ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

میدیا ماڵە، یان پردێکە بۆ پەڕینەوە

غەزەتەی ئەمجارە تایبەتە بە مێژووی سێ دەیەی کارکردنی ژن لە میدیای کوردیی باشووردا، بەڵام لەبەرئەوەی ژنان لە میدیادا بە دوو ئاراستەی جیاواز لە یەکتر کاریان کردووە، دەیانکەین بە دوو تایپ، تا پەیامەکەمان بە ئاسانی بگات.
لە راستیدا تایپێک لە ژنان، میدیا و خزمەتکردنی میدیای کوردییان کردۆتە ناسنامەی خۆیان و لەو پێناوەدا خۆیان کردۆتە قوربانیی میدیا، هەرچی تایپەکەی ترە میدیاکاری کاتین و تەنیا لەپێناو گەیشتن بە ویستەکانیان میدیاکارن، راستییەکەی ئەوەیە ئەمجۆرە کەسانە میدیایان کردۆتە قوربانی خۆیان.  
دەتوانین بە یەقینەوە بڵێین ئاراستەی یەکەم لە رۆژگارێکی سەختی دژواردا، کە سەرەتای ئاشنابوونی کۆمەڵگەی کوردی بوو بە پیشەی رۆژنامەنووسیی خۆسەر، ئەوان بێ سڵەمینەوە لە تانە و تەشەری ئەوکاتی کۆمەڵگە، هاتنە مەیدانی خەبات، ناوی دەنێم خەبات، چونکە کەمبوون ئەو خێزانە رۆشنفکرانەی لە پێناو شانازییان بە میدیای خۆسەر بازیان بەسەر واتەواتی کۆمەڵگەدا دا و کچەکانیان کردە سەرمەشقی شکاندنی بەستەڵەکی ئەم کایەیە.
ئێوەش دەزانن هەموو نوێگەرییەک دژە گروپێکی بۆ بێ بەهاکردن و ناوزڕاندن لە پشتە، جا گەر جوگرافیاکەش هەرێمێکی بچووکی فرە ئایدیا بێت، بۆیە دەپرسین ئاخۆ کارکردنی ژنان لە دەسپێکی ئەو قۆناغەی راگەیاندندا چ باجێکی ویستووە؟!
لە هەقیقەتدا مەوداکانی کارکردنی ئەم پیشەیە خۆی لە خۆیدا هەڵگری خەسڵەتەکانی کراوەیی و پێویستی بە کات و جووڵەی زۆر و گۆڕینی لۆکەیشن و کاری هەرەوەزی و مەیدانی و هاوکاریی رەگەزی بەرامبەر هەیە، کە ئەمەش دیسان بیانوویەک بووە، لە لایەک بۆ ناوزڕاندن و لە لایەکیش بۆ دوورکەوتنەوەی هەندێ ژن بە ناچاری، بەڵام بەکارهێنانیشی لەلایەن هەندێک ژنی ترەوە بە ویست.
زیادەڕەویی نییە ئەگەر بڵێین ئاراستەی یەکەم، قوربانیی زۆریان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونەتە سیمبولی میدیا و راگەیاندنی کوردی قەرزاری هەوڵەکانیانە، چونکە لەپشت هەر دەنگ و رەنگ و قەڵەمێکی راستەقینەی ژنانەوە دەروونێکی ماندووی بێزارکراوی هاوپێچ بە فشاری بەکۆڵدادانی ئەرکێکی قورس و رۆژانی درێژی کار هەیە، وابەستە بە سەلماندنی خود و مانەوەش بە بەهێزیی پێویستی حەتمی پیشەکەیە، ئەمان سەرباری فشاری رووبەرووبوونەوە جۆراوجۆرە جێندەریی و ئەقڵییەتە پیاوسالارییەکان لەناو کار و دەرەوەیدا، بەڵام مکوڕانە لە مەیدانی خەباتیاندا پۆڵائاسا بەردەوامن و بگرە سەرمەشقی کارەکەیانن و میدیاکەشیان کردۆتە ماڵ و مەنزڵیان.
هاوکات لەپاڵ ئەم نوخبە دەستەبژێرە ماندووەدا، دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، کە لە هەموو وێستگەیەکدا ژنگەڵێکیتر بە رێبواری  دێن و سەکۆکانی میدیا دەکەنە پردێ بۆ خۆنمایشکردن و خۆپێگەیاندن و گەیشتن بە ویستەکانیان. نموونەی ئەم تایپە لە مێژووی راگەیاندنی دوای راپەڕیندا کەم نین، کە بە دنیای راگەیاندندا گوزەر دەکەن و دواتر، یان دەرەقەتی بوارەکە نایەن، یان ئامانجەکانیان بەدیدەهێنن و ئیتر بۆ هەتا هەتایە ئاوڕ لە میدیا نادەنەوە.
دەتوانین بڵێین ئەم تایپە لە ژنان، نەک خزمەتی میدیای کوردییان نەکردووە، بەڵکو میدیایان بۆ خزمەتی خۆیان بەکارهێناوە، بگرە خۆشیان بوونە ماڵ بەسەر میدیای کوردییەوە.
هەرچی ژنە رۆژنامەنووسە راستەقینەکانیشە لەگەڵ ئەوەی بەردەوام رووبەڕووی نادادی و ناهەقی دەبنەوە، بەڵام وەک پێشمەرگەی دانەبڕاو لە بوارەکەدا ماونەتەوە و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان و سەرجەم  ژنان دەکەن و هەوڵی دروستکردنی رای گشتی دەدەن لەمەر ئەو پرسانەی لە خزمەت مرۆڤایەتیدان.
بەڵام چیتر و دوای سێ دەیە، نابێ رەوشی میدیا ئاوا بەردەوام بێت و پێویستی بە پێداچوونەوەی جددی هەیە، چونکە سەرباری بەردەوامیی و دڵسۆزیی و لێهاتویی و قوربانیی و ئەشقی ئەم ژنانە بۆ پێشەکەیان، زۆرکات کەسانێکی کەم ئەزموون دێن و بەهۆی ترس لە سەرکەوتنیان لەبەردەم هەنگاوەکانی پێشکەوتنیاندا دەوەستن، ئەمەش وەڵامێکی راست و دروست و یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتوویی بەشێک لە میدیا کوردییەکان.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *