پێش ئەوەی پرسیار بکات، وەڵامەکەی دەزانێت

ئەمریکا سەپاندوویەتی بەسەر سەرۆکی حکومەتی عیراقی فیراڵیدا کە دەبێت کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانیان لە عیراق، ئیتر چارەسەرکردنی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت بەرەو چارەسەری کۆتایی بچێت، بۆ ئەم مەبەستەش باڵێۆزی ئەمریکا، داوای روونکردنەوەی لە حکومەت کردووە تا بزانێت بە کوێ گەیشتوون و چییان کردووە؟ بەڵام ئەمریکا خۆی باش دەزانێت کە بەکوێ گەیشتوون و نەمانی هەندێک لەم هێزە چەکدارانە، پەیوەندیی بە سەرۆکی حکومەتەوە نییە و لە دەسەڵاتی ئەویشدا نییە، بە ئاشکراش ئێران داکۆکی لە هەندێکیان دەکات و ئەو گروپانەش هاوپشتیی ئاشکرای ئێران دەکەن لەم جەنگەدا کە بەسەریدا سەپێندراوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و وڵاتانی کەنداویش بە ناڕاستەوخۆ لە سەنگەری ئەو دوانەدان!
ئەمریکا بۆ لەناوبردنی قاعیدە، زیاتر لە چوار هەزار سەربازی لەناو عیراقدا لەدەستداوە، ئێستاش دەیەوێت، بەم سەرۆک حکومەتە گەنجە (بێ ئەزموونی سیاسییە) کێشەیەک کە هەبوونی هێزی چەکدارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت و لەدوای نەمانی رژێمی بەعسەوە و بەتایبەتتر لەگەڵ هاتنی داعشەوە سەریانهەڵداوە، کۆتاییان پێبێنێت باشیش دەزانێت ئاسان نییە، بۆیە دەیەوێت بیکاتە کێشەیەکی ناوخۆی عیراقییەکان و دەشزانێت رەنگە پێکدادانی چەکداریی لێبکەوێتەوە، ئەگەر سەرۆکی حکومەت گوێڕایەڵی مەرجەکانی ئێران نەبێت!.
بەلای ئێرانەوە بەشێک لەو گروپانە، هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی مەککە، ئەوان نایشارنەوە کە ئەم گروپانە هاوپەیمان و هاوسەنگەری ئەوانن، کەواتە چۆن کێشەی لوبنان و حزبوڵڵا کراوەتە هەوڵ و چارەسەری نێودەوڵەتی، ئاواش ناکرێت هەڵوەشاندنەوەی ئەم گروپانە لە عیراق بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت چەکەکانیان دابنێن و پشت بکەنە (ئامانجە پیرۆزەکەیان)!.
هەرکات جەنگ راگیرا و رێککەوتنی یەکجارەکی و بنبڕ لە نێوانی ئەمریکا و ئێران کرا، ئەوکات هەڵوەشانەوەی هەموو گروپە چەکدارەکان ئاسان دەبێت.
هاوپشتیی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەتی عیراق، بۆ ئێران بە ئاشکرایە، ئەوان لەگەڵ گەرمبوونی بۆردومانەکان و تازەبوونەوەی هێرشەکان، بە درۆن وەڵام دەدەنەوە و بە دەوری خۆیاناد دەیهاون، ئیتر ئەمە پێمان دەڵێت کە ئەمریکا خۆی دەزانێت کە ئەمانە بە زەیدیی سەرۆکی حکومەت، چارەسەر ناکرێت، بەڵام لاوازکردنی عیراق و نانەوەی ئاشووبی شەڕ، رەنگە بۆ ئەمریکا ئەگەر جێی خۆشحاڵی نەبێت، لە دژیشی نەوەستێتەوە.
سەقامگیریی عیراق خۆشحاڵیان ناکات
لەم قۆناغەی ئێستادا، بەهێزبوونی حکومەتی عیراق، واتا بەهێزبوونی نێو ماڵی شیعە، ئەمانیش وەک هاومەزهەب، هاوکار و هاوپشت و دۆستی ئێرانن، ئەمەش بۆ ئیسرائیل جێگەی خۆشحاڵی نییە و تابتوانێت رێگریی لێدەکات. باشترین رێگەش بەلای ئیسرائیلەوە لاوازبوونی حکومەتی عیراق و نانەوەوی پشێویی نێوان شیعە بە شیعەیە کە ئێستا زۆرێک لە کەسایەتییە شیعەکانی عیراق لێی دەترسن، بەتایبەت لەوەی کە دانانی ئەم سەرۆکی حکومەتە بە بڕیاری راستەوخۆی ئەمریکا بوو، نێوماڵی شیعەی تووشی شۆک کرد، چونکە ناوی عەلی زەیدی بە هیچ جۆرێک لەناو کاندیدەکاندا نەبوو وەک مالکی و سودانی و … ئەوانی تر.
