تۆش فریای خۆت بکەوە!
ئەگەر هەموو رۆژێکیش نەبێت، لانیکەم هەفتەی دوو سێ جار، کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئەپدەیتی نوێ و مۆدێلی نوێی زیرەکیی دەستکرد رادەگەیەنن. وای لێهاتووە رکابەرییەکە ئەوەندە سەخت و چڕە بواری رکابەری نوێ نەماوە. واتە جێگەی دانیشتن بۆ سەرنشینی تر بەردەست نییە.
سەرەتا، کۆمپانیاکان ملیۆنان دۆلاریان خەرج دەکرد و ئیڤێنت و مارکێتینگی گەورەیان بۆ دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو بایەخەی نەماوە و زۆرجار وەک هەواڵیش بڵاوناکرێتەوە. ئەوەشی ماوە خەرجکردنی ملیۆنان دۆلارەکەیە کە رەنگە هەندێکجار ببێتە ملیاران دۆلار.
لە راستیدا، ئێمە لە سەردەمێکی گرنگ و چارەنووسسازی مرۆڤایەتیدا دەژیین، زیرەکیی دەستکرد وەرچەرخانێکی گەورە و گرنگە، هاوشانی دۆزینەوەی کشتوکاڵ و شۆڕشی پیشەسازی، جیهان و مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەگۆڕێت، بەڵام هێشتا کەسانێک هەن لە مەسەلەکە تێناگەن و هێشتا دەیانەوێت ئەی ئای تێکەڵی ژیانیان نەکەن، نازانن کە بە خۆیان بزانن یان نا، رەزامەند بن یان نا، ئەو تێکەڵاوی ژیانیان بووە.. ئێستا نا، بەڵکو ئەوپەڕی چەند ساڵێکی ترە، ژیانیشت ئاراستە دەکات، بۆیە تۆش فریای خۆت بکەوە!
بۆ ئەوەی فریای خۆت بکەویت پێویست ناکات بشڵەژێیت و سەر لە خۆت بشێوێنیت، تەنها لە زیرەکیی دەستکرد تێبگە، بزانە چییە و چۆن کاردەکات و چیت بۆ دەکات. ئەگەر کەمێک (خوێندەواریی تەکنۆلۆژی)ت هەبێت، ئەوەش زۆر ئاسانە. هەر خۆی بەکاربهێنە بۆ تێگەیشتن لە خۆی. پۆز لێمەدە و خۆت زۆر تێگەیشتوو نیشان مەدە، پرسیاری سادە و ئاسان و بنچینەیی لێبکە.
هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی بڕۆ، بە راستی زیرەکیی دەستکرد نیعمەتە، دەتوانیت لە لێنانی خواردنێکی تەندروست و بەتامیشدا سوودی لێوەرگریت، هەروەک بۆ دۆزینەوەی کێشەی کارەبایی ئۆتۆمبیلەکەت، یان چۆنێتی رووپۆشکردنی سەربانی قوڕ تا لە کاتی باراندا ئاو دانەدات. ئەمە جگە لەو سوودە زۆرەی لە کار و بزنسەکەتدا دەیخاتە بەردەستت.
جینسن هوانگ، خاوەن و سەرۆکی کۆمپانیای (NVIDIA)، یەکێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زیرەکیی دەستکرد و تەکنۆلۆژیا، وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە کۆن نابێت و بەهای هەردەمێنێت. هوانگ دەڵێت زیرەکیی دەستکرد کار و پیشەی کەس کۆتایی پێناهێنێت وەک ئەوەی باس دەکرێت، بەڵکو تۆ لەسەر کارەکەت دەردەکرێیت لەبەرئەوەی زیرەکیی دەستکرد بەکارناهێنیت، کەسێکی تر دەخەنە شوێنت لەبەرئەوەی زیرەکیی دەستکرد بەکاردەهێنێت! مەسەلەکە هەمووی هەر ئەوەیە.
بۆیە جارێکی تر دەیڵێمەوە: تۆش فریای خۆت بکەوە! سەردەمی داهاتوو، سەردەمی رۆبۆت و ئەجێنت و ئۆتۆمەیشنە، بۆ ئەوەی خۆی نەبێتە رۆبۆت و ئەجێنت و تۆ ئەوانت هەبێت، ئەبێت فێربیت و لێیان تێبگەیت. ناکرێت لە ماڵەوە دوو رۆبۆتت هەبێت نەتوانی ئیشیان پێبکەیت، یان وەک ئیلۆن ماسک دەڵێت، پارەیان پێ پەیدا بکەیت!




