شەهید فەتاح گەرمكی

لێرەدا كە دەمەوێ چەند وشەیەك بۆ گیانی بەرزی شەهید فەتاح بنووسم، بە دەرفەتی دەزانم باسی قوربانی و ماندووبوونی بنەماڵەكەشیان بكەم، خانەوادەی مام حەمە ساڵح گەرمكی، بە درێژایی خەباتی كوردایەتی و شۆڕشەكانی كورد، بەشداریی كاریگەرانەیان كردووە، لاوەكانیان لە رابردوو و ئێستاشدا بەردەوامن لە تێكۆشان، هەمیشە رۆڵ و پێگەی دیاریان لە شۆڕشەكاندا هەبووە، دڵسۆز و خاوەن ئینتمای بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانین، بەتایبەت لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، ئەم خانەوادەیە هەمیشە لەبەرەی خەبات و بەرخودان بوون و هەر لەسەر رێبازی (مام) دوو كوڕی مام حەمەساڵح لە پێناو كوردستاندا شەهید كراون.
شەهید فەتاح سەرەتا پەیوەندیی بە رێكخستنەوە كردووە و دواتریش لە كاتی سەربازیدا، چەكێكی كڵاشینكۆفی سیخۆی بردووە و بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 86ی دەشتی هەولێر، بەداخەوە تەنیا چوار مانگ پێشــمەرگە بوو، دواتر لە چالاكییەكدا و شەوی 16\17-10-1982، شەهید كرا.
ژیاننامەكەی
شەهید فەتاح حەمەساڵح حەمەدەمین ئیسماعیل، لەدایكبووی ساڵی1957ی گوندی (گەرمك)ی قەزای تەقتەقی پارێزگای هەولێرە، ساڵی 1981 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، مانگی حوزەیرانی ساڵی 1982 كە سەرباز بووە لە سنووری قەزای رواندز، تفەنگێكی كڵاشینكۆفی جۆری سیخۆی بردووە و پەیوەندیی كردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە كەرتی شەهید ئەحمەد قەمبەری لە تیپی 86ی دەشتی هەولێر، لەماوەی چوار مانگی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی چەند چالاكییەكی سنووری تیپەكەی كردووە و كوڕێكی ئازابووە، بەداخەوە، شەوی 16\17-10-1982 لە چالاكییەكی هاوبەشی تیپەكانی 86ی دەشتی هەولێر و 21ی كەركوكدا، لە گوندی (قەرەبەگ)ی سنووری پردێی پارێزگای كەركوك، شەهید كرا، جگە لەخۆی برایەكیشی بەناوی كەمال، شەهیدە.



