ململانێیەکی توند هەیە لەنێوان بەرەی راست و چەپ

سوید بەپێی دەستوورەکەی هەر چوار ساڵیک جارێک و لە هەفتەی دووەمی مانگی ئەیلول، هەڵبژاردنی پەرلەمان Riksdag دەکرێت، ئەمساڵ لە 13/9 هاوکات هەڵبژاردنی هەرێمەکان Region و شارەوانییەکانیش Kommunیش دەکرێت، ئەو وڵاتە 10 ملیۆنیە لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان دیموکراسییەکی بێوێنەی هەیە، سیستمی پاشایەتی، دیموکراسی پەرلەمانی بەڕێوەی دەبات، لە ژیانی رۆژانەدا پاشا رۆڵی نییە تەنها رەمزی وڵات و دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی و سەنگینن، یاسادانان ئەرکی پەرلەمانە و دەسەڵاتیش لەدەستی حکومەتە، پەرلەمانی وڵات لە349 کورسی پێکدێت و راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت، سیستمەکە رێژەییە، واتە بەگشتی رێژەی کورسییەکانی پارتەکان نزیکە لە رێژەی دەنگەکانیان، پارتێک بۆ چوونە پەرلەمان دەبێت لانیکەم 4 ٪ی دەنگی سەرانسەری سوید بەدەستبهێنێ، کابینەی حکومەتی ئێستا لە هاوپەیمانێتی نێوان سێ پارتی سەرەکی میانڕەوەکان یان پارێزگارەکان» (Moderaterna (M و دیموکراتی کریستیان (Kristdemokraterna (KD و لیبرالەکان (Liberalerna (L پێکهاتووە، لەگەڵیاندا دیموکراتەکان(Sweden Democrats (SDهاوکاریی پەرلەمانیان دەکات، بەڵام سیڤییە دیموکراتەکان SD بەشدار نییە لە حکومەت، ئەو هاوپەیمانێتییە پێی دەڵێن تیدنۆ.
خۆکاندیدکردنی ئەو ژمارە چالاکوانە کوردە لەو هەڵبژاردنانەدا، لەو تێگەیشتنەوە دێت کە کورد خوازیاری ژیانی دیموکراسی مۆدێرن و ئاشتەواییە
پارتە رکابەرەکان
پارتەکان بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەش بەون راستڕوەکان و چەپڕەوەکان گرەو لەسەر ئایندەی حوکمڕانی سوید دەکەن، کابینەی ئێستا نوێنەرایەتی راستڕەوەکان دەکات و چەپ و لیبراڵەکانیش وەک ئۆپۆزیسیۆن لەناو پەرلەمانن، لەم خولەی ئێستادا هەشت پارتی سیاسی بەشدارن لە پەرلەمان «سۆسیال دیموکرات، پارتی دیموکرات، مۆدێراتەکان، پارتی ناوەند، پارتی چەپ، دیموکراتی کریستیان، پارتی ژینگە، لیبراڵەکان».
سۆشیال دیموکرات S) Socialdemokraterna)
گەورەترین و کۆنترین پارتی سەرەکی سویدە، لە 1889 دامەزراوە، بەرنامەی سەرەکی هەڵبژاردنی بریتییە لە بەهێزکردنی دۆخی خۆشگوزەرانی، پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و زیادکردنی نەخۆشخانە، باشترکردنی خوێندنگە و زانکۆکان، زیادکردنی کاریگەری حکومەت لەسەر رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی، گرنگیدان بە کار و یەکسانی و سندوقی خۆشگوزەرانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی ژنان، منداڵان، پیر و پەککەوتەکان، بێنەوایان لە بەرنامەی سەرەکییەتی، یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان ئەوەیە کە هەڵویستیان لەسەر سیاسەتی کۆچ توندترکردووە و وەک جاران کراوە نین، ئەمەش لەسەر خواستی رای گشتییە و کۆمەڵگەی سویدی دەیەوێت دیاردەی کۆچ سنووردار بکات، ئێستا فراکسیۆنێکی گەورەی 107 پەرلەمانتاری هەیە، بەڵام وەک ئۆپۆزیسیۆن کاردەکەن، لە مێژووی سیاسی خۆیدا چەند جارێک بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردراوە و لە بەرێوەبردنی وڵاتەکە سەرکەوتوبووە، لەبەناوبانگترین سەرکردەکانی «ئۆلف پالمێ» بووە، کەخاوەنی خەڵاتی نۆبڵە و لە قۆناغەکانی پێشوودا دۆستی هەرە نزیکی سەرۆک مام جەلال بووە، سەردەمی حوکمڕانی ئەو بە سەردەمی ئاڵتوونی ناودەبرێت.
پارتی میانڕەو (Moderaterna (M
ئەو پارتە لە 1904 دروست بووە، پارتێکی لیبراڵی پارێزگارە و ئێستا سەرۆکایەتی حکومەتی بەدەستەوەیەوە، بەرنامەی سەرەکی کەمکردنەوەی باج و پشتگیری کۆمپانیا و بازاڕی ئازاد و زیادکردنی بودجەی بەرگرییە، لەگەڵ سەختکردنی یاسای تاوان و کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچ و پەنابەری، زیادکردنی توانا بۆ پۆلیس پشتگیری زۆرتر لە وزەی ناوکی، پشتیوانی لە ئەندامبوونی وڵاتەکەی دەکات، لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، 68 کورسی پەرلەمانی هەیە، بەڵام لەناو هاوپەیمانێتییەکی سێ لایەن بەهەموویان 176کورسیان هەیە و زۆرینەی پەرلەمانن.
پارتی دیموکراتی سویدی Sverigedemokraterna SD
لە ساڵی 1988 دروست بووە، یەکێکە لە پارتە گەورەکان و بەرنامەی سەرەکی لە دژی میللەتە بێگانەکانی ناو سوید بنیاتناوە، نەتەوەیین و زیاتر مەیلی رەگەزپەرستییان هەیە و بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە زۆربەی پەنابەران بنێرنەوە وڵاتی خۆیان، زۆر دژی ئیسلامی سیاسین و هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدەن، ئەوان پێیانوایە بێگانەکان بوونەتە سەرئێشە و بۆ کۆمەڵگەی سویدی، داوای سزای توندتری تاوانباران دەکەن، بایەخ بەباری ئەمنی ناو وڵاتەکە دەدەن، ئێستا لەناو پەرلەمان 72 کورسیان هەیە و لەناو هاوپەیمانێتی حکومەتدان.
پارتی دیموکراتی کریستیان KD) Kristdemokraten)
لە ساڵی 1964 دژی عەلمانیبوونی کۆمەڵگەی سویدی دامەزراوە، پارتێکی پارێزگارە و لەسەر بنەمای ئایینی کرستیان دامەزراوە، سەر بەرەوتی راستڕەوەکانە، بەرامبەر بە دیاردەی کۆچ زۆر توندڕەون و داوای سزای توندتر دەکەن بۆ تاوانباران، گرنگی بەپاراستنی خێزان دەدا و لەگەڵ بایەخدانە بە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاری بۆ پیر و پەککەوتەکان، ئێستا لەناو پەرلەمان 29 کورسیان هەیە لەناو حکومەتیشدا پۆستی باڵایان هەیە.
پارتی چەپ (Vansterpartiet (V
لە ساڵی 1917 دروستبووە، پارتێکی چەپ و سۆشیالستە، داکۆکی لەچینی کرێکار و کاسبکاران دەکات و بایەخ بە مافەکانی ژنانیش دەدات، داوای زیاتری خزمەتگوزاری بۆچینی خوارەوە دەکات، یەکسانی و دادپەروەری لە نێو کۆمەڵگەدا دروشمی سەرەکییانە و دەیانەوێت باجی زیاتر بخەنە سەر دەولەمەند و کۆمپانیاکان، دروشمی دابەزاندنی نرخی کاڵا و ئازوقە و شمەکە لەبازاڕەکاندا، هاوکاری پەنابەر و کۆچبەرانیان لامەبەستە و دژ بە راسیستەکانن خەبات دەکەن، 24 کورسی لە پەرلەمان هەیە.
پارتی سەوز (Miljopartiet (M
لە 1981 لەکاردانەوەی وزەی ئەتۆم و تێکچوونی ژینگە و سروشت دامەزراوە، گرنگی زۆر بەپاراستنی ژینگە دەدات، هەوڵی کەمکردنەوەی دەدات CO2 ، گەشەپێدانی وزەی پاک، خزمەتگوزاری گواستنەوەی گشتی، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوت و گاز ئەرکی سەرەکیانە و کاردەکەن بۆ دابینکردنی مافی کۆچبەر و پەنابەران، لە چەپەکان و سۆشیال دیموکراتەکانەوە نزیکن، 18 کورسی پەرلەمانیان هەیە.
کاندیدە کوردەکان
بەپێی ئاماری نافەرمی، لە کۆی دوو ملیۆن کەس لە نەتەوەی جیاجیا 150بۆ170 هەزار کورد لە سوید دەژین، بۆ هەر سێ هەڵبژاردنەکە (پەرلەمان، هەرێمەکان، شارەوانی» زیاتر لە 120 کورد لەهەموو پارچەکانی کوردستان و لەسەر پارتە جیاوازەکان خۆیان کاندید کردووە، زۆربەیان لەناو کۆمەڵگەی سویدی تێەکەڵبوون و شارەزایی رەوشی سیاسی وڵاتەکەن، لەم پرۆسە دیموکراسیەدا دەیانەوێت دوو ئامانج بپێکن، یەکەم خزمەتکردنی هاووڵاتییانی سوید و بەدیهێنانی خواستەکانیان لەڕێی چوونە ناو ئەو ئەنجومەنانەوە، دووەمیش بردنی دۆزی رەوای کوردە بۆ ناو ئەو دامەزراوە گرنگانە و دەیانەوێت هیچ نەبێت پێناسەیەک بۆ گەلەکەیان دروست بکەن، لەناو ئەو کاندیدانەدا، ژمارەیەکیان پەرلەمانتارن دەیانەوێت لە پۆستەکانیان بمێننەوە، ئەو کاندیدانە جگە لەدەنگی سویدیەکان چاویان لەوەیە بە دەنگەکانی رەوەندی کوردی بچنە ناو ئەو دەزگا گرنگانەوە.
رۆڵی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەم هەڵبژاردنەدا
بۆ ئەم پرسیارە کوردستانی نوێ پەیوەندیی کرد بە «شۆڕش قادر رەحیم» نوێنەری حکومەتی هەرێم لە سوید و لەوەڵامدا وتی: ئێمە دەمێکە پەیوەندییەکی دام و دەزگاییمان لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو سوید هەیە و مەبەستمانە بیپارێزین، ئەو وڵاتە دیموکراسییە بۆ ئێمە گرنگە و دەمانەوێت بەشێک بین لە ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی ئەو کۆمەڵگەیەی کە بەدرێژایی مێژوو فێری ئازادی و دیموکراسی بوون و پیادەی دەکەن، خۆکاندیدکردنی ئەو ژمارە چالاکوانە کوردە لەو هەڵبژاردنانەدا، لەو تێگەیشتنەوە دێت کە کورد خوازیاری ژیانی دیموکراسی مۆدێرن و ئاشتەواییە، دەنگانی رەوەندی کوردیش لەو هەڵبژاردنە نەک هەر مافە، بەڵکو پێمانوایە ئەرکێکی هاووڵاتیبونیشە، گرنگە ئەوانەی دەنگ دەدەن سەیری کارنامە و دروشم و مێژووی پارتە سیاسییەکان بکەن و لەوە تێبگەن کە ئەو پارتە چی بۆ کۆمەڵگەی سویدی و مرۆڤایەتی و دیموکراسی و بەرگری لە مافی گەلان کردووە و لەداهاتوودا چی دەکات؟ وەک دیارە ئەنجومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان تایبەتن بە کاری خزمەتگوزاری و کێشەی ناو شارەکان و بارێکی لۆکاڵیان هەیە، ئەندام لەو شوێنانە کەمتر دەتوانێت داکۆکی لە مافی نەتەوە ئەسڵیەکەی بکات، بەڵام پەرلەمان جیاوازترە و گەلێ جاران دەنگێک دەبێتە هۆی هاوسەنگی و دەبێتە قازانجی دۆزی رەوای میللەتێک، سوید یەکەم وڵاتی ئەوروپییە کە دانی بە جینۆسایدی گەلی کورد ناوە، لەرێی پەرلەمانەکەیەوە، دەیان دەستکەوتی تر بۆ کورد لەو دامەزراوە گرنگە کراوە، سەبارەت بەوەی وەک نوێنەرایەتی لەو هەڵبژاردنە چی دەکەن و چیتان پێ دەکرێت؟ شۆڕش قادر وتی: جگە لەوەی چاودێری وردی هەڵبژاردنەکە دەکەین، پێش هەڵبژاردنەکە دیدار و کۆبونەوەی زۆرمان کردووە لەگەل زۆربەی لایەنەکان لەپێناو پاراستنی پەیوەندی دۆستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە، رۆژی 9/9ش لەگەل تۆڕی پەرلەمانی پەرلەمان و هەرێم و شارەوانیەکان کۆبوونەوەیەکی فراوانمان هەیە و تیایدا کاندیدە کوردەکان بانگهێشتکراون، لەوێ ئیدامە بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدەین و پشتیوانییان دەکەین، بۆ رۆژی هەڵبژاردنیش لە هەرێمی کوردستانەوە لەرێی دەزگای هەڵبژاردن و ریفراندۆمەوە ژمارەیەک کارمەندی شارەزا دەگەنە سوید و شانبەشانی نوێنەری وڵاتانی تر چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
سەبارەت بایەخی ئەم هەڵبژاردنە «سالار مەحمود» لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی بۆ کوردستانی نوێ وتی: کۆمەڵی کوردی لە دەرەوەی وڵات وەک هێزێکی مرۆیی کاریگەر دەرکەوتوون، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید دەرخەری ئەو راستیەیە کە کورد ژمارەیەکی هەژمار بۆکراوە، بوونی ژمارەیەکی زۆری کاندید نیشانەی ئامادەیی کوردە لە رووی سیاسیەوە، ئەم خاڵە گرنگە گەشەی پێ بدەین و پشتیوانیان دەبین بۆ چوونە ناو دەزگاکانی بڕیاردانی سیاسی یا دەزگا خزمەتگوزارییەکان لەئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان.
راسپاردەی یەکێتی بۆ رەوەندی کوردی چییە؟
لە لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیمان پرسی، ئایا راسپاردەی یەکێتی چییە بۆ رەوەندی کوردی لە سوید و پشتیوانی لەکام لایەن دەکات، ئەویش وتی: سۆشیال دیموکراتی سوید کە دەستەخوشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە پرسەکانی ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجە، دەستپێشخەر بوون لە باوەشگرتنەوە بۆ پەنابەران، ئەم راستیانە لەلای ئێمە فەرامۆش نەکراوە و لە ئەندێشەی خەڵکی کوردستانیشدا هەیە، بۆیە کورد لە سوید پشتیوانی ئەم پارتە دەکەن، ئێمە پشتیوانی سەرکەوتنی هەموو کوردێکی کاندید دەکەین، ئەگەر لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتیش نەبێت، ئەمە بەشێکە لە گەیاندنی دەنگی کورد بەناوەندەکانی بڕیار نەک پرسێکی نەتەوەخوازیی، بۆیە یەکێتی لە ئاستێکی فراواندا هانی کوردی سویدی داوە بەشداریەکی کارای ئەم هەڵبژاردنە بکەن، لەو بڕوایەشدام پارتی سۆسیال دیموکرات سەرکەوتن بەدەستدەهێنێ، بەڵام دواتر دەمێنێتەوە سەر چۆنێتی هاوپەیمانی کردن.
سۆشیال دیموکرات داوای هاوکاری لەیەکێتی کردوە
لە پرسیاری ئەوەی ئایا وەکو ناوەند چیتان کردووە بۆ پشتیوانی ئەم پرۆسەیە، لە وەڵامدا وتی: لەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی پارتی سۆشیال دیموکراتمان کرد، بەرپرسی پەیوەندیەکانی پارتەکە «مۆرگان یۆهانسن» داوای هاوکاری یەکێتی کرد لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و باسی لە گرنگیی پێگە و دەنگی کورد کرد لە پرۆسەکەدا، جگە لەوەش لە پەرلەمانی سوید گروپی دۆستایەتی کورد و سویدی هەیە، ئەندامانی هەموو پارتەکانی سویدی تیایە، ئەم دۆستایەتییە بۆ ئێمە گرنگە و پەرەی پێ دەدەین، سوپاسی تێگەیشتنی سیاسییە گەنجەکانی سوید دەکەم بۆ پرسی کورد، دەستخۆشی لە کوردە چالاکەکان و کاندیدە کوردەکانیش و هەڤاڵەکانی خۆمان دەکەم کە رۆڵیان هەیە لە بەرز راگرتنی زمان و ناسنامەی کورد و کوردستان کە رۆژگارێک بەبەرچاوی دنیاوە جینۆساید دەکراین و هەوڵی لەناوبردنمان دەدرا.
راپرسییەکان چ دەڵێن؟
راپرسییەکانی بەر لەهەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەکەن، کە کێبڕکێیەکی توند لەنێوان بلۆکی راستی ناوەڕاست (تیدۆ) و بلۆکی چەپی ناوەڕاست بە سەرۆکایەتی پارتی سۆشیال دیموکرات هەیە، لە زۆربەی راپرسیەکاندا سۆشیال دیموکراتەکان یەکەمن و دەنگەکانیان لەنێوان 31 بۆ 34 ٪ ە، پارتی سڤاریا دیموکرات بەرێژەی 18 بۆ 20 ٪ وەک دووەم گەورەترین هێزی پەرلەمانی و میانڕەوەکان 16 بۆ 17 ٪ و دوای ئەوانیش پارتی چەپ و ژینگە دێن، کە رێژەی ناوچوونە پەرلەمان تێدەپەرێنن و کورسی بەدەستدێنن، بەپێی ئەو راپرسیانە بەرەی چەپی دیموکراتخواز 52 بۆ 55 ٪ دێنن و بەرەی تیدنۆ « راستڕەوەکانیش» 42 بۆ 45 ٪ دێنن، لە تازەترین راپرسی دیمۆسکۆپیش بەرەی چەپ 50.6 %و راستڕەوەکان کە لە بلۆکی حوکمڕانین 47.3 % یان هێناوە، کەشی سیاسی لەم وڵاتە وایە کە هیچ پارتێک ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و حکومەت دروست بکات، سیناریۆی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەنێوان لایەنەکانی بەرەی چەپ بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت بەهێزترینە، بەڵام لەکۆتاییدا هەر سەندوقەکانی دەنگدان یەکلایی دەکاتەوە.



