و وتاری رازاوە بەڕێوەناچێت، بەڵکو پێویستی بە هۆشیارکردنەوەیەکی قووڵی ئەکادیمی و نیشتمانی هەیە، پێویستە تێگەیشتنە هەڵەکان راست بكرێنەوە، چونکە مۆدێرنیتە بنکۆڵکردنی رەسەنایەتی، قوربانیدانی خاک و کۆچکردن بۆ ناوشار نییە
لێکترازانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی
ئەگەر بە وردی و بە چاوی زانستی سەیری ئەم دۆخە بکەین، لێکترازانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری چەندین زیانی گەورەی لێکەوتووەتەوە کە بە کورتی لەم خاڵانەدا خۆیان دەبیننەوە:
1. خێزانەکان کێڵگەو پاوان و باخ و شوێنگە بەرهەمهێنەرە خۆبژێویەکانیان بە هەرزان دەفرۆشن، تەنها بۆ ئەوەی لە شوقەیەکی بچووکی سیتییەکاندا ببنە بەکاربەرێک و کۆیلەی قیست و قەرزی شوقەی کۆمپانیاکان، ئەم دیاردەیەش بە چۆڵکردنی لادێکان بەکۆتا دێت.
2. جاران لادێ تەنها شوێنی نیشتەجێ نەبوو، بەڵکو قەوارەیەکی زیندووی کۆمەڵایەتی بوو کە تێیدا خێزانەکان بە پەتی پەیوەندی خزمایەتی و خوێن، ناسیاوییەکی قووڵەوە گرێدراوی یەکتر بوون، ماڵەکان لەیەک نزیک و دڵەکان لەیەک بەمتمانە بوون، کەچی ئێستا لە سایەی ئەم کۆچە پێچەوانەییەدا، بەشێکی مرۆڤی نیشتەجێی نێو سیتی و شوقە مۆدێرنەکان دەبێتە تەنها (هاوشوێن) و دراوسێیەکی بێگانە، کە هیچ لە ئاشنایی، ناسین، پەیوەندییە لۆکاڵییە گەرمەکانی کۆمەڵگەی گوندیان تێدا نەماوە.
لە کاتێکدا لادێ رەسەنەکانمان رۆژ بە رۆژ چۆڵ دەبن، سیتی و گەڕەکە نوێیەکانی شار دەبنە ژینگەیەک بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی نەخشەی دیمۆگرافیی ناوچەکە و کاڵبوونەوەی پێکهاتە و رەسەنایەتیی نیشتمانی، پێکهاتەیەک کە پێشتر تێکەڵەیەک بوو لە هاوسەنگیی ئەتنی و کەلتوریی رەسەن، بەڵام ئێستا لە ژینگەی نوێی شارنشینیدا بەرەو کاڵبوونەوە و پەرتبوون دەچێت، ناسنامە هاوبەشەکان دەبنە قوربانیی جیهانگیرییەکی کورتبین و بەرخۆر.
3.قەیرانی بێکاریی دەمامکدار، پشتبەستن بە مووچە و ژیانی شارنشینیی بێبەرهەم، سەربەخۆیی تاک و خێزانی کوردی خستووەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە و ئابووریی خستووەتە لێواری داڕمانەوە.
یادکردنەوەی رۆژی ژنانی لادێ تەنها بە دروشم و وتاری رازاوە بەڕێوەناچێت، بەڵکو پێویستی بە هۆشیارکردنەوەیەکی قووڵی ئەکادیمی و نیشتمانی هەیە، پێویستە تێگەیشتنە هەڵەکان راست بكرێنەوە، مۆدێرنیتە لە بنکۆڵکردنی رەسەنایەتی، قوربانیدانی خاک و کۆچکردن بۆ ناوشار نییە، بەڵکو مۆدێرنیتەی راستەقینە لە ئاودانکردنەوەی گوند، دابینکردنی ژێرخانی ئیداریی گونجاو، پاراستنی سەروەریی کشتوکاڵی و گەڕاندنەوەی شکۆیە بۆ دەستی ماندووی بەرهەمهێنەرانە لە لادێکاندا.



