ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

كەركوك و ئاكاری بەرپرسیارانە

لە پرسی كەركوكدا لە دوای رووخانی بتەكانی سەدام و ئازادی خەڵك و بابەتەكانی ماددەی 58ی دەستووری كاتی و 140ی دەستووری هەمیشەیی بۆ كورد و ئەوانی تریش، بەرپرسیارێتییەكی هەمیشەیی هەیە لە چارەسەری ئەو ستەمەی لە مێژوودا لە كوردی ئەو پارێزگایە كراوە، رووبەڕووبوونەوەی ستەم بۆ ئەوە نییە، ستەم بە ستەم بگۆرینەوە، بۆ ئەوەیە دادوەری و هاوئاستی بێتەدی، من زۆر جاری تر گوتوومە لە راستیدا دەبێت ئەوانی تر ستایشی ئەو هەموو نەرم و نیانییە بكەن كە كورد بەرامبەر ئەوانە هەیەتی كە سەدان ساڵە كوشوبڕی دەكەن و دەیچەوسێننەوە،  ئەوەشمان بیر نەچێت لە چارەسەرنەكردنی پرسی كەركوكدا هەندێک لە بەرپرسانی كورد و عەرەب و توركمانی دوای 2003 كەم و زۆر خەتایان بەردەكەوێت، هەندێك لەوان لە بری ئەوەی لە خەمی چارەسەری پرسەكەدا بن دەچوون خەڵكی دەرەوەی سنووری عیراقیشیان لە كەركوك دەكرد بە خاوەن و هانیان دەدا كێشەی كەركوك لەبری چارەسەر هەر بە كێشە و گرێ‌ كوێرە بمێنێتەوە.
راستە ماددەی 140 كەموكوڕی زۆر بوو، بەڵام هەنگاوێك بوو بۆ هاوئاستكردنەوەی ستەمكار و ستەملێكراو، واتا بە مرۆڤكردنەوەی قوربانی و جەلاد، لە دۆخی ستەمكاریدا مافی مرۆیی بوون لە قوربانی دەسەنرێتەوە و جەلادیش بە كردەوە و ستەمكارییەكەی لە مرۆیی بوون دەكەوێت، لە راستیدا ئەگەر قبوڵی ستەمكاری بۆ ستەملێكراو جۆرێك بێت لە نەخۆشی، ئەوە هەڵكشانی ستەمكاری بۆ جەلادی و دیكتاتۆریەتیش جۆرێكە لە نەخۆشیەكی ترسناك، لە كەركوك بارودۆخێكی لەم چەشنە دروستكراوە كە كەس ناچێتە ژێر باری ئەو راستیەوە، ئێ‌ كە داننانیش نەبێت بەوەی ستەمكاری هەبووە، كەواتە ئەركی چارەسەری زۆر قورس دەبێت، ماددەی 140 لەبری لایەنی ستەملێكراو بگرێت لە چارەسەری كێشەكەدا، ستەمكاری وەك هاوبەش لە خاوەندارێتی نیشاندا، كەچی هێشتاش «بیكەر- هاملتن» و خەڵكی زۆری ناوخۆ و دەرەوە، دژی ئەوەبوون كە لە كاتی خۆیدا لانی كەم برینەكە دەرمان بكرێت، نەك چارەسەری یەكجاری .
 سەیرە تائێستا چوار ئاوەزداری ئەوانی تر نەهاتوون ئەو مێژووە تاریكە هەڵدەنەوە و بپرسن باشە بۆ دەبێت كورد لە كەركوك دەربكرێت، بۆ دەبێت پشتوێنەی نەوت و ئاسایش تەنها كوردی تیا ببێتە قوربانی، بۆ دەبێت جوتیاری كورد لەسەر زەوی خۆی سوكایەتی پێبكرێت و دواتریش ئەو سزا بدرێت، بۆ دەبێت كورد ناسنامەی خۆی پێبگۆڕن، هەر ئەوەندەش نا ئەنفالیشی بكەن، ئێ‌ باشە ئەگەر برایەتی و وەك یەكی هەیە بۆ ئەوانی تر هیچیان ئەو پرسیارانە ناوروژێنن، ئەمە هەر رابردوویەكی سادە و تێپەڕ نییە، ئەمە تاریكییەكی دیرۆكە پێویستی بەوەیە رووناك بكرێتەوە، سەرەتاییترین ئاكاری بەرپرسیارانە بینینی ئازار و برینی ئەوانی ترە، نەك پشتكردنە ئەوانی تر.
 كە قسە لە ئاكاری بەرپرسیارانە دەكرێت، خۆ هەر رووی دەم لەوانی تر نییە، رووی دەم لە كوردیشە كە پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە و پرسیاری ئەوە بكات، دوای 23 ساڵ لە كەوتنی بتی سەدام چ هەنگاوێك نراوە و بەرپرسانی كورد لە دەرەوەی مووچە و ئیمتیازات وەرگرتن چییان بۆ كورد كردووە، كاتی ئەوە هاتووە هەر كەس بڵێت من ئەوەم كرد، تا ئێمەش لە نێو تاریكییەكەدا چاك و خراپ لە یەكتر جیابكەینەوە، دڵنیام لەوەی زۆر بەرپرسی كورد نەك هیچیی ئەوتۆیان نەكردووە، بگرە خۆیان هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەی كەركوك بوونە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *