ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

چۆن خوێندنگە ئەهلییەکان بکرێنە پاڵپشتی کەرتی پەروەردە؟

لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا کە قەیرانی دارایی رووی لە هەرێم کردووە و مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا و بە رێکوپێکی وەک پێویست دابەشنەکراوە، سەرئەنجام مامۆستایانیش بەهۆی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانەوە وەک پێویست دەوامیان نەکردووە، لە بەرامبەردا خوێندنی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان برەوی سەندووە و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی قوتابخانە و خوێندنگە ئەهلییەکان بەرەو زیادبوون دەچێت.

پێویستە وەزارەتی پەروەردە رێکار و چادێریی زۆر توندوتۆڵ بۆ خوێندنگە ئەهلییەکان دابنێت و بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کەموکوڕییەکانیان نەکرێت، بۆئەوەی رێڕەوی ئاسایی خۆی وەربگرێت و ببێتە هاوکار و تەواوکاری خوێندنی حکومی نەک رێگەیەک بۆ گەندەڵی و گیرفان پڕکردن

لەلایەک بوونی خوێندنگە ئەهلییەکان شتێکی ئاساییە و لە هەندێک شوێن هەیە وەک هاوکاری و پاڵپشتییەکیش وایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو لۆدە زۆرەی کە لەسەر کەرتی خوێندنی حکومی هەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن و لەسەر راوەستانە ئەوەیە کە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار دیسپلین و مەرجی تایبەت و چاودێریی وردی لەسەر ئەم جۆرە خوێندنه هەبێت و رێگە بگرێت لەوەی کە خوێندنی ئەهلی تەنیا بۆ پارە پەیداکردن و گیرفان پڕکردن بێت و بەهیچ جۆرێک بایەخ بە کوالێتی خوێندن نەدرێت و ببێتە شوێنی کڕین و فرۆشتنی بڕوانامەی بێ ناوەرۆک و هەندێک دیاردەی دزێوی دیکەی وەک لەخشتەبردنی خوێندکارە زیرەک و لێهاتووەکانی خوێندنگە حکومییەکان بۆ چوونە ئەو خوێندنگە ئەهلییانە، بۆئەوەی کێرڤی ناوبانگ و بازاڕی خۆیانی پێ بەرزبکەنەوە، هاوکات ناوبانگی  خوێندنگە حکومییەکان کەم بکەنەوە و لەکەداریان بکەن.
پێویستە لەسەر وەزارەتی پەروەردە رێکار و چادێریی زۆر توندوتۆڵ بۆ خوێندنگە ئەهلییەکان دابنێت و بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کەموکوڕییەکانیان نەکرێت، چونکە پرۆسەی پەروەردە و فێربوونی نەوەی داهاتوو نابێت بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی تاکەکەسی، جگە لەوەش هەندێک لەو خوێندنگە ئەهلییانە لە رێگەی پێدانی پشک یان خاوەندارێتییان لەلایەن کەسانی باڵادەستەوە، لێرەو لەوێ وەک پێویست چاودێریی ناکرێن و چاو لە ئاست کەموکورتییەکانیاندا دادەخرێت، ئەمەش دواجار بە زیان بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەشکێتەوە.
لایەنێکی دیکەی خوێندنی ئەهلی ئەو بڕە پارەو خەرجییەی کە لەخوێندکاری وەردەگرن دیسان دەبێت وەزارەت چاودێریی بکات و رێنمایی و رێکاری پێویستی بۆ دابنێت، نەک ئەوەی ئەوان بە ئارەزووی خۆیان نرخ دیاری بکەن و چەندیان حەزکرد لە خوێندکاری وەربگرن، ئەگەر ئەم رێکار و رێنماییانەی ئاماژەمان پێداوە لەگەڵ ئەو رێکار و رێنماییانەی ئێستا بۆ خوێندنی ئەهلی هەن  وەک پێویست و بەبێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت ئەوا خوێندنی ئەهلی دەتوانێت رێڕەوی ئاسایی خۆی وەربگرێت و ببێتە هاوکار و تەواوکاری خوێندنی حکومی، ئەگەر ئەوەش نەکرێت ئەوا دەبێتە رێگەیەک بۆ گەندەڵی و گیرفان پڕکردن.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *