ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

تێڕوانینێک لەسەر رێبەری ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قوتابخانە

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، وەزارەتی پەروەردە رێبەر و کارنامەیەکی نوێی بۆ «ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قوتابخانە» راگەیاندووە بە ئامانجی رێکخستنەوەی کارگێڕی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ناوەندەکانی خوێندن، هەنگاوێک کە لە سەرەتای روانیندا وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان خوێندنگە و کۆمەڵگە دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک بە وردیی لە ناوەرۆک، رێکار و مەرجەکانی جێبەجێکردنی ئەم رێبەرە دەکۆڵینەوە، گەلێک پرسیاری جەوهەری دەربارەی ئامانجە راستەقینەکان و توانای جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزی واقیعدا دەهێنێتە ئاراوە.
گرنگترین خاڵ لە هەر پرۆسەیەکی چاکسازیدا، دابینکردنی ژێرخانی پێویستە پێش سپاردنی ئەرکەکان، کاتێک ناوەندەکانی خوێندن لەسەر ئاستی بینا و کەلوپەلی سەرەتایی تووشی ئاڵنگاری بەردەوام دەبنەوە، بارکردنی خوێندنگە بە پێکهاتە و جۆرەها تۆمار، لەبری شۆڕکردنەوەی دەسەڵات، مەترسی گۆڕینی ئەرکە پەروەردەیییەکانە بۆ کارێکی ئیداریی شێوەیی و رۆتینی لێدەکەوێتەوە، چونکە چاکسازیی راستەقینە لە هۆڵی خوێندن و گۆڕینی ئامرازەکانی فێرکردنەوە دەست پێدەکات، نەک لە خەستکردنەوەی داڕشتنی کاغەزی.
لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە بەشداریکردنی کۆمەڵگە و بەخێوکاران لە بڕیاردانی پەروەردەییدا ئامانجێکی دروستە، بەڵام دابەشکردنی رۆڵ و دەسەڵاتەکان پێویستی بە هاوسەنگییەکی ورد هەیە، سپاردنی سەرۆکایەتیی ئەنجومەن و بەشێک لە بڕیارە ئیدارییەکان بە کەسانی دەرەوەی کادری پەروەردەیی بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ئاستی شارەزایی یاسایی و کارگێڕی رەنگە ببێتە هۆی شێواندنی دەسەڵاتە بەڕێوەبەرایەتییەکان، بێجگە لەوەی بەرپرسیارێتییە یاسایی و داراییەکان پێویستیان بە ئامادەیی بەردەوام و شارەزایی پسپۆڕانە کە ئەمەش لە ئەرکێکی خۆبەخشانەدا تووشی شۆڕبوونەوەی هاندەر یان نادیاریی بەرپرسیارێتی دەبێتەوە.

سپاردنی سەرۆکایەتیی ئەنجومەن و بەشێک لە بڕیارە ئیدارییەکان بە کەسانی دەرەوەی کادری پەروەردەیی بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ئاستی شارەزایی یاسایی و کارگێڕی رەنگە ببێتە هۆی شێواندنی دەسەڵاتە بەڕێوەبەرایەتییەکان

سەرەڕای ئەمەش، سپاردنی بەشێک لە ئەرکە لۆجیستی و داراییەکان بۆ توانای بەخێوکاران یان کۆمەڵگەی ناوخۆیی، درز و کەلێنی نێوان ناوەندەکانی خوێندن لە گەڕەکە جیاوازەکاندا گەورەتر دەکات؛ چونکە خوێندنگەیەک لە ناوچەیەکی خاوەن توانای ئابووریی باش دەتوانێت بە ئاسانی سەرچاوەی دارایی دابین بکات، لە کاتێکدا خوێندنگەکانی ناوچە کەمدەرامەتەکان بێبەش دەبن، لە کاتێکدا ئەرکی بنەڕەتیی دامەزراوە پەروەردەیییەکان دابینکردنی هەلی یەکسانە بۆ هەموو خوێندکارێک بێ جیاوازیی جوگرافی یان کۆمەڵایەتی، هاوکات سپاردنی ئەرکی تەندروستی و ژینگەییش بە ئەنجومەنەکان، لە کاتێکدا زۆربەی بیناکان لە رووی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ژینگەی دەروونییەوە پێویستیان بە پاڵپشتیی راستەقینە و پسپۆڕانە هەیە، کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو رێنمایی و بڕیارەکان بەبێ تەرخانکردنی بودجەی تایبەت و راستەوخۆ بۆ ناوەندەکان، ناوەرۆکەکەیان لە چوارچێوەی دروشم و هێڵکارییەکاندا دەهێڵنەوە.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە داڕشتنەوەی سیستمی بەڕێوەبردن هەنگاوێکە پێویستی بە ژێرخانی بڕواپێکراو، پشتیوانیی دارایی سەربەخۆ و دیاریکردنی وردی سنووری بەرپرسیارێتییەکان هەیە، کاتێک دەوڵەت شانی خۆی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خوێندنگە بەتاڵ دەکاتەوە و بارگرانییە دارایی و کارگێڕییەکان دەخاتە سەر شانی خێزانەکان و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، ئەم بڕیارە وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار دەردەکەوێت؛ ئاماژەیەک کە گومان دروست دەکات ئامانجی شاراوەی وەزارەت دەستبەرداربوونی پلە بە پلەی حکومەت بێت لە کەرتی پەروەردەی گشتی و هێواش هێواش رەخساندنی زەمینە بێت بۆ تایبەتکردنی ناوەندە حکومییەکان، بۆیە تا ئەوکاتەی پاڵپشتیی دارایی راستەقینە و میکانیزمی بەکردارکردنی دروست فەراهەم نەکرێت، ئەم رێبەرە بەسەر کێشە قووڵەکانی پەروەردەدا وەک چارەسەرێک بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان نابینرێت، بەڵکو وەک شاردنەوەی قەیرانەکان لە پشت ناوە نوێیەکاندا دەمێنێتەوە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *