بۆ یادی هاوڕێم شەهید سەید بابای پارتیزان،داستانێك لە ورە، مێژوویەك لە نەبەردی و خۆڕاگری

شەهید بابا محەمەد سەعید ناسراو بە سەید بابا، لەدایكبووی ساڵی 1955ی خێزانێكی جوتیاری هەژار و كوردپەروەری گوندی (قەڵام مكایل)ی ناحیەی قادركەرەمی قەزای خورماتووی پارێزگای كەركوكە.
بەهۆی هەژاری و بارو گوزەرانی خێزانەكەی نەچۆتە بەرخوێندن، بەڵام وەك گەنجێكی چاوكراوە و هەستكردن بە گرنگیی خوێندەواری، لە كاتی پارتیزانیدا بەهاوكاریی هاوڕێكانی، خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین كرد و گەیشتە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری و رۆشنبیری.
لە سەردەمی مێردمنداڵیدا بۆ بژێوی خێزانەكەی هاوشانی باوكی شانی داوەتە بەر كاری جوتیاری و كرێكاری، هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە نیشانەكانی بە ئاگایی و گورجوگۆڵیی پێوە دیاربووە، هەر ئەوەش گەیاندییە ئەوەی لە خەمی خاك و نەتەوەكەیدا بێت و كاری بۆ بكات.
لە سەردەمی شۆڕشدا، ئەگەر كەسێك بیویستایە ببێتە پێشمەرگە، دەبوو پێشتر لە رێكخستنەكانی یەكێتیدا بوایە و پشتگیری هەڤاڵانی رێكخستنی پێبێت، یان دەبوو چالاكییەك لە دژی دوژمن بکات ئەوسا وەردەگیرا، شەهید سەید باباش بۆئەوەی لە پێشمەرگایەتی وەربگیرێت، سەرەتای ساڵی 1983 لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی (شەهاب) دوو هاووڵاتی (بولگاری) دەگرن و رادەستی هێزی پێشمەرگەیان دەكەن، ئیتر بەهۆی ئەو چالاكییەوە، وەردەگیرێت و لە كەرتی سێی هەمەوەندی تیپی 57ی سەگرمە دەبێتە پێشمەرگە.
ئەو جۆرە چالاكیانە بۆ ئەو سەردەمە زۆر گرنگ و كاریگەر بوون، لەو رێگەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتی ئەو هاووڵاتیانە دەكرا بۆ ئازادبوونیان، لەگەڵ ئەوەشدا باسی كورد و ئامانجی شۆڕشەكە و مافی گەلی كوردیان لەگەڵدا دەكرا، ئەوەش بە مەبەستی ناسینی پرسی كورد لای ئەو وڵاتانە تا فشارێك دروستبكەن لەسەر حكومەت عیراق.
شەهید سەید بابا لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا قارەمان و چاونەترس و لەخۆبردوو بوو، هەموو بەها جوانەكانی پێشمەرگەی تێدا بەرجەستە ببوو، نموونەی پێشمەرگەی رۆشنبیر و هێمن و بە ئەدەب و بەڕێز بوو، خۆشەویستی فەرماندە و هاوڕێ پێشمەرگەكانی بوو.
لە زۆربەی شەڕ و بۆسەی سەرجادە و گرتنی رەبایە و چالاكی ناو شار و شارۆچكەكانی (بازیان، تەكیەی كاكەمەند، چەمچەماڵ، سەنگاو، جەباری، قادركەرەم، نەوجول، قەڵخانلوو و خورماتوو) بەشداریی كردووە و رۆڵی بەرچاوی هەبووە، هەروەها بەشداریی داستانەكانی (بێتواتە، قەیوان-ماوەت، برزوت، بالۆسە، رزگاری، گڵەزەردە، دارەڕەش، دوودارە) و گرتنی ناحیەكانی (سەنگاو، قەرەداغ، قادركەرەم، قەڵخانلوو)ی كردووە.
لە قۆناغەكانی یەكەم و سێیەمی ئەنفالی جینۆسایدی گەلەكەمان لە ساڵی 1988دا، تا كۆتایی بەرگریی لە گوند و ناوچە ئازادكراوەكان كردووە و رۆڵی كاریگەری لە شەڕەكانی دژی سوپای ئەنفال هەبوو.
لەكشانەوەی هێزی پێشمەرگە و خێزانی پێشمەرگەشدا لە سێیەم قۆناغی ئەنفال، رۆڵی قارەمانانە و فریادڕەسانەی بینی لە چاوساغی و دەربازكردنی سەدان كەس بۆ ناوچەكانی هەمەوەند و چەمچەماڵ و قەڵاسێوكە، لەدوای كۆتایی هاتنی قۆناغی سێی ئەنفال و كشانەوەی پێشمەرگە بۆ سەر سنوورەكان كە بووە هۆی چۆڵبوونی گوندەكانی سنووكەرە، شەهید سەیدبابا لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندە و پێشمەرگەی قارەماندا، بڕیاری مانەوەیاندا بۆ درێژەدان بە خەباتی سەختی پارتیزانی و تا راپەڕین دانەبڕا، لە پارتیزانیدا لەگەڵ دەستەكەی شێخ كەریم بوو لە ناوچەی گەرمیانی سوتماك و وێرانكراودا.
لەو خەباتە سەخت و دژواردا، شەهید سەید بابا پێشمەرگەیەكی ئازا و چاوكراوە و بەئەزموون بوو، شارەزایی زۆری هەبوو لە هونەری خۆشاردنەوە و كۆكردنەوەی پێداویستییەكاندا، دەتوت كتومت بۆ خەباتی پارتیزانی خوڵقاوە، بەداخەوە هەر لە كاتی پارتیزانیدا بەهۆی خواردنی ماوەبەسەرچووەوە، تووشی نەخۆشی كۆئەندامی هەرس بوو و لە ئێران نەشتەرگەری بڕینی گەدەی بۆكرا.
لە راپەڕینی ساڵی 1991دا رۆڵی كاریگەری هەبوو لە رزگاركردنی شار و شارۆچكەكانی كوردستان تا رزگاركردنی شاری كەركوك، دوای راپەڕین كرا بە فەرماندەی تیپ و جێگری فەرماندەی بەتالیۆن و فەرماندەی بەتالیۆنی سەنگاو، لە پێكهێنانی سوپای یەكگرتووی كوردستانیشدا لە ساڵی 1993، كرا بە فەرماندەی فەوجی تایبەتی سوپای كوردستان، دووجاریش بریندار كراوە، بەداخەوە، شەوی 24\25-8-1994، لە شەڕێكدا لە قەڵادزێ، شەهید كرا.
سەید بابا جگە لەخۆی، مەهدی و ئیسماعیلی براشی لە ئەنفالدا شەهید بوون، عیسمەتی خوشكی لە كۆڕەودا شەهید كراوە، خالیدی براشی كە كادرێكی دیاری رێكخستن بوو، بەنەخۆشی كۆچی دوایی كردووە.



