نووسەرێکی عەفرینی، چەند کتێبێكی لەسەر مێژووی کورد و کێشەی کورد لە سوریا نووسیوە

نووسەرێکی کورد لە عەفرین، به‌رده‌وام له رێگه‌ی چاپكردنی کتێب و کۆکردنەوەی سەرچاوە مێژووییەكانه‌وه، هه‌وڵی تۆمارکردن، نووسینی بەشێک لە مێژوو، ناسنامە و ژیانی کۆمەڵایەتی کوردانی رۆژئاڤای کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی عەفرین و چیای كرمانج داوه.
له‌وباره‌یه‌وه دکتۆر مەحمود عەبدو نووسه‌ری دیاری رۆژئاڤای كوردستان له شاری عه‌فرین، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له گۆڤار و رۆژنامەی کوردی، وەک ئازادی و نەورۆز کارم کردووە، لە هەمانکاتدا سەرنووسەری گۆڤار و رۆژنامەکانی پرس و نەورۆز و ژمارەیەک گۆڤار و رۆژنامەی کوردی دیكه بووم.
گوتیشی: یه‌كه‌م كتێبم به‌ناوی (تاریخ سوریا القدیم ـ المركز) به ناوی رۆزاد عه‌لی چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه ساڵی 1996، وه‌ك وەڵامێك بۆ نووسەرێکی عەرەب کە هەوڵی شێواندنی مێژووی کوردی لە دەوڵەتی سوریادا دابوو، هەروەها نزیکەی 11 کتێبم بە زمانی کوردی و عەرەبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، وه‌ك کتێبه‌كانی چیای كرمانج لە عەفرین، ئێزدی و ئێزدیاتی لە باکوور و رۆژئاڤای سوریا، رۆژئاڤای کوردستان ـ دەوڵەتی سوریا، کورد و قەیرانی سوریا، لەگه‌ڵ چه‌ند کتێبێكی دیكه.
نزیکەی 11 کتێب بە زمانی کوردی و عەرەبیی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، وه‌ك کتێبه‌كانی چیای كرمانج لە عەفرین، ئێزدی و ئێزدیاتی لە باکوور و رۆژئاڤای سوریا، رۆژئاڤای کوردستان ـ دەوڵەتی سوریا، کورد و قەیرانی سوریا، لەگه‌ڵ چه‌ند کتێبێكی دیكه
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كتێبێكی دیكه‌م به‌ناوی (چیای كرمانج و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتی) ساڵی 2008 چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه، لە کتێبەکەمدا باس لە مێژووی دێرینی چیای كرمانج له عه‌فرین تا ئەمڕۆ دەکرێت، بەتایبەتی ناوی گوندەکانی سنووری شاری عەفرین و تایبەتمەندییه‌كانی گوندە کوردییەکانی عەفرین و ناوی شاخ و رووباره‌كانی سنووری عه‌فرین له‌خۆده‌گرێت.
د.مه‌حمود، ده‌شڵێت: کتێبخانەیەکی تایبەتم هەیە لە ماڵەکەمدا کە نزیکەی 500 کتێبی کوردی و عەرەبی لەخۆدەگرێت كه شوێنی خوێندن و لێکۆڵینەوەی رۆژانەی خۆمه، هەروەها كتێب و كتێبخانه‌كه‌م دەتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی رۆشنبیریی و زانیاری بۆ خوێندکاران بەکاربهێنرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وەک نووسەرێکی کورد لە عەفرین، بەردەوام هەوڵمداوە بەشێک لە مێژوو، ناسنامە و ژیانی کۆمەڵایەتی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان لە رێگەی نووسینی كتێب، رۆژنامەگەری و کۆکردنەوەی سەرچاوەکانەوە تۆمار بکەم و بیپارێزم.
له كۆتاییدا گوتی: خۆشبەختانە ئێستا بارودۆخی زمان و نووسینی کوردی زۆر باشترە وەک لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد، ئێمە به‌بێ ترس و لێپێچینەوە بە کوردی قسە دەکەین و دەنووسین، هیوادارین باشتریش بێت.
دکتۆر مەحمود عەبدو نووسەر و رۆژنامەنووسی دیاری کورد، ساڵی 1956 لە گوندی (درندێ)ی سه‌ر به شارۆچكه‌ی عەفرین، لە خێزانێکی کوردپەروەر لەدایکبووە و قۆناغه‌كانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە عه‌فرین تەواو کردووە، دواتر بڕوانامه‌ی پزیشكی له زانکۆی حه‌ڵه‌ب بەدەستهێناوە.






