دادگاى عێراق بڕیارى دەستبەسەرداگرتنى ماڵ و سامانى بازرگانێکى کوردى دەرکرد

دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی بازرگان ئومێد حاجی ئەحمەد کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
بڕیاری دادگا و تۆمەتەکانی گەنجینەی ئەمریکا
- بڕیارەکەی دادگا بەپشتبەستن بە ئەحکامەکانی ماددەی 121ی یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە.
- وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی 2025 سزای بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتیی نەوتدا سەپاند.
- سەلیم ئەحمەد سەعید ناسراو بە ئومێد حاجی ئەحمەد، بازرگانی عێراقی-بەریتانی و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی عێراقی لەناو تۆڕەکەدا بوون.
- تۆمەتەکان بریتی بوون لە فرۆشتنی نەوتی ئێران لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بە ناوی نەوتی عێراقەوە.
- کارەکان لەڕێگەی بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە و پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەنجامدراون.
میکانیزمی قاچاخچێتی و دابینکردنی داهات
ئەم بازرگانە گرووپێک کۆمپانیای بەڕێوەبردووە کە کاریان تێکەڵکردنی نەوت و گواستنەوەی بووە لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە بە مەبەستی شاردنەوە و چەواشەکردنی سەرچاوەی بارە نەوتییەکان.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم بازرگانە کوردە لەڕێگەی ئەم تۆڕە نێودەوڵەتییەی قاچاخچێتیی نەوت و بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختەوە، ملیارەها دۆلار داهاتی بۆ فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دابین کردووە.