ئەمریکا بە حوکمی ئەوەی نزیکەی 23 ساڵە لەناو عیراقدایە و هەموو زانیارییەکی لەسەر پێکهاتەکانی عیراق هەیە، باش دەزانێت ئەو بەردەی بە سەرۆکی حکومەتی هەڵگرتووە، لەژێریا ناتوانێت تەکان بدات و بیهاوێژێت، بەڵام وەک هەنگاوەکانی چارەسەری رووکەش و تاکتیکاوی، دەبوا ئەمە یەکەم هەنگاو بێت و دواتر بچێتە بژاردەکانی ترەوە.
ئێران لە راگرتنی جەنگی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنانی کردە مەرج، واتا ئەوان بە خۆیان دەزانن، بۆ ئەم گروپە چەکدارانەش کە ئەمریکا داوای چەککردنیان دەکات، هەمان بۆچوونیان هەیە، ئیتر کە ئەمە راستی بێت و بۆ سەرۆکی حکومەت مەحاڵ بێت، خێرە داوای لێکردووە جێبەجێی بکات؟ ئەی خۆ دەزانێت ئەگەر حکومەت ناچار بێت ئەوە بکات، ئەوا دوای کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراو، دەبێت رێگەی توندتر بگرێتەبەر تا ئەوەی بە زەبری هێز چەکیان بکات، لەم حاڵەتەشدا پێکدادان روودەدات، رەنگە بەرەیەکی دیکەش لە خۆرئاوای عیراقەوە بکاتەوە و ناوی بنێت تیرۆریستانی داعش و شیعە.
ئەمریکا لەسەر داوای ئیسرائیل، دەیەوێت هەموو ئەو سەرچاوانە ببڕێت کە لێیەوە مەترسیی هێرشکردن بۆ سەر ئیسرائیل هەیە، یان بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دۆست!
مانگی رابردوو بینیمان چۆن سعودیە و ئەمریکا لە چەندین شوێنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گروپەکانی دیکەیان دا، دوای ئەوەی هەندێک لەو گروپانە هەستان بە بۆردومانکردنی سعودیە لە رێگەی درۆنەوە.
ئێستا عیراق بەشێکە لە گەمەکە، ئەوەش کە بەڕێوەی دەبات ئەمریکایە، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە هەموو ناوچەکە لە ژێر هەژموونی ئەمریکادایە، ئەوەش کە زۆر پێکەنیناوییە، کشانەوەی بەتەواوی (واتا دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە عیراقە)! چونکە ئەمریکا دەیەوێت زیاتر هەژموونی لەناوچەکە بە گشتی بسەپێنێت، لە گەرووی هورمز و دەوروبەری هێزی دەریایی کۆدەکاتەوە، لە وڵاتانی کەنداو پێگە سەربازییەکانی بەهێز دەکات، ئیتر خێرە لە عیراق بکشێتەوە و دەستبەرداری ببێت؟ خۆ دەزانێت بە دوای ئەمەدا کێ هەژموون دەگرێتە دەست و کێ دەکەوێتە مەترسییەوە؟ باش دەزانێت کە ئەمە روونادات و وڵاتێکی وەک سعودییەش لێی قبوڵ ناکات.
هەرکات جەنگ راگیرا و رێککەوتنی یەکجارەکی و بنبڕ لەنێوانی ئەمریکا و ئێران کرا، ئەوکات هەڵوەشانەوەی هەموو گروپە چەکدارەکان ئاسان دەبێت
مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە عیراق، بەو مانایە نییە کە ئەوان دەستیان بە سەر عیراقدا گرتووە، بەڵکو ئەوان لەوێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و پاراستنی هاوسەنگیی هێزە لە عیراق، ئەگەر ئەوان بیانتوانیبایە، لەسەر سنوورەکانی نێوان عیراق و ئێران دەیان پێگەی سەربازییان دادەنا، نەک لێی بکشێنەوە، بەڵام ئیتر ناوچەکە سەرقاڵ کراوە بەم سیناریۆیانەوە و هەمووشی پەیوەستە بە بەردەوامی یان کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئێران و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە، چونکە بەمە کێشەکانی لوبنان و یەمەن و عیراقیش کۆتاییان دێت.
زۆر باش دەبوو، لەپێناوی پاراستنی سەرەوەریی عیراق و دەرچوونی لەژێر هەژموونە دەرەکییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەنێو پەرلەمانی عیراق تاوتوێی ئەم باسە بکرایە و بڕیاری کشانەوەی هەموویان بدرایە و ئەو بیانووەش ببڕدرایە کە هێزێکی چەکدار کردوویەتە هۆکاری دانەنای چەک، ئەمە خزمەت بوو بە عیراق و هەرێمی کوردستانیش، سەربەخۆیی وڵات هیچ مانایەکی نییە ئەگەر پێی سەربازێکی بیانیی تێدا بێت و بە زەبری چەک رەفتار بکات!.




